زووم
سەرۆکی کۆریای باشوور لە بەرامبەر راگەیاندنى بارى نائاسایی داوای لێبوردنی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد و دەڵێت، لە ناخی دڵییەوە داوای لێبووردن دەکات.
شەوی سێشەممە، یوون سوک یۆڵ باری نائاسایی راگەیاند، بەڵام لەبەرئەوەی بارودۆخی ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەکەی لە بارێکی ئاساییدا بوون، ئەم بڕیارە خەڵکی جیهان و ناوخۆی کۆریاشی تووشی سەرسووڕمان کرد، ئۆپۆزسیۆنیش داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی کرد بۆئەوەی متمانە لە سەرۆک وەربگرنەوە.
یون سووک، پۆلیسی پایتەختی بەکارهێنا و رێگریی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان کرد، بۆئەوەی رێژەی دەنگی پێویست بۆ لێسەندنەوەی متمانەکەی دروستنەبێت، ئەمەش رەوشی ئارامی ئەو وڵاتەی گرژکرد.
لەپاش ئەو رووداوانە، ئەمڕۆ یوون سوک یۆڵ بە چەند خولەکێکی کەم لە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان لە پەیامێکی کورتی تەلەڤزیۆنیدا دەرکەوت و داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد، لەبارەی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆشی گوتی، بڕیاردان لەو مەسەلەیە بۆ حزبەکەی بەجێدەهێڵێت.