زووم..
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مووچەوە رایگەیاند، “بیانووەکانی بەغداد بۆ نەناردنی مووچە پەسەند نین”، لەبارەی ئۆتۆمبێلە بیسەرەتاکانیشەوە دەڵێت، کێشەیەکی گەورەن و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان بڕیارێکی باشە.
رێبەر ئەحمەد لەسەر کێشەی مووچە گوتی، هەندێک بابەتی پەیوەست بە مووچە لە پرسی یاسایی دەرچوون و کراونەتە بابەتی سیاسی بەمەبەستی برسیکردنی خەڵکی کوردستان.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەموو داتایەکی مووچەخۆرانی رادەستی بەغداد کراون، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ نەناردنی مووچە نییە.
گوتەکانی رێبەر ئەحمەد لە کاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نوێنەرانی کوردی لە بەغداد گوتووە، رادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ کێشەی بۆ مووچە دروستکردووە. پێنج رۆژە بەغداد 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادە نییە وەریبگرێت و دەڵێت: کورتهێنان هەیە.
وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنگرەکەدا لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی لە سلێمانین لە باشماخ و پەروێزخانەوە هێنراون، مەلیکەش لە ناوچەکانی عێراقەوە بەناوی پارچەی یەدەگەوە داخڵکراون.
رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد، کەسانی دەستڕۆیشتوو لەپشت هێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەوەن.