زووم..
گرووپە چەکدارەکانی تەحریر شام چوونە ناو شاری حەما و لە شەقامەکانی ئەو شارە شەڕ و پێکدادان روویدا. سوپای سوریاش دەڵێت، هێزەکانمان بۆ دەرەوەی شاری حەما کشاندەوە.
سوپای سوریا بڵاویکردوە، هێزەکانیان لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی شاری حەما لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی پاشەکشێیان کردوە و لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکە هەوڵی بەرگریکردن دەدەن. دەشڵێت، رووبەرووبوونەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوە، هێزەکانی تەحریری شام گەیشتوونەتە ناو شاری حەما و بەشێکی زۆری شارەکەیان کۆنترۆڵکردوە، سەدان کەسیش لە زیندانەکانی حەما ئازاد کراون.
هاوکات بەڕێوەبەری روانگەی سوری دەڵێت، شەڕ و پێکدادانەکە ناوچەکانی نزیک باکوور و باکووری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی حەمای گرتووەتەوە و شەڕەکە لەنێوان هێزەکانی رژێم و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە رژێم لە لایەک و دەستەی تەحریری شام و میلیشیاکانی نزیک لەو دەستەیەدایە.