زووم..
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، رەنگە ئیدارەی ئەمریکا بیر لەوە بکاتەوە دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت بەئامانجی ئەوەی سوریا بتوانێت ئارام و سەقامگیر ببێت.
رۆژنامەکە لە زاری پەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵێت، “ئەگەرێک هەیە دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەربهێنریت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت تا سەقامگیری سوریا زامن بکرێت.”
راپۆرتەکەی واشنتن پۆست لەکاتێکدایە ئەمریکا لەساڵی 2018ەوە دەستەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و 10 ملیۆن دۆلاریشی لەسەر سەری ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکە داناوە، بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی بدات لەسەر شوێن یان هەر زانیارییەکی دیکە کە ئاسانکاری بکات بۆ دەستگیرکردنی.
دەستەی تەحریری شام کە بە مانای “دەستەی ئازادکردنی شام” دێت، لقێک بوو لە ئەلقاعیدە پێش ئەوەی لەساڵی 2016 خۆی جیابکاتەوە لە رێکخراوەکە. تەحریری شام سەرەتا لەساڵی 2012 لەژێر سەرکردایەتی جۆلانی بەناوی بەرەی نوسرە دروستبوو.
لە سەرەتای ساڵی 2017 بەرەی نوسرە ناوەکەی گۆڕا بۆ دەستەی تەحریری شام و رایگەیاند، کە بە دیدگایەکی نوێوە بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمەش بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی ئەنجامدرا.
ئەبو محەمەد جۆلانی کێیە؟
جۆلانی تەمەن 42 ساڵ سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شامی کرد بۆ رووخانی رژێمەکەی ئەسەد لەماوەیەکی کورتدا کاتێک توانی پێشرەوییەکەی خێرا لە سوریا بکات و تەنها لەماوەی زیاتر لە 10 رۆژدا کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد بهێنێت.
میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن لەدوای دامەزراندنی تەحریری شام، جۆلانی بە سەختی کار بۆ ئەوە دەکات خۆی بەدووربگرێت لە بیروبۆچوونە تووندئاژۆکانی سەردەمی قاعیدە و هەوڵی نیشاندانی وێنەیەکی میانڕەو بە جیهان دەدات.
هەرچەندە پێشتر بە “تیرۆرست” ناودەبرا، بەڵام ئێستا کە سەرکردایەتی کۆنتڕۆڵکردنی سوریا دەکات وادەردەکەوێت لە گەڵ دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنی و پاراستنی مافی کەمینەکانی سوریادایە.
ئەم بیروبۆچوونانەی لە چاوپێکەوتنەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەروونی دەرکەوت کاتێک لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن قسەی کرد و باسی لەوە کرد، ئامانجیان رووخاندنی رژێمی ئەسەد و دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنییە بۆ سوریا، تەنانەت ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی گروپەشی کرد لەحاڵەتی ئەوەی سوریا “سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوە”ـیی بۆ فەراهەم بکرێت.
لەبارەی ئەوەی چۆن بیروبۆچوونی گۆڕاوە و ئێستا قسەکانی میانڕەوانە دەردەکەوێت، جۆلانی گوتی: کەسێک لە تەمەنی بیستەکانیدا کەسایەتییەکی جیاوازی دەبێت لە کەسێک لە سییەکان و چلەکانی تەمەنیدا، ئەمە بۆ کەسێک لە پەنجاکانی تەمەنیشدا بێت هەر راستە. ئەمە سرووشتی مرۆڤە.