زووم..
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی هۆشداری لە دواکەوتنی زیاتری مووچە دەدات و بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناچارمان مەکەن جارێکی دیکە ببینەوە پێشڕەوی خەڵک بۆ ڕاماڵینی ئەم حکومەتە نا بەرپرسە.
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ساڵانێک بە سەرما و گەرما، ڕۆژ و شەو بە شاخ و کێوەکانی کوردستانەوە بوون، خوێنیان رشت و گەنجی و تەمەنی خۆیان کردە قوربانی داهاتووی کوردستانێکی ئازاد، بۆئەوەی لە سایەی حکومەتێکی دیموکراسی کوردیدا بحەسێنەوە، لەم پێناوەدا بێباک بوون لە شەهیدبوون و هەزاران هاوخەباتیان لە زیندانەکانی بەعسدا ئەشکەنجە دران و لە سێدارەدران.
دوای ئەم قسانە کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی دەڵێت، نە خۆیان و نە ڕۆڵەکانیان نە حەساونەتەوە، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە هەمووان لە دڵەڕاوکێی ئەوەدان چۆن کرێی خانوو، مۆلیدە، کارەبا و ئاوبدەن و چۆن دەرمانی زەخت و شەکرە و نەخۆشیە درێژ خایەنەکانیان بکڕن و چۆن ئێواران نانی گەرم بخەنە سەر سفرەکانیان.