زووم
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
باڵیۆزی ئێران لە سعودیە: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە بەرەوپێشەوە دەڕوات
عەلى رەزا عینایەتى، باڵیۆزی کۆمارى ئیسلامی ئێران لە سعودیە رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان بەگوێرەى پلانێکى ورد لە هەموو بوارەکاندا بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەتایبەتى لە بوارەکانى سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکاندا.
ئەم لێدوانەى عینایەتى لە کاتێکدایە دوێنى دواى دابڕانێکی زۆر یەکەم گەشتى بازرگانى لەڕێى فڕۆکەوە لە نێوان دەمام و مەشهەد دا دەستیپێکردەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێشتر گەشتى فڕۆکەکانى مەشهەد تەنها لە بوارى حەجدا بووە، بەڵام بازرگانیشمان بۆ زیادکرد و کاریش بۆ ئەوە دەکەین بابەتى گەشتیاریشی بۆ زیادبکەین، باڵیۆزەکەى ئێران ئاماژەى بەوەشکرد لە بوارى بەرگریشدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و پێکەوە دەیگەیەنینە دوامەنزڵ.
ئەو دەڵێت، لەماوەکانى رابردوودا ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى هەردوولا سەردانى یەکترییان کردووە و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا راوبۆچونى خۆیان گۆڕیوەتەوە و هەردوولا بە پەرۆشەوە باسیان لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات کردووە، لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستى فیکریشدا کە جیاوازییەکى زۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە بریارە لێکتیگەیشتنێکى دوولایەنە واژۆبکرێت.
سەباح
لە چین بەتەمەنەکان دەچنەوە قوتابخانە و ناویان لێناوە ئابووری زیو
بەهۆی کەمبوونەوەى رێژەى منداڵبوون لە چین بەتایبەتى لە دواى 2020 ـەوە بەشێکى زۆر لە قوتابخانەکان بەچۆڵی دەمێننەوە و کارى مامۆستاکان بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. وەزارەتى پلاندانان بۆ جێگرەوەى منداڵەکان پلانێکی نوێی گرتوەتە بەر ئەویش بردنەوەى ژنان و پیاوانى بەتەمەنە بۆ نێو هۆڵەکانى خوێندن و لەوێ راهێنانیان پێدەکەن لە بوارەکانى گۆرانى و سەما و جوڵەى وەرزشیدا.
شارەزایانى بوارەکە دەڵێن، سەردەمی کۆرۆنا کاریگەریی زۆری کۆمەڵایەتى و دەروونى لەسەر بەتەمەنەکان دروستکردووە بۆیە بیریان لەوە کردوەتەوە لەڕێى بردنەوەى بەتەمەنەکان بۆ نێوقوتابخانەکان ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو بەتەمەنانەى چوونەتەوە قوتابخانە هونەرییەکان پشووەکان نایانگرێتەوەو بەردەوام سەرقاڵی چالاکییەکانی خۆیانن لە چین ناونراوە ئابوری زیو، راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بەشێک لەو کۆمپانیایانەى کە لەبوارى شیری وشکى منداڵاندا پێشتر کاریان کردووە لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنى شیری وشکن کە بۆ بەتەمەنەکان گونجاوبێت.
عەرەب
لە جەنگدا تەنها بەرهەمهێنەرانى چەک و پێداویستییە سەربازییەکان قازانج دەکەن
لەو جەنگە ماڵوێرانکارییەدا بەرۆکی جیهانى گرتووە تەنها خاوەن کارگەکانى بەرهەمهێنانى چەک و پێدوایستییە جەنگییەکانن کە بە بازرگانانى مەرگ بەناوبانگن.
بەگوێرەى راپۆرتێکى ئەنتەرپرێس ئەو کۆمپانیایانە سودى زۆریان لە جەنگەکان مینامار و ئەفغانستان و ئۆکراین و یەمەن و سودان بینیوە، پەیمانگای ستۆکهۆڵمیش راپۆرتێکى بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەى بەوەکردوو 100 کۆمپانیاى بەرهەمهێنانى چەک و تەقەمەنى کاردەکەن لە ساڵی 2023 دا سەرمایەکەیان 632 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵی 2022 ئەوا 4.2% ـى سەرمایەکەیان زیادیکردووە.
