رۆژنامە ئینگلیزییەکان..
دەیلی تەلەگراف: هۆشداری بە دایکان و باوکان دەدرێت ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت، تووندڕەوی لەسەر ئینتەرنێت زۆر بووە
بەرپرسێکی ئەمنیی بەریتانی هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت ئاگاداربن لەسەر ئینتەرنێت و بە ئۆنلاین شەپۆلێکی بەرفراوانی توندوتیژی بڵاوبووەتەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵان دەبێت.
ئەو بەرپرسە لە دامەزراوەی هاوپەیمانیی پێنج چاوە، کە کار لەسەر بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و نیوزیلەندە دەکات.
راگەیاندنێکی بۆ بەرچاوی رای گشتی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت، ئەو کاتە خەمی بۆ دروستبووە، کە بینیویەتی سێ هەزار و 26 منداڵ، کە تەمەنیان لە خواری 15 ساڵەوەیە و لەنێویشیاندا نزیکەی 300 منداڵیان تەمەنیان لە خواری 10 ساڵەوەیە پەنایان بۆ دەزگاکەی ئەوان و ناوەندەکانی دیکەی پاراستنی سەر بە حکومەت بردووە، داوایان لێکردوون هاوکارییان بکەن و بیانپارێزن، چونکە کەوتوونەتە بەر مەترسیی شەپۆلی توندڕەوی و تیرۆریستی.
تایمز: ماکرۆن دەڵێت پەڕگیرەکان بەدوای ئاژاوەدا دەگەڕێن
شەوی رابردوو ماکرۆن ئەو داوایانەی رەتکردەوە، کە پێیدەڵێن دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە و گلەیی لە ئەو قەیرانە هەبوو، کە وەک خۆی دەڵێت هاتووەتەپێشەوە و تووندڕەوەکان هەوڵدەدەن ئاژاوە لە وڵاتەکەدا بنێنەوە.
لە گوتارێکیدا، کە لە هۆڵی زێڕینی ناو کۆشکی ئەلیزێوە خوێندیەوە و لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە بڵاوکرایەوە، ماکرۆن تاوانی خستنی سەرەکوەزیرانەکەی دایەپاڵی هەردوولای چەپی توندڕەو و راستی توندڕەو، گوتی: ئەو دوولایەنە کارێکیان کردووە، کە ناتوانن لێی پاشگەزببنەوە.
گوتیشى: بەو کارەی ئەوان تەمەنی فەرمانڕەواییەکەی بارنێ بوو بە کورتخایەنترین تەمەنی فەرمانڕەواییکردنی سەرۆکوەزیرنێک لە مێژووی فەرەنسادا، چونکە بە زوویی متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز: بەهای بتکۆین بەرزبووەوە و سەردەمێکی زێڕین بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەستیپێکرد
بۆ یەکەمجار بەهای دروای ئەلیکترۆنیی بیتکۆین 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، هۆکاری هەڵکشانەکەشی ئەوەیە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوەی ئەمریکاوە پشتگیریی باشی لێدەکرێت، بۆیە سەرکەوتنی بەهای دراوەکە ئاسان بووە.
دوێنێ بەهای ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە بە رێژەی لەسەدا 6.1 بەرزبووەوە و گەیشت بە 103800ـی دۆلاری ئەمریکی. ئەوەی کە لەم دراوە روویداوە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سەرمایەی کارپێکراوی ناو ئەو بوارەدا دەکات، بۆیە چاودێران دەڵێن سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپ سەردەمێکی زێڕین دەبێت بۆ بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و نرخیان بەرزدەبێتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست: بەرپرسی ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل دەڵێت، سەرۆکوەزیران داوای لێکردووە سیخوڕیی بەسەر وەزیرەکانەوە بۆ بکات
یۆرام کووهین سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیلیی ناسراو بە شین بیت دەڵێت، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران داوای لێکردووە چاودێریی نهێنیی کارکردنی وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناو لوتکەی حکومەتەکەی بۆ بکات، پێشی بڵێت، کە ئەوانە چۆن کاردەکەن.
بە گوێرەى قسەى ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، سەرەتا ئەم کارە لە ساڵی 2018ـــدا بە چاودێریکردنی کارکردنی کەسێک دەستی پێکردووە، کە ناوی بێنی گانتزە، کە سەردەمانێک بەرپرسی یەکەمی سوپای وڵاتەکە بووە.
کۆهین دەڵێت، ئەو چاودێرییەی سەرۆکوەزیران داوای کردووە، هەر ئەوەندە نەبووە، کە لە دوورەوە سەرنج بدرێتە کەسەکان، بەڵکو ئاوا بووە، کە ئامێری تۆمارکردنی زانیارییش لەبەرامبەری ئەو کەسانەدا بەکاربێت، کە گومانیان لەسەربووبێت نهێنییەکیان هەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت: لەمساڵدا لە تورکیا نزیکەی 300 ژن کوژراون
بەگوێرەی ئامارەکان لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا 299 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
هاوکات هەر لەو ماوەیەشدا 279 هەزار و 888 رووداوی توندوتیژی لەنێو خێزانەکاندا لە دژی ژن هەبووە.
لە ئێستادا لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان داوادەکرێت رێگریی بکرێت لە قوربانییەکانی ژنان بەدەستی پیاو.
یەنیچاخ: داوای 65 ساڵ زیندانیکردنی کڵچدارئۆغڵو دەکرێت
دۆسیەیەکی یاسایی لە دژی کەمال کڵچدارئۆغڵو حەوتەمین سەرۆکی گشتیی جەهەپە کرایەوە و داوا دەکرێت 65 ساڵ زیندانی بکرێت و قەدەغەی سیاسەتکردنیشی لەسەر بێت.
تا ئێستا 18 دۆسیەی یاسایی لە دژی سەرۆکی پێشووی جەهەپە کراوەتەوە، کە بە تێکڕا داوا دەکرێت 65 ساڵ زیندانی بکرێت.
کڵچدارئۆغڵو دەربارەی کردنەوەی دۆسییەکان رایگەیاندووە: دۆسیەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دژی من نایاسایین.
قەرار جەهەپە: پێویستە کەمترین بڕە موچە 30 هەزار لیرە کەمتر نەبێت
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بۆ ساڵی نوێ پێویستە لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە، کەمترین بڕە موچە بۆ 30 هەزار لیرە زیادبکرێت و ئەگەر وانەبێت ئەوا پارتەکەیان دەنگ لەسەر پەسەندکرنی بودجە نادەن.
ئەمە لە کاتێکدایە موچەی خانەنشینان لەو وڵاتە 12 هەزار و 500 لیرەی تورکییە و کرێکاران و خانەنیشینان داوادەکەن موچەیان بۆ زیادبکرێت.
میلاد: لە ئیستەنبوڵ نرخی راگرتنی ئۆتومبێل بە رێژەی %137 گران بووە
لە ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبوڵ نرخی راگرتنی ئۆتومبێل بە رێژەی سەدا 137 گران کرا، ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی شارەوانی جەهەپەدایە.
بەگوێرەی ئەم زیادکردنە راگرتنی ئۆتومبێل بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە 55 لیرەوە کراوەتە 130 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی چوار دۆلاری ئەمریکی.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: گرووپە چەکدارەکان چوونە نێو حەما.. چاوەکان لەسەر حیمسە
هاتنەناوەوەى گرووپە چەکدارەکان بۆ نێو شاری حەما، سەرسوڕمانەکانى سوریای زیاتر کرد، ئەوەش لەسەر دەستى هەمان ئەو گرووپەى حەلەبی لە رۆژانى رابردوو کۆنترۆڵکرد، سوپای سوریا دانی بە لە دەستدانى حەمادا نا لەسەر دەستی چەکدارانی دەستەى تەحریر شام و کشانەوەشى لە پارێزگاکە راگەیاند.
