زووم..
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سی ئێن ئێن، ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، دەڵێت ئامانجی هاوپەیمانیی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا “رووخاندن”ـی رژێمی بەشار ئەسەدە.
جۆلانی لە چاوپێکەوتنەکەدا هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە بۆ ویست و ئامانجی دەستەکە و دەڵێت، لە کۆتاییهێنان بە رژێمی ئەسەد کەمتر رازی نابن و ئامانجیشیان هەر ئەوەیە.
ئەو چەند ساڵێکە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی نەکردووە، ئەمجارەیان لە جێیەکی ئاشکرانەکراوی سوریا لەگەڵ دیدەنیکارێکی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دادەنیشێت و بە جلوبەرگێکی مەدەنییەوە دەیەوێت رۆڵی سیاسەتکارێک بگێڕێت وەک لە فەرماندەیەکی سەربازیی سەردەمی زەرقاوی و رێکخراوی قاعیدەی ساڵی 2006ـی عێراق. باسی نەخشە و پلانەکانی بۆ دروستکردنی حکومەتێک لەسەر بنەمای دەستوور و “ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە” دەکات.
جۆلانی دەڵێت، “کاتێک باسی ئامانجەکانمان دەکەین، مەبەستمان لەوەیە ئامانجی شۆڕش رووخاندنی ئەم رژێمە[ی ئێستای سوریایە]. مافی خۆمانە بە هەر هۆ و ئامرازێک بێت بگەین بەو ئامانجە. هەمیشەش تۆوی شکستی رژێم لەنێو خۆیدا بووە و گەشەی کردووە. ئێرانییەکان هەوڵی بووژاندنەوەی رژێمیان دا، کاتیان بۆ زیاد کرد، دواتریش روسییەکان هەوڵیان دا رژێم بتوانێ لەسەر پێ رابوەستێت، بەڵام راستییەکە ئەوەیە ئەم رژێمە مردووە.”
مافی خۆمانە بە هەر هۆ و ئامرازێک بێت بگەین بە ئامانجەکەمان
ئەگەرچی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ساڵانێکە لە رووبەرێکی دیاریکراوی باکووری رۆژاوای وڵاتەکەن، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی سەرسووڕهێن و خێرا بەرەوپێش چوون، حەلەبی دووەم گەورەترین شاری سوریا و پاشان حەمایان کۆنترۆڵ کرد. ئەم هێرشە داچڵەکێنەرە زلـلەیەک بوو بۆ ئەسەد و ئێران و روسیای پشتیوانی و ئاگری شەڕێکی دیکەی نێوخۆییان خۆشکرد، کە ساڵانێک بوو تەنها ژیلەمۆکەی مابوو.
هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لامەرکەزین و لە ئایدۆلۆجیای جیاواز پێکهاتوون، ئەگەرچی هەمووان ئامانجی کۆتاییپێهێنانی رژێمی ئەسەد کۆیان دەکاتەوە، بەڵام رەگوریشەی دەستەی تەحریری شام لەنێو بزووتنەوە ئیسلامییە توندئاژۆکاندا تارماییەک دەخاتە سەر ویست و ئاواتەکانیان.
ئەگەرچی هەوڵی جۆلانی بۆ ئەوەیە گرووپە نوێیەکەی لە قائیدە بەدوور بگرێت، بەڵام ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستەی تەحریری شامی خستە نێو لیستی رێکخراوە تیرۆرستییە بیانییەکان.
هاتنەدەر لە تاریکی
جۆلانی، کە ساڵانێک لەنێو تاریکاییدا کاری کردووە، بە بڕوابەخۆبوونەوە هەوڵیدا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سیی ئێن ئێن مۆدێرن دەرکەوێت، لە رۆژێکی رووناک و بە پاسەوانێکی کەمەوە بەڕێوەچوو. ئەوکاتەی جۆلانی قسەی دەکرد، هەواڵ گەیشت، هێزەکانی شاری حەمایان گرتووە.
لەو ناوچانەی سوریا، کە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆنترۆڵیان کردووە، وادەردەکەوێت جۆلانی کەمتر وەک پیاوێکی داواکراو و زیاتر وەک سیاسەتکارێک کاروبارەکانی بەڕێوە دەبات. دوای ئەوەی هێزەکانی حەلەبیان کۆنترۆڵکرد، یەکەم دەرکەوتنی گشتی لە قەڵا مێژووییەکەی ئەو شارەوە بوو.
