زووم:
لە راپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە، ئێران توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 12 بۆمبی ئەتۆمی هەیە لە ئەگەری پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام سەرکردایەتی ئێران هێشتا بڕیاری نەداوە بۆ دروستکردنی چەکێکی لەو شێوەیە.
لە راپۆرتەکەدا، کە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی مانگی نیسانی رابردووی ئێران وایکردووە بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا باس لە گرنگی چەکی ئەتۆمی بکەن بۆ رێگریکردن.
بەپێی ئەو راپۆرتەی، کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بڵاویکردووەتەوە، تاران “توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی پلۆتۆنیۆمی بەرهەمبهێنێت، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێتە لەسەدا ٢٠ و ٦٠ی یۆرانیۆمی پیتێنراون.”
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تاران خۆی خستووەتە قۆناغێکی نوێوە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: “ئەگەر ئێران بڕیار بدات بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوا ژێرخان و شارەزایی هەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی یۆرانیۆم لە چەندین دامەزراوەی ژێرزەمینیدا بەرهەمبهێنێت”.
راپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمریکا هەروەها مەزەندە دەکات، “ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستیکی ناوچەکەیە و بەردەوامە لە باشترکردنی وردبینی و بەهێزکردنی مووشەکەکان.
هاوکات راپۆرتەکە هۆشداریداوە، رەنگە تاران زانیاری لەسەر شەڕی ئۆکرانیاش کۆبکاتەوە کاتێک روسیا مووشەکی بالیستیکی نزیک مەودای ئێران لەوێ بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بووە، نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکات لە وەڵامی هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بالیستیک لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا.