زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
بەهۆی رووخانی ئەسەدەوە بازاڕی دراو و زێڕ لە ئێران شێواوە
بازاڕی زێڕ و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە ئێران دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد تووشی بەرزبوونەوەی نرخ بووە.
دۆلار ٧٢ هەزار تمەنی تێپەڕاند، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم هەڵاوسانە بەهۆی هەست و سۆزی سیاسی هەرێمایەتییەوەیە و هیچ هۆکارێکی ئابووریی نییە.
بەرزبوونەوەی دۆلار کاریگەری هەبووە لەسەر گەشەی نرخەکان، کە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاوسانی زیاتر و ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی کاریگەرییە درێژخایەنەکان لەسەر بەرهەمهێنان و بژێوی دروستکردووە.
تەجارەت
کێشەی کەڵەکەبووی دەیان ساڵە بە 100 رۆژ چارەسەر ناکرێت
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند: کێشەکانی کۆمەڵگا تەنها بە گفتوگۆ و گوێگرتن لە بۆچوونەکان چارەسەر دەکرێن، گوێگرتن و لێکتێگەیشتنی یەکتریش تەنها مانای قسەکردن نییە.
موهاجیرانی گوتیشی: بەبێ پشتیوانیی خەڵک هیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت و دەبێت کار بۆ خەڵک و لەگەڵ خەڵک بکەین.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کێشەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی حکومەتی ئێستا نین بەڵکو ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکانی ساڵانی رابردوون، لە ماوەی کورتخایەن چارەسەر ناکرێن.
ئارمانی میللی
دەبێت حکومەتی نوێی سوریا قەرزەکانی ئەسەد بە ئێران بداتەوە
حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، شرۆڤەکاری پرسە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا دەڵێت، ئێران بڕیارێکی دروستی داوە کە دەستوەردان لەو پێشهاتانە نەکات.
فەلاحەت پیشە دەڵێت، پێویستە بە شێوەیەکی شەفافانە هەموو ئەو خەرجییانەی ئێران لە سوریا کردوونی، لە حکومەتی نوێدا لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە ئێران بە ئاشتییانە لەگەڵ حکومەتی نوێ لە دیمەشق دانوستان بکات، هەموو قەرزەکانی وەربگرێتەوە.
ئاسیا
رێژەی باران 17% دابەزیوە و قەیرانی بۆ بەنداوەکان دروستکردووە
عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران رایگەیاند: لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە تا ئێستا باران بە رێژەی ١٧٪ کەمیکردووه، تەنیا ٢٠٪ی بەنداوەکانی ئێران ئاویان تێدایه.
تا ئێستا رێژەی بارانبارین لە وڵاتدا ٣٥ ملم بووە، کە ٢٣٪ کەمترە لە دۆخی ئاسایی.
هەروەها بزورگزادە جەختی لە گرنگیی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاو کردەوە و گوتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ریسایکلینی ئاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ناتەبایی نێوان دابینکردنی ئاو لەگەڵ خواست و پێداویستییەکاندا.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل تاوتوێى لێدانی یەمەن دەکات
دەستەى پەخشى عیبریی ناسراو بە (کان 11) لەسەر زارى یەکێک لە گەورە بەرپرسانى ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، سوپا لە تاوتوێدایە بۆ لێدانی حوسییەکانى یەمەن، دامەزراوە ئەمنییەکانى وڵاتەکەیان لە پەیامەکەیان بە باشى تێدەگەن کە بۆچى لەم ساتەوەختەدا ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.
لە لایەکی ترەوە دوێنێ حوسییەکان پشتڕاستى هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، بەو هۆیەوە ئاگرێکى گەورە لە یەکێک لە باڵەخانە بەرزەکانی ئیسرائیل کەوتووەتەوە.
حوسیەکان گوتویانە ئەو هێرشە لە پێناوى پشتیوانى و سەرخستنى گەلى ستەملێکراوى فەڵەستیندایە و بەرپەرچدانەوەى ئیسرائیلە بۆ ئەو هێرشانەى رۆژانە دەیکاتە سەر غەزە.
عەرەب
چوار ئاستەنگی سەرەکی لە بەردەم دەسەڵاتی نوێی سوریا هەیە
دواى نیوسەدە زیاتر لە فەرمانڕەوایی بنەماڵەى ئەسەد لە سوریا، سەرەڕای چەوساندنەوە، ستەم، جیاکاریی، سەپاندنى دۆخی ئەمنى بەسەر هاووڵاتیاندا، دواجار کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هات، ئێستا دەستەبژێرانى سیاسی سەرقاڵی بونیادنانەوەى پەیکەرى سیاسی و کارگێڕیی وڵاتەکەیانن.