جۆلانی دەڵێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە چەندین قۆناغی گۆڕاندا تێپەڕیوە. “کەسێک لە تەمەنی بیستەکانیدا کەسایەتییەکی جیاوازی دەبێت لە کەسێک لە سییەکان و چلەکانی تەمەنیدا، ئەمە بۆ کەسێک لە پەنجاکانی تەمەنیشدا بێت هەر راستە. ئەمە سرووشتی مرۆڤە”.
جۆلانی هەمان شەڕکەرە گەنجەکەی قاعیدە نییە کە شەڕی دژی ئەمریکای دەکرد لە عێراق. بە گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سوریا، سەرکردایەتیی گرووپێکی هاوسۆزی تیرۆری دەکرد لەژێر ناوی بەرەی نوسرە. بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە، لە سەرەتای ساڵی 2017 دەستەی تەحریری شامی دروستکرد.
ئەمریکا، تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژاوا دەستەکەی جۆلانییان خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییە بیانییەکانەوە، ئەگەرچی گرووپەکە هەوڵ دەدات خۆی لە رەگوڕیشەکەی بەدوور بگرێت.
چاوپێکەوتنەکەی رۆژی پێنجشەممەی جۆلانی لەگەڵ سی ئێن ئێن دەرخستنی رووخسارێکی جیاوازی جۆلانی بوو لەو چاوپێکەوتنە توندەی ساڵی 2013 لەگەڵ کەناڵی جەزیرە کردی و دەموچاوی لە تاریکاییدا بوو. ئەوکات، دەیویست لقی قاعیدە لە سوریا درێژە پێبدات.
جۆلانی لە چاوپێکەوتنەکەی سی ئێن ئێندا دیدگای جیاوازی بۆ وڵاتێکی چلکوتبوو بەهۆی جەنگەوە خستەڕوو. ئاماژەکانی ئەوەیان دەردەخست هەوڵی خۆنوێکردنەوە دەدات، بۆ یەکەم جاریش ناوی راستەقینەی خۆی -ئەحمەد شەرع- لەجیاتیی ناوە خوازراوەکەی -ئەبو محەمەد جۆلانی- بەکارهێنا کە پێی ناسراوە.
لەکاتێکدا هاوپەیمانیی سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن نفووزی خۆیان فراواتر دەکەن و خاکی زیاتر دەخەنە ژێر جڵەوی خۆیان، جۆلانی جەخت لەوە دەکاتەوە پێویست ناکات هاووڵاتیانی سڤیل ترسیان هەبێ لە ئیدارەدانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا و دەڵێت، “ئەو خەڵکانەی ترسیان لە حکومڕانی ئیسلامی هەیە، یان حوکمی نادروسیان دیوە یان بەباشی لێی تێنەگەیشتوون”.
ئەو خەڵکانەی ترسیان لە حکومڕانی ئیسلامی هەیە، یان حوکمی نادروسیان دیوە یان بەباشی لێی تێنەگەیشتوون
جۆلانی وایدەبینێت، “ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بەسەر رژێمی ئەسەددا سەربکەوێت، ئەوا لە گرووپی چەکدارییەوە دەپەڕنەوە بۆ دۆخی حوکمڕانی و دەستوور و دامەزراوەیی”.
دەستەی تەحریری شام دەڵێت کار دەکەن بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیانی سڤیل و ئەو کۆمەڵانەی ساڵانێکی دووردرێژی شەڕی ناوخۆی سوریا ئازاریان بەدەست گرووپە جیهادییە توندئاژۆکانەوە چەشتووە، چیدیکە ئەو ئازارە ناچێژن. دەشڵێن، کریستیان و گرووپە ئاینی و ئیتنیکی و کەمەنەتەوایەتییەکان دڵنیا دەکەنەوە لەوەی بەسەلامەتی لەژێر سایەی حوکمی ئەواندا دەژین.
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بەسەر رژێمی ئەسەددا سەربکەوێت، ئەوا لە گرووپی چەکدارییەوە دەپەڕنەوە بۆ دۆخی حوکمڕانی و دەستوور و دامەزراوەیی
لەبارەی پرسیاری سەلامەتیی ئەوانەوە، جۆلانی دەڵێت، “لە وەختی پاشاگەردانی و فەوزادا هەندێک کەس هەندێک پێشلکارییان بەرامبەر [کەمینەکان] کردووە، بەڵام ئێمە ئەمانە ناهێڵین. هیچ دەستە و تاقمێک مافی ئەوەی نییە دەستە و تاقمێکی دیکە بسڕێتەوە. خەڵکی ئەم ناوچەیە سەدان ساڵە پێکەوە دەژین، کەس مافی ئەوەی نییە لەنێویان ببات”.
گرووپەکانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی نێوخۆیی زەنگی ئەوەیان لێ داوە لەم دواییانەدا دەستەی تەحریر شام مامەڵەی خراپی لەگەڵ ناڕازییە سیاسییەکانی ئیدلب کردووە، گوتوویانە دەستەکە دەنگی ناڕازیی ئەوانی کپ کردووە و ئەشکەنجەی داون. جۆلانی لەبارەی دەستدرێژی لە زیدانەکان بە سی ئێن ئێنی گوتووە، “لەژێر فەرمانی ئەواندا ئەنجام نەدراوە”.
هیچ دەستە و تاقمێک مافی ئەوەی نییە دەستە و تاقمێکی دیکە بسڕێتەوە
جۆلانی دژی ئەوەیە دەستەی تەحریر شام خراوەتە نێو لیستی تیرۆرەوە و دەڵێت، “بڕیارێکی سیاسییە و لە جێی خۆی نییە”، دەشڵێت ئەوان کردەوەکانیان وەک هیی ئیسلامییە توندئاژۆکان نییە. گوتووشیەتی، دژی هەندێک تاکتیکی دڵڕەقانە و وەحشییانەی هەندێک لە گرووپە جیهادییەکانە و وایکردووە پەیوەندییان لەگەڵدا بپچڕێنێت. دەشڵێت، هەرگیز وەک خۆی بەشداریی هێرشی سەر هاووڵاتیانی سڤیلی نەکردووە.
کاتێک سی ئێن ئێن بەر لە چاوپێکەوتنەکە گەیشتە حەلەب، تیمەکە بینییان شارەکە ئارامە سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هەفتەی پێشوو لەناکاو دایان بەسەریدا و کۆنترۆڵیان کرد. بازاڕەکان کراوە بوون، خەڵکی لەنێو شەقامەکاندا دەهاتن و دەچوون، ژیان بەردەوام بوو، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیای پاڵپشتیکاری ئەسەد بۆردومانیان دەکرد و خەڵکیان کوشتبوو.
ئەسەد بە یارمەتیی هاوپەیمانەکانی دەستی نابووە بینەقاقای وڵاتەکە. کاتێک هێزەکانی دژە-حکومەت لە دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی گەشەیان کرد، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانیی هاوپەیمانی تاران، یارمەتیی [ئەسەد]یان دا لە شەڕی دژ بەو گرووپانە لەسەر خاکی سوریا. لە ئاسمانیشەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا بەهێزتری دەکرد.
پێموایە کاتێک ئەم رژێمە دەکەوێت چیدیکە پێویست ناکات هیچ هێزێکی بیانی لە سوریا بمێنێتەوە
جۆلانی ئارەزوو دەکات هێزە بیانییەکان سوریا بەجێ بهێڵن. لە ئێستادا ئەمریکا، تورکیا، روسیا و ئێران و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتەکەدان. “پێموایە کاتێک ئەم رژێمە دەکەوێت، پێویستە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکرێت و چیدیکە پێویست ناکات هیچ هێزێکی بیانی لە سوریا بمێنێتەوە”.
دەشڵێت، “سوریا شایانی سیستمێکی حوکمڕانییە کە دامەزراوەیی بێت، نەک ئەوەی یەک حاکم و فەرمانڕەوا هەرلەخۆوە بڕیار دەربکات”. بنەماڵەی ئەسەد ماوەی 53 ساڵە لە دەسەڵاتدان، لە ساڵی 1971ـەوە. بۆ مانەوەشیان لە دەسەڵات، سەدان هەزار کەسیان کوشتووە، خەڵکیان لە زیندانەکان ئاخنیوە و ملیۆنان کەسیشان ئاوارەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە کردووە.
دەستەی تەحریر شام تەنها بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر و لە هەر کاتێکدا بێت هەڵدەوەشێتەوە
لە درێژەی باسی فەرمانڕەواییدا، جۆلانی دەڵێت، “ئێمە باسی پرۆژەیەکی گەورەتر دەکەین – ئێمە باسی بنیاتنانی سوریا دەکەین. دەستەی تەحریر شام تەنها بەشێکە لەم دیالۆگە و لە هەر کاتێکدا بێت هەڵدەوەشێتەوە. دەستەی تەحریر شام ئامرازێکە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێک: رووبەڕووبوونەوەی ئەم رژێمە[ی بەشار ئەسەد].
سەرچاوە: CNN