رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
ئەردۆغان: تەنها من و پوتین وەک دوو سەرۆکی جیهانی ماوینەتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، گۆڕانکاری گەورە لە جیهاندا روودەدات. سێ مانگی داهاتوو پڕۆسەیەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ تورکیا و هەنگاوی دیبلۆماسی گەورە دەنێین.
گوتیشی لەئێستادا تەنها من و پوتین ماوین وەک دوو سەرۆکی جیهانیی لە ناوچەکەدا.
ئاکیت
داوادەکرێت تورکیا لەخاکی سوریا نەکشێتەوە
مستەفا دەستیجی سەرۆکی گشتیی پارتی یەکگرتووی گەورە سەبارەت بە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا رایگەیاند، لەم قۆناغەدا پێویستە تورکیا لەو ناوچانەى سوریا نەکشێتەوە کە پێشتر لەلایەن سوپاوە کۆنتڕۆڵی کردووە. راشیگەیاند، دەبێت تورکیا رۆڵی خۆی لە سوریای نوێ بگێڕێت.
یەنی بیرلیک
تورکیا پەنابەرە سورییەکان دەنێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان
لەپاش روخانی رژێمی ئەسەد بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە چوار ملیۆن پەنابەری سوری لە وڵاتەکەیان رایانگەیاندووە سورییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
جەودەت یڵماز یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سوریا وڵاتی سورییەکانە. لەپاش مەینەتی و ئازارێکی زۆر ئێستا قۆناغێکی نوێ بۆ سورییەکان دەستیپێکردووە.
هاوکات هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سوریا ئازادە و ئیتر سورییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
تورکگون
تورکیا رێگە بە پەکەکە نادات لە سوریا دەوڵەت دابمەزرێنێـت
یەشار یڵدرم یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، بۆ سەقامگیریی تورکیا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین پەکەکە لە سوریا دەوڵەتێک دروست بکات.
گوتیشی پەکەکە دوژمنی تورکیایە و دەبێت ئۆپراسیۆنەکان لەدژیان بەردەم بێت.
یڵدرم دەشڵێت، تورکیا چاوی لە خاکی هیچ وڵاتێکی دیکەوە نییە و دەربارەى گۆڕانکارییەکانی سوریاش ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریاین.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
روسیا مافی پەنابەری دەدات بە ئەسەد
دواى ئەوەى بەرەبەیانى دوێنێ دواى پەنجاو سێ ساڵ دەسەڵاتى ئەسەدییەکان و حزبی بەعس کۆتایی هات، هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانى سوریا رژانە سەرشەقامەکان و خۆشی و شادییان دەربڕیی و پەیکەر و وێنەکانی سەرۆکی سوریایان فڕێدایە خوارەوە و ئاگریان تێبەردا.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، مۆسکۆ مافى پەنابەریی مرۆیی بەخشیوەتە بەشار ئەسەد و خێزانەکەى.
دواى دیارنەمانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک و بڵاوبوونەوەى چەند دەنگۆیەک بەڵام دەمەو ئێوارە یەکشەممە سەرچاوەیەکى ئاگاداری مۆسکۆ بە ئەنتەرفاکسى روسی راگەیاند، مافى پەنابەرییان داوە بە بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەى.
هەر پەیوەست بە روخانی حکومەتەکەی ئەسەد، جۆ بایدنى سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روخانى رژێمى ئەسەد کارێکى باش بوو بۆ چەسپاندنى دادپەروەریی و روسیا داواى لە ئەنجومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتى کردووە ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەویەکى نائاسایی لەبارەى دۆخی سوریاوە ئەنجام بدات.
عەرەب
روداوەکانى سوریا ئۆپۆزسیۆنى میسرى دەبوژێنێتەوە
بزوتنەوەى مەدەنی دیموکراتی کە بەشێکى زۆری ئۆپۆزسیۆنى میسرى لەخۆی کۆکردوەتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەیان دەکەن زیندانیانى سیاسی و ئەوانەى لەسەر راى جیاواز دەستگیرکراون ئازادبکات.
رۆژنامەکە نوسیویەتى، لە رۆژانى داهاتوودا ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەیەکى فراوان سازدەکات و تیایدا بە فەرمی داوادەکات زیندانیانى سیاسی ئازادبکات و تیایدا ئاماژە بەوە دەدەن، هەر دەسەڵاتێک گوێ بە گەلەکەى نەدات چارەنوسى لە بەشار ئەسەد باشتر نابێت.
کۆبوونەوەى ئەمجارەى بەرەى ئۆپۆزسیۆن دواى مانگێک دێت لە کۆبوونەوەى تایبەتى رێکخستنى خۆپیشاندانێکى سەرتاسەریی بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات بە مەبەستى ئازادکردنى زیندانییەکان.
سەباح
عێراق دەروازەیەکى سنووریی نوێ لەگەڵ سعودیە دەکاتەوە
موهەند عیتابی پارێزگاری موسەنا رایگەیاند، پێش هاتنی وەزری نوێی حەج، لە سنوورى پارێزگاکەیانەوە دەروازەی جومەیمە دەکەنەوە، کە گرنگییەکى گەورەى هەیە بۆ حاجیانى عێراقى و جوڵەى بازرگانى نێوان سعودییە و عێراق.
راشیگەیاند، زۆرینەى ئامادەکارییەکان تەواو بوون لە هەردوو وڵاتەوە، کۆمپانیاى ئاشوور کە پرۆژەکە جێبەجێ دەکات بڵاویکردوەتەوە 23 کیلۆمەترى رێگەکەیان تەواوکردووە و 216 کیلۆمەتریان ماوە ئامادەبکرێت کە بە مەملەحە و سەلمان دا تێدەپەڕێت تا دەگاتە سنووری جومەیمە.
مەدا
ئاوارە سورییەکانى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ نیشتیمان
دواى تێپەڕبوونى 13 ساڵ بەسەر ژیانى ئاوارەیی، بەشێک لە هاووڵاتیانی سوریی و لەپاش روخانى رژێمەکەى ئەسەد سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لەنێو ئاوارەکاندا بیرۆکەى گەڕانەوە بۆ نیشتمانى خۆیان بووەتە بابەتى رۆژەڤ و دەڵێن، نیشتمان هیچ جێگرەوەیەکى نییە.
سەرچاوەعێراقییەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەى نیو ملیۆن هاووڵاتى سوریی لە عێراقدا ماونەتەوە، زۆرینەیان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانن.
رۆژنامەى مەدا نوسیویەتى، ئاوارەکانیش وەک زۆرینەى شارەکانى سوریا خۆشحاڵیی خۆیان بە کەوتنى بەشار ئەسەد دەربڕیوە. بەگوێرەى ئامارێکى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان 260 هەزار هاووڵاتى بەفەرمیی ناویان لاى ئەوان تۆمارکراوە، بەڵام ژمارەیەکى زۆریش هەن لە هەرێمی کوردستان و بەغداد کە ناویان تۆمار نەکراوە، سەرچاوە ناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقیش ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە 600 هەزار کەس، جیاوازیی ژمارەکەش بۆ گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییانەى رۆژاڤاى کوردستان دەگەڕێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
کەوتنێکی تر، ئەسەد کرایە دەرەوە
دوای 50 ساڵ فەرمانڕەواییکردن رژێمەکە رووخا، سوورییەکان کە بێداربوونەوە خۆیانیان لەناو حەقیقەتێکی نوێدا بینییەوە، سەیردەکەن ” تەحریر شام” سەرکردایەتییان دەکات.
ئەسەد و خێزانەکەی گەیشتوون بە روسیا لەوێ مافی پەنابەرییان داواکردووە.
سعودیە داوادەکات سوورییەکان نەکەونە ناو گێژاوی شەڕی ناوخۆوە، لەم نێوەندەدا ئیسرائیلیش دەستیگرت بەسەر ناچەی دابڕاوی جۆلاندا.