د. سایمون ئادامز سەرۆکی ناوەندى قوربانیانی ئەشکەنجە لە سوید رایگەیاندووە، ئەوانەى کە ئەو کارە دەکەن تاوانبارانى جەنگین و گەورەترین پێشێلکاری مافەکانى مرۆڤن.
دەستور
لە نۆمانگى ئەمساڵدا داهاتى عێراق 114 ترلیۆن دینارى تێپەراندووە
وەزارەتى دارایی عێراق بڵاویکردەوە قەبارەى داهاتى ناوخۆیی عێراق لە بودجەى گشتیدا لە ماوەى نۆ مانگی رابردوودا گەشتووەتە 114 ترلیۆن دینار ئەوە لە کاتێکدا داهاتى نانەوتى 11% ـى تێنەپەڕاندووە.
وەزارەتى دارایی عێراق جەختى کردوەتەوە تا ئێستاش عێراق بەڕێژەى 89%ـى بودجەکەى پشت بە داهاتى نەوتى دەبەستێت.
پسپۆڕانى ئابووریش دەڵێن، گەورەترین کێشەى ئابوری عێراق تاک سەرچاوەییە کە بە ئابووریی رەیعى بەناوبانگە.
محەمەد حەسەنى شارەزای بوارى ئابووری رایگەیاند، کەرتى کشتوکاڵی و پیشەسازیی و گەشتیاریی بەشێوەیەکى زۆر پشتگوێخراوە و بەشێوەیەکى لەبەرچاو بەشدارییان نییە لە گەشەپێدانى ئابووری عێراقدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
چین هەڕەشەیەکی ئەتۆمیی سەرەکییە بۆسەر رۆژئاوا
سەرۆکئەرکانی سوپای بەریتانیا باس لە لاوازیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت ئەو توانا ئەتۆمییەی چین هەیەتی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ جیهان.
جیهان گەیشتووە بە سێیەم سەردەمی ئەتۆمی، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا هۆشداری بە وڵاتەکەی دەدات و دەڵێت لەم سەردەمەدا چین دەتوانێت لەڕووی ئەتۆمییەوە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر جیهانی رۆژئاوا دروستبکات.
شەوی رابوردوو ئەدمیراڵ سێر تۆنی راداکین سەرۆک ئەرکانی سوپای بەریتانیا باسی لە زاڵبوونی چین کرد و گوتی ئەو ئارامییە ئەتۆمییەی لەپاش کۆتایی جەنگی ساردەوە هاتەئاراوە، گەیشتوە بە کۆتایی، ناوی روسیا و چین و ئێران و کۆریای باکوری هێنا و گوتی ئەمانە هەموویان سەرچاوەی هەڕەشەن.
تایمز
پاش لەکارخستنی کابینەکەی بارنێ فەرەنسا تووشی قەیران بووە
پاش لەدەستدانی متمانەی پەرلەمان سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ناچاربوو حکومەتەکەی هەڵبوەشێتەوە. راستەوخۆ کۆمەڵێک دەنگ بەرزبوونەتەوە داوا دەکەن ماکرۆنیش دەست لە کاربکێشێتەوە.
وەک بەشێک لەو قەیرانەی کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە، پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە میشێل بارنێی سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە.
بارنێ لە مانگی ئەیلولەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بە دەنگدانی ٣٣١ ئەندام پەرلەمان دووردەخرێتەوە، بەمەش ماوەی حوکمڕانییەکەی دەبێت بە کورتترین ماوەی فەرمانڕەوایی لە مێژووی نوێی دەسەڵاتی کۆماری پێنجەمەوە تا ئێستا، کە لە ساڵی ١٩٥٨ـەوە دەستی پێکردووە.
فاینەنشیەڵ تایمز
دەستەیەکی سیخوڕی روسیا لە بەریتانیا ئاشکرابوو
تیمێکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی پرۆسەیەکی گەورەی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن دەستیەکی سیخوڕیی روسیا ئاشکرا کرد.