ئەو گروپانەى بەرەو شاری حیمس، کە 150 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە، کەوتوونەتە جوڵە، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئەو گرووپانە لە ئێوارەی دوێنێ، پێشڕەویییەکانیان بەرەو ئەو پارێزگایە راگەیاند.
قودسی عەرەبی: سەدر داوا دەکات عێراق دەستوەردان لە حکومەت و میلیشیاکانى سوریا نەکات
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتیمانی شیعە، داوادەکات حکومەت و گەلی عێراق بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە بارودۆخی ناوخۆیی سوریا و گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانى نەکات و رێگری لە هەر لایەنێکێش بکات، نیازی کاری لەو شێوەیەی هەبێت.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتیمانی شیعە، لە کورتە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتى، دەڵێت دەبێت گەلی سوریا خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و لەگەڵ ئەوەدا نین دەستوەردان لە بارودۆخی نازخۆیی سوریادا ئەنجامدرێت.
گوتیشی، دەبێت حکومەتی عێراق و هاونیشتیمانیان و هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم گرووپە چەکدارەکان خۆیان لە دۆخی سوریا تێوە نەگلێنن و دەستوەردان لە دۆخی سوریا نەکەن.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق دەبێت رێگری بکات لە هەرچ لایەنێک بیانەوێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن و سزای هەر کەسێکیش بدات ئاسایش و سەقامگیری عێراق بخاتە مەترسییەوە.
عەرەبی جەدید: ئەمڕۆ چاودێریی ئاگربەستى لوبنان دەستپێدەکات
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەى سەرپەرشتیکردنى جێبەجێکردنى ئاگربەستى لوبنان، کارەکانى دەستپێبکات.
ئەو لیژنەیە کارەکانى بریتی دەبن لە چاودێریکردنى پرۆسە 60 رۆژییەکەى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، دوای ئەوەى نزیکەى هەفتەیەکە و لە 27ـی تشرینى دووەمەوە ئەو ئاگربەستە راگەیەنراوە، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە نزیکەى 129 جار پیشێلکاریی لەو ئاگربەستە کردووە و تا چوارشەممەیەى ئەم هەفتەیە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانى 14 کەس و برینداربوونى 14 کەسی دیکە.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینى، لیژنەکە کۆببنەوە و سەرپەرشتى چاودێرییکردنى جیبەجێکردنى ئەو ئاگربەستە ئەنجامبدەن.
عەرەب: ناکۆکییە داراییەکانی نێوان بەغداد و حکومەتی هەرێم بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچن لەبری چارەسەر
ناکۆکییە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رێگەیەکی پێچەوانەی گرتەبەر و بەرەو ئاڵۆزی زیاتر لەبری چارەسەر هەنگاودەنێت.
ئەم ناکۆکیانە فشاری زیاتری خستووەتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە رووبەڕووی دۆخێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز دەبنەوە لە ئەنجامی نەدانى مووچەی فەرمانبەران و چارەسەرنەکردنی ئەو ناکۆکیانە.
ئەمە جگە لەو دۆخە سیاسییە هەستیارەى لە ئەنجامی سەختی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانییەوە سەرهەڵدەدات، ئەو هۆشدارییە ئەمنییانەی ناوچەکەش بەهۆی رووداوەکانی سوریاوە هێندەی دیکە بارودۆخەکەى گرژتر کردووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسیار زانی لەو ناکۆکییە داراییانەى دروستبووە، تۆمەتباری کردن بەوەی هیچ کام لە ئەرکەکانیان بەرامبەر بە حکومەتەکەی جێبەجێ نەکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و گومانی خستووەتە سەر سیاسیکردنی پرسی دارایی و چارەسەرنەکردنى کێشەکانیان.