رۆژی یەکشەممە، بەروارێکی مێژوویی بوو بۆ تەواوی خەڵکی سوریا، ئەوانەیان کە ئاوارەی وڵاتان بوون و ئەوانەشیان کە لەناوخۆی وڵاتەکەدا ماون. لەگەڵ بێداربونەوەیان لە بەیانیدا سەیردەکەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کۆتایی پێهاتووە. ئەم حکومەتە ماوەی پەنجا ساڵ بە زەبروزەنگ حوکمی ئەو وڵاتەی کردوە
فاینەنشیەڵ تایمز
شەقامەکانی دیمەشق پڕبوون لە ئاهەنگی دەربڕینی خۆشی
ئەو شەقامانەی ناو شاری دیمەشق دەگەنەوە بە ناوەندی شار، هەمویان لە ئێستادا پڕن لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای ئەو وڵاتە، کە بەجێهێڵدراون. هەندێکیان ئەوەندە کات سەر بەجێهێشتنیاندا تێنەپەڕیوە، کە هێشتا بەرگ و بەتانی و پۆستاڵ و دەرمانی سەربازەکانیان تێداماوە، کە هەڵاتوون فریانەکەوتوون ئەو شتانە لەگەڵ خۆیاندا ببەن، هەروەک خۆیان بەجێیانهێشتوون. چەندان گەنجی ماتۆڕسوار دەبیندرێن کە بەسەر ئەو کەرەستە بەجێماوانەدا دەگەڕێن، دەیانەوێت دەستیان بە چەکێک یان کەرەستەیەکی بەجێماوی حکومەتەکەیاندا بگات و بیبەن بۆ خۆیان. یەکێک لەو گەنجانە تەمەنی 24 ساڵە، کاری شاگردی دەکات، لە تەنیشتی تانکێکی بەجێهێلدراوەوە وێنەی سێڵفیی دەگرێت و دەڵێت من تەمەنم 24 ساڵە و لە دانەبەدانەی ئەو ساڵانەی تەمەنمدا پێڵاوەکانی بەشار ئەسەد بەسەر ملمەوە بووە، نەیهێشتوە بۆ جارێکیش بتوانم هەستمەوە سەرپێی خۆم.
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکی سوریا دیکتاتۆرێکی دەستی دوو بوو؛ هەرگیز نەدەگەیشتەوە ئاستی باوکی
هەرەسهێنانە پڕ شوورەییەکەی رژێمە دڕندەکەی بەشار ئەسەد بەشێوەیەک بوو، کە خودی سەرکردە دیکتاتۆرەکە ناچار بوو هەڵبێت. شەپۆلێکی چەکدارانی ئیسلامی گەیشتن بە سەر کۆشکەکەی و کۆتاییەکی لەباریان بۆ کەسێک دروستکرد، کە هەرگیز بوونی ئەو، بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نەبوو.
بەشار کوڕی دووەمی حافز ئەسەد بوو. حافز دیکتاتۆرێکی خوێناوی بو و سەرۆکی یەکێک لە خوێناویترین بنەماڵەکانی ناو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوو. بۆیە ئەگەر بەشار ساڵی 2000 ملی بەوە نەدابا، کە ببێت بە سەرۆکی وڵاتەکە و هەر وەکو پزیشکێکی پسپۆری چاو کاری کردبا، ئەوا دەیتوانی ژیانێکی ئارامتر و ئاساییتر بژی.
بەشار کەسێکی باڵابەرز و شەرمن بوو لە قسەکردندا زمانی قورس بوو، لە سێبەری باسل ئەسەدی برایدا دەژیا، کە ئەویان کەسێکی وریاتر بوو، بەڵام لە ساڵی 1994ـدا بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێلکەوە لە ناو فڕۆکەخانەی دیمەشق گیانی لە دەستدا
ئۆرشەلیم پۆست
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ چرکەساتێکی پڕ مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل
خانمان و بەڕێزان، بڵێن سڵاوت لێبێت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.
نەخێر ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نوێ نییە، واتا بەوشێوەیە نوێ نییە، کە شیمۆن پێرێزی سەرۆکی پێشوو خەونی پێوەدەبینی، لە ساڵانی نەوەدکانی 1990ـدا و لەپاش رێکەوتنی ئۆسلۆ گوتی، دەیەوێت ئەم ناوچەیە ببێت بە ناوچەیەکی پڕ لە ئاشتی و پێکەوەژیان.
