رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
رووداوە کتوپڕەکانى سوریا بەردەوامە و دیمەشق چاوی لەسەر حیمسە
لە کاتژمێرەکانى رابردوودا، سوریا گۆڕانکاری خێرا و کتوپڕی بەخۆیەوە بینى، چەند سنورێکى وڵاتانى دراوسێی خۆی لەدەستدا و دیمەشقی پایتەخت چاوى لەسەر پارێزگای حیمسە و وەک جەنگی یەکلاکەرەوە تێی دەڕوانێت.
حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ناوچەسنوورییەکانى لەگەڵ ئوردن لەدەستدا، دوای ئەوەى گرووپە چەکدارییەکان لە رۆژئاوای پارێزگای درعا لە باشووری سوریا دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەد گرت. لەگەڵیشیدا پارێزگای سوەیداش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت چووەدەرەوە و لە دێرەزوور و پارێزگای بوکەمالیش کە لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنووری عێراقە، سوپا پاشەکەشەى کردووە و ئەو ناوچانەی لەدەستچوون.
عەرەب
دوای سوریا سەرەی ئێرانە
حەمید رەزا عەزیزی توێژەر لە پەیمانگاى ئەڵمانیا بۆ کاروباری ئاسایشى نێودەوڵەتى لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس نوسیویەتى، پێشڕەوییە خێراکانى گرووپە چەکدارەکانى سوریا مەترسی لەسەر ئێرانیش دروستدەکات، ئاماژەى بەوەشکردووە ئەگەر جاری پێشوو ئێران و روسیا نەیهانهێشت ئەسەد بکەوێت، پێدەچێت ئەمجارە دەربازبوونى ئەستەم بێت، هەرچەندە هەوڵەکانیشیان لەدژى ئەو گرووپە چەکدارانە بەردەوامە.
عەزیزى نوسیویەتى، بەهۆی بێ بەختى ئەسەدەوە ئەمجارەیان گۆڕانکاریی لە جێوسیاسی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روویداوە و بۆیە پێدەچێت سوریا لە کەوتنەوە نزیک بێت و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئێران دەبێت و رۆژنامەکەش نوسیویەتى کاریگەریی گەورە لەسەر سیایەتەکانى مۆسکۆ و تاران لە ناوچەکەدا بە توندى دەردەکەوێت.
قودسى عەرەبی
مێژوونوسێکى ئیسرائیلى جینۆسایدەکانى غەزە تۆمار دەکات
ژنێکى دانیشتووى غەزە لەگەڵ منداڵەکانى بەناوەڕاستى شەقامێکدا و بە پەڕۆیەکى سپییەوە بەڕێگادا دەڕۆن بەڵام لەناکاو ژنەکە بەهۆی بەرکەوتنى فیشەکێکەوە دەکەوێت و منداڵەکە رادەکات، دواى چەند چرکەیەک منداڵە 13 ساڵییەکەش فیشەکێک بەر سەرى دەکەوێت و دەکەوێت لە ناکاو موشەکێکیان ئاڕاستەدەکرێـت و منداڵەکەى تریشیان گیان لەدەستدەدات.
ئەمە سەرەتاى نوسینەوەى ئەو چیرۆکە پڕ لەکارەساتەیە کە مێژوونوسى ئیسرائیلى بەناوى دکتۆر لییە موردخاى دەیەوێت بەدرێژایی جەنگى غەزە دەیەوێت تۆماریان بکات، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ڤیدیۆی ریزە دورودرێژەکانى خەڵکى غەزە بۆ بەدەستخستنى نانێک یان سەمونێکى تۆمارکردووە، خواردنى گژوگیا و خواردنەوەى ئاوى گۆلاوەکان، ئەو وێنانەشى تۆمارکردووە کە چۆن سەگەکان تەرمی فەلەستینیەکان دەخۆن.
