زووم
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و دابەشکردنی مووچە یەکلادەکاتەوە، سەرچاوەیەکیش پێشتر بە زوومی گوتبوو، حکومەت ئەمڕۆ بڕیار دەدات لەوەی یان مووچە دابەش بکات و بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانی مووچە پڕ بکاتەوە یان کاتی دابەشکردنەکەی زیاتر دوابکەوێت.
وەزارەتى دارایی عێراق لە رۆژى یەکى مانگ 761 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگی 10ـی نارد، بەڵام حکومەتى هەرێمی کوردستان ئامادە نییە پارەکە لە بانک رابکێشێت و دەڵێت، 996 ملیار دیناریان پێویستە، واتە 235 ملیار دینار کورتهێنانیان دەبێت.
دوێنێ کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەڕێوەدەچوو، سەرچاوەیەکى ئاگادار بە زوومى راگەیاندبوو، حکومەتى هەرێمی کوردستان داوای لە محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کردبوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەرکردنى ئەو کورتهێنانە بکات و هەوڵی گواستنەوەی پارە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆسەر خەرجیى مووچە بدات، بەڵام سودانی هیچ قسە و بڕیارێکى لەوبارەیەوە نەکرد و نەدا.
حکومەتى هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتى ناوخۆ، داهاتى فرۆشتنى نەوتى تانکەرى هەیە، بەگوێرەى بەدواداچوونە میدیاییەکان، مانگانە نزیکەى 300 ملیار دینارە، بەڵام داهاتەکە بۆ خەزێنەى حکومەت ناگەڕێتەوە و بۆ مووچە خەرج ناکرێت.