هەمووان لە چاوەڕوانى بەڵێی ئۆپۆزسیۆنن کە بوونەتە هۆی روخاندنى ئەو رژێمە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو چاوەکان لەسەر ئەبو محەمەد جۆلانى پێشو و ئەحمەد شەرعى ئێستان.
دەسەڵاتى نوێ لەبەردەم چوار ئاستەنگی گەورەدایە، یەکەمیان چەسپاندنى دەسەڵات، پێدەچێت ئەم قۆناغەش لە بەرژەوەندى کوردەکان بێت، دووەم دانپێدانانى نێودەوڵەتی، سێیەم پێکهێنانى حکومەتى نوێیە کە دونیابینى و پلانەکانى داهاتووى بە ئاشکرا بخاتە ڕوو بۆ ئەوەى نەبێتە هۆی سەرهەڵدانى توندڕەویی لەناوچەکەدا، چوارەمیش پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە کە ماوەیەکى زۆرە بەهۆی جەنگەوە نەماون یان زۆر کەمبوونەتەوە.
عەرەبى جەدید
لە دوو مانگدا لە میسر چوار هەزار کەس بەتۆمەتى تیرۆر دراونەتە دادگا
سەرچاوەیەکى دادوەریی باڵا لە دامەزراوەى داوکارى گشتیی میسر ئاشکراى کردووە، تەنها لە ماوەى دوو مانگى تشرینى یەکەم و دووەمدا و لە 38 دۆسیەدا کە پەیوەندییەکان بە گروپە توندڕەوەکانەوە هەیە، چوار هەزار کەس دراونەتە دادگا.
لەنێویاندا چەندین کچ و ژن هەن و زۆرینەیان لە کەسوکارى تۆمەتبار و زیندانى کراوە سیاسییەکانن، محەمەد شەوقى عیاد داواکارى گشتیش رایگەیاندووە زۆرینەى ئەو دۆسێیانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 2017 تا 2022، زۆرینەى سزاى ئەو کەسانە لە دوو ساڵ تێپەری نەکردووە.
قودسى عەرەبی
عەلەوییەکان داواى هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێ دەکەن
لە ناوەڕاستى شاری قەرداحەى زێدى ئەسەدییەکان خەڵک هەڵیانکوتایە سەر پەیکەرەکەى حافز ئەسەد و هێنایانە خوارەوەو شکاندیان، لە هەمان کاتدا شێخ و ریش سپی و کەسە دیارەکانى عەلەوییەکانى ئەو شارە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا داوایانکرد، لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدرێتەوە، حکومەتى نوێ لێخۆشبوونێکى فراوان رابگەیەنێت، رێگە بدرێت هەموو ئەو کەسانەى لە رابردوودا وڵاتیان بەجێهێشتووە بگەڕێنەوە، کارئاسانى بکرێت بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان، رێگریی بکرێت لە هەڵگرتنى چەکى بێمۆڵەت.
هەر لە دواى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤیدیۆیە ئیدارەى قەرداحە کە ئۆپۆزسیۆن دروستیکردووە، بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ ئەو سەربازانە دەرکرد کە وەک خزمەتى زۆرەملێی سەربازیی چەکدار کراون، بەڵام سووربوون لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن تاوانیان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بەهۆی مەترسیی تیرۆر کەیسەکانی پەنابەری راگیران
سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت لەپاش کەوتنی دەسەڵاتی سوریاوە، گرفتێک بۆ بەڕیتانیا دروست بووە، جیهادییەکان دەگەڕێنەوە بەڕیتانیا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار بە رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی گوتووە، بەریتانیا سەیرکردنی داوای پەنابەریی هەموو ئەو کەسانەی راگرتووە، کە لە پاش کەوتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاوە دەگەنە بەریتانیا.
سەدان جەنگاوەری جیهادیی بەریتانی هەبوون لە باکووری سوریا لە ژێر دەستەڵاتی کورد لە زیندانەکاندا بوون، کەوتنی ئەسەد بووە هۆی ئازادبوونیان.
ئەگەر ئەمانە بگەڕێنەوە بۆ بەڕیتانیا کێشە دروست دەکەن.
تایمز
ئەوەی لە پەتی سێدارە رزگاری بووە لە سیدنایا بۆی دەگەڕێن
هەزاران خەڵکی مەدەنی رژانە زیندانی بەدناوی سیدنایا لە دەوروبەری دیمەشق، هەموویان بەدوای ئەوەدا دەگەڕان نیشانە و ئاماژەیەکیان لەبارەی کەسوکارە زیندانیکراوەکانیانەوە دەست بکەوێت.
ئەوێ شوێنێکە هەزاران خەڵکی تێداکوژراوە و ئەشکەنجەدراوە، خەڵکی دەیانویست لەناو شوشەی شکاو و دیواری روخاو و وێرانەکانی ئەوێدا بەڵگەیەک بدۆزنەوە، کە لەبارەی چارەنووسی کەسوکارە زیندانیکراوەکانیانەوە شتێکیان پێبڵێت.
ئۆرشەلیم پۆست
بونیادنانەوەی باکوور پێنج ساڵ کارکردنی دەوێت
دوو هەفتەیە شەڕ وەستاوە و هێشتا مەدەنییەکان هەر بە پەرش و بڵاوی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر شوێن و ناوچەی خۆیان.
پەیامێکی هاوبەش لە ئەنجومەنی شارەوانی و دانیشتوانی هەردوو ناوچەی مەتووڵا و کیرەییات شەموونەوە گەیشتووە، دەڵێن گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە و نیشتەجێبونەوەیان لە نیشتمانی خۆیان لە چەند مانگێک یان ساڵێکدا روونادات.
چواردە مانگ شەڕکردن ئەو شوێنانەی وێران کردووە، ئەم خەڵکە بۆئەوەی بتوانن جارێکی تر جێگیرببنەوە پێنج ساڵی تر کاتیان پێویستە.
مۆرنینگ ستار
ئیسرائیل داگیرکاری پێیە و داوای ئاشتی دەکات
دوێنێ ئیسرائیل سەرکۆنە کرا، کە لە کاتی کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سوپای ئیسرائیل بە هەلی زانیوە بەشێکی خاکی سوریای داگیرکردووە.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرکوەزیرانی ئیسرائیل لەناو خاکە داگیرکراوەکەوە گوتی، سوپای وڵاتەکەی دەستی بەسەر ناوچەی دابڕاوی دەوروبەری جۆلان گرتووە، کە لە ساڵی ١٩٧٤ـدا ئەو دوو وڵاتە لەسەری رێککەوتوون ئەو شوێنە لەنێوانیاندا ئاگربڕ بێت.
نەتانیاهۆ گەیشتە بەرزاییەکانی جۆلان و لەوێوە بە گوتارێکی کورت پەیامێکی بۆ خەڵک و پێکهاتەکانی سوریا نارد و داوای ئاشتیی لێکردن، بەڵام خاکەکەیانی داگیرکردبوو.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
مەنبج تەواوبوو نۆرەی رەقەیە
سوپای نیشتیمانیی سوریا مەنبجی کۆنترۆڵ کرد، ئێستا پەکەکە لە بەری رۆژئاوای فورات نەماون، هەموو بۆچوونەکان بەو ئاڕاستەیەن ئامانجی داهاتووی سوپای نیشتیمانیی سوریا، رەقە دەبێت.
سۆزجو
سوریا لانیکەم بۆ سێ پارچە دابەش دەبێت
ناوچەی کوردی، عەرەبی سوونی، عەرەبی عەلەوی، لە نزیک سنووری ئوردنیشەوە کۆمارێک بۆ دروزیەکان دروست دەکرێت.
یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات دەمێنێتەوە، چونکە ئەمریکای لە پشتە، جگە لەوەی پاڵپشتیی ئیسرائیل و باکووری عێراقیشی هەیە. ئۆپەراسیۆنیش ئەجام بدرێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابێت.
تەحریری شام بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمریکا، پێدەچێت ئامادە بێت ئۆتۆنۆمی بداتە یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات، کەسیش ناتوانێت چیتر رێگە لەم پرسە بگرێت.
ئاکشام
گەڕانەوە بۆ ئازادی دەستیپێکرد
ئەو ئاوارە سوریانەی لە دەست ستەمی ئەسەد رایانکردبوو، لە ئێستا بە دەم نزاکردنەوە بۆ تورکیا، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
لە خاڵە سنوورییەکان ریز و نۆرە دروست بووە بۆ گەڕانەوە، هەندێکیان دەست بە نزا بۆ تورکیا دەگەڕێنەوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانی رابردوو لە ئەو وڵاتە هاوکاری کردون.
چاوەڕێ دەکرێت لە یەکەم قۆناغدا یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە بگەڕێنەوە بۆ سوریا .
جمهوریەت
با بودجە بۆ هەژاری تەرخان بکرێت
کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی ٢٠٢٥ دەستی پێکرد، ئۆپۆزسیۆن هەڵیکوتایە سەر دەسەڵات، ئەوەتا جەهەپە لە زاری ئۆزگور ئۆزەل-ی سەرۆکییەوە داوا دەکات بودجە بۆ هەژاران تەرخان بکرێت، لەکاتێکدا ئەمڕۆ پرسی کەمترین موچەی خانەنشین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.