زووم…
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کامپ و ئاوارەکان لە ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا دەڵێت، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە هەزاران کەس ئاوارەی ناوچەکانیان بوون و بەردەوامن لەسەر پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکانی شەهبا و دەوروبەری عەفرین و دەوروبەری حەلەب.
دەشڵێت، ژمارەی ئاوارەکان لە سەروو توانای ئەوانەوەیە و داوایان لە رێکخراوەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتوەکان کردووە دەستوەردانی خێرا بکەن و هاوکارییەکانیان بگەیەننە خێزانە ئاوارەکان.
بە گوتەی شێخموس، لەم قۆناغەدا کارەکانیان زیاتر بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، کە لە سەرجەم دەروازەکانەوە دەیان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی شەڕ روویان لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر کردووە و کاروانی ئاوارەکانیش بەردەوامن و بەڕێوەن.
باسی لەوەش کردووە، داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوکاریان بێت بۆ کردنەوەی دەروازەی تەل کۆچەری نێوان عێراق و سوریا، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە کۆمەک و هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ئاوارەکان و ئاسانکاری بکات بۆ ئەرکی ئیدارەی خۆسەر لە دابینکردنی پێداویستییەکان سەرەکییەکان.