کە دەستپێشخەرییەکانی ئیسرائیل ببن بە سەرەتای بەرپابوونی ئاشتییەک، کە خەڵک هەمووی بتوانن بە ئاشتی پێکەوەبژین. ئیسرائیل، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهانیش لە بەیانیی رۆژی یەکشەممەدا، کە لە خەو هەستان رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخابوو، کۆتایی بە 54 ساڵی دەستەڵاتەکەی هات. گۆڕانکارییەکە خێرابوو، لە سوریادا کە بووبوو بە پاشخانی سیاسەتەکانی ئێران.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
ئێران سنورەکانی توند دەکات
ئەحمەدعەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران رایگەیاند، سێ ملیار یۆرۆ بۆ داخستن وتوندکردنی، سنوورەکانی ئێران تەرخانکراوە، ئەم پلانە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی، بەشێکی سنورەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕاوێژ لەگەڵ عێراق دادەخەن. ئەم رێوشوێنە بۆ بەرگری لە هاوردەکردنی قاچاخ لەلایەن کۆڵبەرانەوە ئەنجام دەدرێت.
گودەرزی ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانی سنوور هەموو هەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەر له کوڵبەرەکانی ناوچە سنوورییەکان بگرن.
رێوشوێنەکان بریتین لە دانانی بەربەست و دیوار و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی و رادار و سیستەمی زیرەک.
ئەسکەناس
پڕشکی ئاگرەکەی سوریا دەگاتە تورکیا
رووداوەکانی سوریا و کۆتاییهاتنی حکومەتەکەی ئەسەد کاریگەری لەسەر سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ دەبێت، تورکیا وەک یەکێک لە نزیکترین دراوسێکانی سوریا زۆرترین زیان لەو سەقامگیریە دەبینێت کە بەهۆی رووداوەکانی سوریا دروستبووە.قەیرانی پەنابەران، زیادبوونی چالاکیی توندڕەوەکان و ئەگەری ناکۆکی لە سنوورەکانی تورکیا، هەلومەرجی مەترسیدار بۆ ئەم وڵاتە دەخوڵقێنن.
دوابەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، رەنگە وڵاتانی عەرەبی لە ئێران نزیک ببنەوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە کاریگەریی تورکیا و رکابەرییە مێژووییەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
ئێران ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هاوکاری وەک هێزێکی سەقامگیرکەر لە دژی گروپە توندڕەوەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی.
ئەفکار
ئێران مامەڵە لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت به پێشهاتەکانی سوریا رایگەیاند، دەبێت چارەنووس و ئایندەی ئەم وڵاته تەنها له لایەن گەلی سوریاوه بێت، بەبێ دەستێوەردانی هێزی دەرەکی.
ئێران جەختی له یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و پشتیوانی لە کۆتایی هاتنی ململانێ سەربازییەکان لە زووترین کات و دەستپێکردنی گوتوبێژە نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کرد.
ئێران بە پێویستی دەزانێت، ئاسایشی هاووڵاتیانی سوریا و پاراستنی شوێنە پیرۆز و دیپلۆماسییەکان مسۆگەر بکات و گوتی، بەردەوام دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا و یارمەتی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەم وڵاتەدا دەدات.
تجارەت
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تاران و دیمەشق وەستاگرووپی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران رایگەیاند، رووخانی حکومەتی سوریا بووتە هۆی وەستاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تاران و دیمەشق.
دەشڵێت، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات تەنها 100 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەشێکی سەرەکی ئەو بازرگانیە بەرهەمە زەیتونییەکانی سوریا بووە.
کێشەکانی وەک سنوورداربوونی پەیوەندییە بانکییەکان، کەمیی ژێرخانی پێویست و نائارامی سیاسی لە سوریا، هاوکاری ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتی کەمکردووەتەوە.
سەرەڕای رێککەوتنە بازرگانییەکان، هێشتا ئاستەنگی زۆر لە رێگەی گەیشتن بە ئامانجە بازرگانییەکانەوە هەیە.
دۆخی سیاسی ئێستای سوریا وایکردووە کە مەحاڵ بێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا له ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.