زووم:
سوپای تورکیا لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، 545 جار کانتۆنی عەفرینی تۆپباران کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هاوار نیوز کە نزیکە لە خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپای تورکیا، گوندەکانی قەڵای شەوارخا، کۆگاکانی شەوارخا، مەرەناز، ئەلقەمیە، تاتماراش، مالکیە، تنبی سەر بە ناوچەی شەرای تۆپباران کردووە و لە گوندی تنب، سێ سەربازی حکومەتی سوریا کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە سوپای تورکیا، گوندەکانی مەیاسێ، بێنێ، سۆخانەک، عاقیب و زیارەتی ناوچەی شێراوای تاوەکو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تۆپباران کردووە.
هەروەها گوندەکانی زیوان، خربەت ئەلشەعال، عەین دەقنە، شێخ عیسا، وەردیە و تەل مادقی هەرێمی شەهباش لەلایەن تۆپخانەکانی سوپای تورکیاوە کراونەتە ئامانج.
بە گشتی 19 گوندی سەر بە ناوچەکانی، شەرا، شێراوا و کانتۆنی شەهبا بە 545 گولە تۆپ تۆپباران کراون.
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان، لە شەوی 19ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، جیاواز لە هێرشەکانی پێشوو، ئەمجارە تورکیا ژێرخانی رۆژئاڤا دەکاتە ئامانج.
دەزگا مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان، بنکەى تەندروستی و بیناى قوتابخانە، کێڵگە و پاڵاگەى نەوت، وێستگەى کارەبا و غاز، ئامانجى بۆردومان و تۆپبارانەکانى چەند رۆژى رابردووى تورکیا بوون.
جیاواز لە هێرشەکانی پێشوو، ئەمجارە تورکیا ژێرخانی رۆژئاڤای کردووەتە ئامانج
لە 19 و 23 مانگدا، درۆنەکانی تورکیا وێستگەی کارەبا و غازی شاری دێرکیان کردە ئامانج. لە ئەنجامدا لە سێ تۆرباینی غاز، دوو تۆرباین لەکار کەوتن. هەروەها لە شەش تۆرباینی ویستگەی کارەبا پێنجیان لەکار کەوتن. بەو هۆیەوە کارەبای شار و شارۆچکەکانی گرکێ لەگێ، چلئاغا، تربەسپی، قامشلۆ و چەندین گوندێک پچڕا.