زووم..
کەناڵى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستى بە مانۆڕی سەربازی لە نزیک سنووری سوریا کرد، ئەوەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى ئامادەیی خۆی بۆ هەر پێشهاتێک.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە باکووری دۆڵی ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلانى باشوور دەستى بە مانۆڕ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی کردووە.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، ئەم مانۆڕانە لە چوارچێوەى رووداوەکانى سوریایە ، کە بەشێکە لە هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەو دۆخە.
هاوکات، پێگەى ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل نیگەرانی خۆی بۆ واشنتۆن دەربڕیوە سەبارەت بە جوڵەى گرووپە چەکدارییەکان لە سوریا.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی دانی بەوەدانا، کە هێڵەکانی بەرگری سوپای سوریا بە خێرایی دەڕوخێن و بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی گوتووە، هێزەکانی سوپای سوریا شەڕ ناکەن و بەردەوامن لە پاشەکشە.
دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل سەریان سوڕماوە لە داڕمانی هێڵەکانی بەرگری سوپای سوریا بە خێرایی زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا.
کاربەدەستانی ئیسرائیل رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە چەندین کۆبوونەوەى راوێژکاری بەپەلە لە چوارچێوەی سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیل ئەنجام دراوە، ئەوەش بەهۆى ئەو پێشڕەوییانەى گرووپە چەکدارییەکان لە سوریا دەیکەن.