موردەخاى باس لەوە دەکات، سوپاى ئیسرائیل لەماوەى یەکساڵدا 710 منداڵى شیرەخۆر و 20 هەزار و 355 ژن و منداڵی کوشتووە، لەنێوزیندانەکاندا 48 کەس لەژێر ئەشکەنجەدا مردوون، ئەوە لە کاتێکدا لە زیندانى گوانتانامۆ لە ماوەى 20 ساڵدا تەنها نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، موردەخاى ئاماژەى بەوەشکردوە کە سوپاى ئیسرائیل 240 تیمى پزیشکی دەستگیرکردووەو رێگریی کردووە لەوەى چارەسەرى بریندارەکان بکەن و هەندێکجاریش بە دیارچاویانەوە بریندارەکانیان کوشتووە و دیکۆمێنتەکەشى ناوناوە داماڵینى مرۆڤایەتى لە فەلەستین.
عەرەبی جەدید
ئاژانسی ووزەی ئەتۆم: توانا ئەتۆمییەکانى ئێران بەخێرایی زیاد دەکات
ئاژانسی جیهانى ووزەى ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئێران خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆم دوو هێندە دەکات، تارادەیەک نزیکە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بە تایبەت لە بنکەى ئەتۆمی فۆردۆ.
راپۆرتەکە پشتڕاستیکردووەتەوە، کە ئێران گازی یۆرانیۆمی هێکسافلۆرایدی پیتێنراوی بۆ 20% زیادکردووە، چونکە ئەو رێژەیە پیشووتر 5% بوو.
ئەمەش نزیک دەبێتەوە لە بەدەستهاتنى یۆرانیۆمى پیتێنراو بۆ 60%، کە نزیکەی 90%ـی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
باخچەلی جارێکی دیکە داوای دیداری دەم پارتی و ئۆجالان دەکات
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەنێوان عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە و پەرلەمانتارانی دەم پارتی کردەوە.
باخچەلی دەڵێت، پێویستە پەیوەندی لەنێوان خاڵی ئەی و خاڵی بی دروست بێت و راستەوخۆ پەیوەندی و دیدارەکان لەنێوان هەردوولا دروست ببێت.
تورکیا
رێکاری یاسایی لەسەر فرۆشتنى کەلوپەلی دەستی دوو دەگیرێتەبەر
فرۆشتنى کەلوپەلی دەستی دوو لە تورکیا زیادبووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو شتێک نرخی چەند هێندە بووە و هاووڵاتیان ناتوانن ئامێر و کەلوپەلی کارەبایی نوێ بکڕن.
هاوکات کڕینی کەلوپەلی دەستی دوو، لە ئیستەنبوڵ لەلایەن دەستگێڕەکانەوە و دواتریش فرۆشتنیان بووەتە گرفت، بەوەی ئەگەر ئەوەی هەیە ئەو کەلوپەلانە دزرابێتن.
بەگوێرەى نوێترین زانیاری لەمەودوا حکومەت بۆ چاودێری کردنی ئەم بابەتە هەرکەسێک هەر کەلوپەلێکی خۆی بفرۆشێت پێویستە زانیاری و ناونیشانی خۆی وەک بەڵگە بە لایەنی کڕیار بدات.
تورکگون
رێکاری نوێ بۆ پەنابەران دەگیرێتەبەر
لە تورکیا زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەر هەیە، بۆئەوەى چاودێری بکرێن و رێگری بکرێت لە کۆچی نایاسایی، لەمەودوا پێویست ناکات ئەو پەنابەرانەى ناویان لای حکومەت تۆمارە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ بکەن بۆ پەنجەمۆر کردن.
لەمەودوا لە رێگەى ئەپێکی موبایلەوە دەتوانن هەفتانە پەنجەمۆری خۆیان بکەن. هاوکات لەم سیستەمە نوێیەدا شوێنی نیشتەجێ و ناسینەوەى روخساریش بەکاردەهێنرێت.
سۆزجو
هێنانی ئۆجالان بۆ پەرلەمان کودەتایە بەسەر میللەتی تورکدا
ئومید ئۆزداغ سەرۆکی گشتیی زەفەر پارتی رایگەیاند، هێنانى ئۆجالانی بۆ پەرلەمان گەورەترین کودەتایە بەسەر ئیرادەى گەلی تورک، بانگەشەکانی دەوڵەت باخچەلی دوورن لە راستییەوە و شتێکی رێگەتێچو نییە ئۆجالان لە ئیمراڵی دەربهێنرێت، پلانێک لەپشت گوتەکانی باخچەلییەوە هەیە هێشتا نازانین چییە.
ئۆزداغ دەشڵێت، مەهەپەییەکان پێیانوایە ئەمریکا ئێران هەڵوەدەشێنێتەوە و لەپاش ئەوەی نۆرەى تورکیا دێت، ئەوانەى لەسەر ئۆجالان دەگوترێت تەنها خەیاڵپڵاوی باخچەلییە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
شەڕێکی جیهانی لە سوریا روودەدات
پێشهاتەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011ـەوە سوریای کردووە بە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لەگەڵ سەقامگیربوونی مەرجەکان بۆ بەشار ئەسەد و گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی، پێشبینی دەکرا قەیرانەکە کەم ببێتەوە، بەڵام هێرشی ئەم دواییەی تەحریر شام بۆ سەر حەلەب، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان، ئاماژەیە بۆ ئەگەری ململانێی نوێ.
تورکیا یەکێکە لە لایەنگرانی سەرەکی تەحریر شام، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە پەرەسەندنی گرژییەکان و ئەو گرووپەی وەک ئامرازێک لە باکووری سوریا بەکارهێناوە. هاوکات بوونی زلهێزەکانی وەک ئێران، رووسیا و ئەمریکا، لەگەڵ رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە، ئاڵۆزی دۆخەکەی زیاتر کردووە.
شارەزایان پێیان وایە لە سایەی ئەم پێشهاتە خێرایانەدا ئەستەمە بە وردی شیکاری داهاتووی سوریا بکرێت، بەڵام جارێکی تر ئەم وڵاتە بووەتە گۆڕەپانی ململانێ جیهانیەکان و خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی سەرەکی.
کەیهان
وەزیری دەرەوەی ئێران: لەکاتی گونجاودا وەڵامان دەبێت
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی”عەرەبی جەدید” سەبارەت بە بڕیارنامەی ئەم دواییەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دژی ئێران و ئەگەری گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئێران وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەداتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران بە روونی ئەم هەڵوێستەی بۆ لایەنە رۆژئاواییەکان راگەیاندووە و خوازیاری هاوکارییە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوانە.
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیلیش رایگەیاند، کە ئێران مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و وەڵامدانەوەکە لە کاتی گونجاو و فۆڕمی گونجاودا ئەنجام دەدرێت. بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی لوبنان و غەزە، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ئێران دەبێت.
ئارمانی ئێمروز
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی خێرایی پیتاندنی ئێران هەشت هێندە زیاد دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، گرۆسی رایگەیاند، کە حکومەتی ئێران پیتاندنی 60%ـی یۆرانیۆمی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، بەجۆرێک رەنگە ئەم بڕە بگاتە حەوت یان هەشت هێندەی ئاستی پێشوو.
فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هێشتا ئامادە نییە چەکی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام توانای خۆی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاتر دەکات.
بە گوێرەی ئەم راپۆرتە ئێران توانای دروستکردنی 12 بۆمبی ئەتۆمی دەبێت ئەگەر یەدەگی یۆرانیۆم زیاد بکات.
ئاژانسەکه هەروەها پێشبینیی کردووە کە ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و سزای زیاتری رۆژئاوای بداتەوە.
ئەبراری ئیقتسادی
ئیلام و سنە لە کەمی داهات و خراپی خۆشگوزەرانی یەکەمن
بەگوێرەی راپۆڕتی ئاژانسی هەواڵی تەجارەت نیوز، ساڵی رابردوو پارێزگاکانی ئیلام و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین ئاستی خۆشگوزەرانییان هەبووە لەسەر ئاستی ئێراندا.
راپۆرتەکە دەریدەخات زیاتر لە 40٪ـی خەرجی بنەماڵەکانی ئەو پارێزگایانە بۆ بەشی خۆراک و تووتن تەرخانکراواە، ئەم رێژەیە لە سنە وەک دووهەم پارێزگای پڕنەهامەت 37٪ بووە.
لە لایەکی دیکەوە پارێزگای تاران بەرزترین ئاستی خۆشگوزەرانییان هەبووە بە تێکڕای خەرجی خۆراکی 17٪ و هەروەها زۆرترین داهاتیان لە وڵاتدا هەبووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
زریانی دارا هەڕەشە لە ئینگلتەڕا دەکات
هۆشدارییەکی توندی سوور لەبارەی کەش و هەواوەراگەیەندرا، دەگوترێت، زریانی دارا گەیشتوە بە ناو خاکی ئینگلتەرە. ئاژانسی کەشوهەوای مێت، هۆشداریی دا بە دانیشتوانی ناوچەکانی وێڵز و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرە، کە ئەمڕۆ باهۆزی زریانێکی پێدەگات، کە دەتوانێت مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست بکات، چونکە بایەکی بەهێزی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام ئاستی هۆشدارییەکەی ناوچەکانی تری بەریتانیا لەنێوانی ئاستی زەردوپرتەقاڵی دایە. قۆناغی هۆشدارییەکە لە ناوچەکانی وێڵز و باشوری سکۆتلەندە هەتا سبەینێ بەردەوام دەبێت. دەزگای وێت هەموو زریانەکان بە مەترسیدار ناودەبات.
تایمز
هەواڵگریی بەریتانیا لەبریی تیرۆرستان دەبێت مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە ئاژاوەگێڕەکاندا بکات
ئاژانسی هەواڵگریی بەریتانی، ناسراو بە ئێم 15 ناچاربووە سەرنجی خۆی لە چاودێریکردنی ئەگەرەکانی تیرۆری ناوخۆوە بگوێزێتەوە بۆ سەر ئەو هەڕەشانەی کە وڵاتە نەیارەکانی وەک روسیا و نەیارەکانی تر دەتوانن دروستی بکەن.
کێن مەککاڵم بەڕێوەبەری گشتیی ئێم 15 بەریتانیا ناچاربووە لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەی پەلاماری قورستر و گەورەتردا بکات. ئەم هەڕەشانە لە ئێستادا دەوڵەتە گەورەکان دروستیدەکەن. دەکرێت هەڕەشەکان لە فۆرمی ئەنجامدانی کاری وێرانکاری، سوتاندنی بەمەبەست و تیرۆرکردنی خەڵک لەناو خاکی بەریتانیادا دەربکەون. بەڵام گوتیشی توانای وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا سنوردارە.
دەیلی مەیل
وەزیری دارایی بەریتانیا: ناتوانین هیچ بودجەیەک بۆ وەزارەتی بەرگری دابین بکەین
بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری مانای وایە بودجە لە کەرەتەکانی تری حکومەت ببڕین، ئەمە لێدوانی رەیشڵ ریڤزی وەزیری دارایی بەریتانیایە، کە لەمابارەوە هۆشداریی داوە.
لە دیدارێکی رۆژنامەوانیی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی مەیلدا وەزیری دارایی ئەووەی ئاشکراکرد، کە نیازی هەیە گەورەترین پێداچوونەوە و ووردبینی بە خەرجییەکانی ماوەی بیست ساڵی رابوردووی حکومەتدا بکات، بۆئەوەی بتوانرێت لەو رێگایەوە بزانرێت لەکوێووە و بە چ شێووازێک بەفیڕۆدانی سەرمایە روویداوە، بۆئەوەی بە شێووەیەکی کاریگەر چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.