ئەم سیخوڕانە لە نێوان لەندەن و مۆسکۆ و دوبەیدا چەندین ملیار دۆلاری ئەمریکیان لە رێگەی مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە لە بەرژەوەندیی هەواڵگریی مۆسکۆ سپی کردووەتەوە.
لەبەرئەوەی مامەڵەیان بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە کردووە خۆیان لە باج و چاودێریکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکانیش شاردووەتەوە.
ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانی بۆ بنەبڕکردنی تاوان دوێنێ ناوی ناوی هەردوو کۆمپانیای (سمارت)و (تی جی ئاڕ)ی هێنا و گوتی ئەمانە بوون بە ناوەندی کارکردنی چەندین تاوانکاری دەوڵەمەند و لە دەرەوەی سیستمی بانکییەوە مامەڵەی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیان کردووە.
ئۆرشەلیم پۆست
تەرمی بارمتەیەک لە غەزە دۆزرایەوە
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئیتای سڤیرسکی بارمتەیەکی ئیسرائیلی بووە، رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر بە بارمتەگیراوە. لە چالاکییەکی هاوبەشی سوپا و دەزگای شین بێتدا تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
لەبەرئەوەی ئیتای ئەندامی بزووتنەوەی کیبوتز بووە، هەر زوو کوژراوە، تەرمەکەشی لەناو کەرتی غەزەدا فڕیدراوە. کیبوتز بزووتنەوەیەکی زایۆنیزمییە. لە سەرەتای دامەزارندنییەوە کاری لەسەر نیشتەجێکردنی خەڵکی جوو لەنێو ئیسرائیلدا کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
سەرەتا دەبێت ئۆتۆمبێلەکەت بیمە بکەیت پاشان بیفرۆشیت
لە تورکیا پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بەناوکردن و تۆمارکردنی، چەند گۆڕانکاریەکی بەسەردا دێت.
ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە تازە دەکرێتەوە.
ئەوانەی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو دەکڕن، ناچارن پێش ئەوە بیمەی هاتوچۆیان هەبێت.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی تایبەتن بە کەمئەندامان لەسەر ناسنامەکان تۆمار دەکرێن و کەسانی دیکە ناتوانن بەکاری بهێنن.
هەروەها سیستەمی تازەکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت.
سۆزجو
قەدەغە و فشاری سیاسی ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت
ئەکرەم ئیمامۆغڵو لەسەر قەدەغەی سیاسیی کەسیی و رێگرییەکان پەیامێکی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا کرد و پێی گوت، لە کوچەیەکدا سەرۆکی شارۆچکەیەکی بچوک بوو، ئێستا سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵە، بۆیە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بیت لە دژایەتی و رێگریی سیاسی، ئەوا خراپتریشی بۆ دێتەپێش.
قەرار
کلیلی شەڕەکەی ئێستای سوریا لە دێرەزوورە
لەدوای ئەو شەڕەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردووە بۆ راماڵینی هێزەکانی حکومەت، ئەسەد هەموو ئومێدەکانی لەسەر دێرەزوور هەڵچنیوە. لەو ناوچەیەدا کە گروپەکانی نزیک لە ئێران کۆنتڕۆڵی دەکەن، ئەو ناوچەیە گرنگە لەرووی دەروازەی گەیشتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراقەوە بە سووریا بۆ هاوکاری کردنی رژێمی ئەسەد. هەرچی یەپەگەیە لەکاتێکدا لە حەلەب هاوشانی هێزەکانی ئەسەد دەجەنگێت، لە دێرەزوور بە یاوەری ئەمریکا دژی میلیشیا شیعەکان لەشەڕدایە.
تورکگون
ئەوەی لە سوریا روودەدات دەستی تورکیای تێدا نییە
عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی پێشهاتەکانی سوریاوە رایگەیاند تورکیا دوور و نزیک توخنی دۆخی سوریا نەبووە، لە دژی دەوڵەت یان لەگەڵ هیچ گرووپێکدا نییە، تەنیا لەدوورەوە سەیر دەکات، بەڵام لەبارەی ئاسایشی تورکیا، نایانەوێت رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە تەلرەفعەت و مەنبج ببینن، هەروەها ئەو هێڵەی بە قووڵی ٣٠ کم لە سوریا هەیانە هێڵی سوورە.