زووم..
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی دەڵێت، ناکۆکییە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رێگەیەکی پێچەوانەی گرتەبەر و لەبری چارەسەر بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت.
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی بڵاویکردەوە، ئەم ناکۆکییانە فشاری زیاتری خستووەتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە رووبەڕووی دۆخێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز دەبنەوە لەئەنجامی نەدانی مووچەی فەرمانبەران و چارەسەرنەکردنی ئەو ناکۆکیانە.
دەشڵێت، جگە لەو دۆخە سیاسییە هەستیارەی لە ئەنجامی سەختی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانییەوە سەرهەڵدەدات، ئەو هۆشدارییە ئەمنییانەی ناوچەکەش بەهۆی رووداوەکانی سوریاوە هێندەی دیکە بارودۆخەکەی گرژتر کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسیار زانیوە لەو ناکۆکییە داراییانەی دروستبووە، تۆمەتباریکردن بەوەی هیچ کام لە ئەرکەکانیان بەرامبەر بە حکومەتەکەی جێبەجێ نەکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و گومانی خستووەتە سەر سیاسیکردنی پرسی دارایی و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان.