زووم
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
ژمارەکانى دەزگای ئامار لەسەر رێژەى هەڵاوسان جیاوازیان هەیە
بەگوێرەى داتاکانی دەزگای ئاماری تورکیا لە مانگی تشرینی دووەم رێژەى
هەڵاوسان لە تورکیا لەسەرئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 47.2% لەسەرئاستی مانگانەش 2.2% زیادیکردووە.
هاوکات بە گوێرەى داتاکانى گروپی بەدواداچونی هەڵاوسان
ENAG هەڵاوسان لەسەر ئاستی مانگانە بە رێژەى 4% زیادیکردووە، ساڵانەش 86.87% بووە
بەگوێرەى ئەم دوو داتا جیاوازانە بێت، ژمارەکانى دەزگای ئامار لەسەر رێژەى هەڵاوسان جیاوازی هەیە.
بەگوتەی پسپۆڕان، لە ساڵى 2025 دا رەوشی ئابووری خراپتر دەبێت.
تورکگون
باخچەلی: دەبێت دەم پارتی ببێتە پارتێکی تورکیایی
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، بانگەوازێکی دیکەى بۆ دەم پارتی کرد و گوتی، یان ئەوەتا دەم پارتی دەبێتە پارتێکی تورکیایی، یان ئەوەتا دادگا رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر.
باخچەلی گوتیشی، کورد برای ئێمەن، بەڵام پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی ئێمەن.
باخچەلی دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت تیرۆر کۆتایی پێبێت و بەهار بێتە تورکیا.
یەنیچاخ
کرێ خانوو بە رێژەى 45 ـــ 60% بەرزبووەتەوە
بەهۆی بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا و گرانبوونی نرخی شتومەک کاریگەریی لەسەر گرانی کرێ خانوو کردووە.
بەگوێرەى ئامارەکان بەشێوەیەکی گشتیی کرێ خانوو بە رێژەى 60 ـــ 45% زیادبووە.
تورکیا
لە 22 ساڵدا 71هەزار فەرمانبەر کەمئەندام بوون
لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ژمارەى ئەو فەرمانبەرانەی کەمئەندامن لەماوەى 21 ساڵدا 12 هێندە زیادبووە، گەیشتۆتە 71 هەزار فەرمانبەر.
بەگوێرەى ئامارەکان لە ساڵی 2002دا ژمارەى ئەو فەرمانبەرانەى دەوڵەت کە کەمئەندامبون پێنج هەزار و 77 بووە، ئێستاش گەیشتووەتە 70 هەزار و 878 فەرمانبەر.
قەرار
ئەم زستانە هاووڵاتیانی تورکیا ناتوانن خۆیان گەرم بکەنەوە
چاوەڕێ دەکرێت زستانێکی سەخت لە بەردەم هاووڵاتیانی تورکیا بێت.
بەهۆی گرانبوونی نرخی غازی سروشتییەوە رەنگە هاوڵاتیان نەتوانن لەم زستانەدا خۆیان گەرم بکەنەوە بەهۆی گرانبوونی غازەوە.
حکومەت بەنیازە لە ساڵی نوێدا نرخی غاز بە رێژەى 60% بەرزبکاتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
ئێران تاوتوێی ناردنی هێزی سەربازی دەکات بۆ سوریا
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پلانی گەشتەکەی بۆ روسیا بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکانی سوریا راگەیاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دیمەشق داوای ناردنی هێز بکات، ئەوا لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەین.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئامادەیە دۆخی سوریا هێور بکاتەوە و دەستپێشخەرییەکی کردەیی بۆ چارەسەری هەمیشەیی دابین بکات.
ناوبراو فراوانکردنی چالاکییەکانی تاقمە تیرۆریستییەکان لە سووریا بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی زانی و مەرجی دیمەشقی بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا بۆ چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد و ئەردۆغان بە مەعقول زانی.
روزگار
سەرۆککۆماری ئێران: هەندێک نانی شەویان نییە؛ هەندێکیش بە گەندەڵی دەوڵەمەندتر دەبن
لە کۆنفرانسی بیمە و گەشەپێدان، سەرۆککۆمار مەسعود پزشکیان گوتی، “هەموومان باسی ناڕەزایی دەکەین، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناگرینەبەر”.
پزشکیان جەختی لەوە کردەوە کە کێشە ئابوورییەکان چارەسەری دادپەروەرانەیان هەیە و پێویستە بە دەستپێکردنی چارەسەرەکە رازیبوونی خەڵک مسۆگەر بکرێت بەڵام هەندێک کەس نانی شەویان نییە و هەندێکیش بە گەندەڵی قەڵەوتر دەبن.
گوتیشی، هەر نەخۆشییەک چارەسەری تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت رێکاری جدی لە ئابووریدا بگیرێتەبەر، هەڵاوسان زۆرترین فشار دەخاتە سەر هەژاران.
ئارمانی ئیمروز
لە ئێران 70%ـی خەڵک تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون
ئەندامی رێکخراویی تەندروستیی ئێران رایگەیاند:70ـی خەڵک رووبەڕووی فشاری توندی کار و ژیان دەبنەوە کە ئەوەش بووەتە هۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی دەروونی لە کۆمەڵگادا و دەشڵێت، جگە لە کاریگەرییە تاکەکەسییەکان، دەبنە دیاردەی کۆمەڵایەتیش.
ساناز فەتورەچی هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە دڵخۆشی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، لە پاراستنی تەندروستی دەروونیدا و نەبوونی دەبێتە هۆی دروستبوونی “کۆمەڵگایەکی تووڕە؛ کۆمەڵگایەک کە شەڕانگێزی و کێبڕکێی ناتەندروستی تێدا بەدی دێت.
دەشڵێت، بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە وەک بیرکردنەوە لەوەی کە دڵخۆشبوون گوناحە یان دڵتەنگی مرۆڤ لە خودا نزیک دەکاتەوە، یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی دڵەڕاوکێ کە بەگوێرەی رێکخراوی جیهانی تەندروستی 46% مردنی ئێرانییەکان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوەیە.
ئەبرار
ئێران توانای زیادکردنی رووبەری کشتوکاڵی نەماوە
کامبیز بازرگان، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی خاکی ئێران رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، چیتر ناتوانرێت رووبەری کشتوکاڵی فراوان بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە گرنگیدان بە ژینگە دەتوانێت فەریادڕەسێک بێت بۆ ژیاندنەوەی زەوی.
بازرگان جەختی لەوە کردەوە کە خاکی تەندروست توانایەکی بەرزی هەیە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و پاککردنەوەی ئاو و هەڵگرتنی کاربۆن بۆ هەناسە، هەروەها رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کۆنترۆڵکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و دابینکردنی خۆراک.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
راگەیاندنی باری نائاسایی کۆریای باشووری تووشی قەیران کردووە
لە شەوی رابوردووەوە یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ئاسیا گرفتاری قەیران بووە، شەوی رابوردوو، یوونی سەرۆکی کۆریای باشوور لە پڕێکدا باری نائاسایی راگەیاند، ئەمەش بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزاییەکان و دروستبوونی گرژی و خۆپیشاندان لە دەوری پەرلەمان.
لە سیئۆلی پایتەختی ئەو وڵاتە هێزێکی زۆر جوڵێندران، جوڵاندنی ئەو هێزانە لە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەودا سەربازەکان گەمارۆی ئەندام پەرلەمانەکانیان دا، رێگرییان دەکرد لەوەی ئەندام پەرلەمانەکان بگەن بە شوێنی دانیشتنی خۆیان و کۆبونەوەیان ئەنجام بدەن.
گاردیەن
دانیشتووانی حەلەب بە ترسەوە چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوەی ئەسەد دەکەن
پەیکەرێکی حافز ئەسەدی پێشووی سەرۆکی سوریا لەناوەڕاستی گۆڕەپانێکدا سووتێندرا، کە رۆژانێک مەیدانی سەرەکیی ناو شاری حەلەب بوو. سوتاندنی پەیکەرەکە بەشێوەیەک بوو کە ئیتر ناناسرێتەوە هیی کێ بووە. ئێستا ئەو شارە لە ژێڕ کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە ئەسەددا نەماوە، بۆیە خەڵکی دانیشتووی ئەو شارە بە ترس و گومانەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە هەر چرکەساتێکدا بۆمباباران بکرێن.
ترسی تەواوی دانیشتوانی ئەو شارە لە ئێستادا لەوەیە، کە لەڕێگەی فڕۆکەوە یان تۆپهاوێژەکانەوە بۆردوومان بکرێن.
عەرەب نیوز
سعودیە رێکخراوی ئاوی جیهانی دروستدەکات
پادشای ئەو وڵاتە داوا لە وڵاتەکانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێوودەوڵەتییەکان دەکات ببن بە ئەندام لە ئەو رێکخراوە نوێیەدا.
جیهان لەبواری دابینبوونی ئاودا تووشی قەیرانی گەورە هاتووە. بەشێک لەم قەیرانە بریتییە لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی رێژەی ئاو و فراوانبونەوەی بە بیابانبوون و گەورەبوونی هەڕەشەکانی ئەم دوو دیاردەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی.
بۆیە سعوودیە کار لەسەر ئەوەدەکات ئەو رێکخراوی ئاوە لە ئاستی جیهاندا کار لەسەر رووبەڕووبونەوەی قەیرانی ئاو بکات.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل دەیەوێت سوپا سالاری وڵاتەکەی دووربخاتەوە
بڕیارە هێزڵ هاڵڤیی بەرپرسی کاروباری وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەسەر کارەکەی لابدرێت. لە شوێنی ئەو ئەیال زامیربەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکە بخرێتە جێگاکەی.
14 مانگ بەسەر دەستپێکردنی شەڕەکاندا تێپەڕدەبێت. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چاوەڕوانی ئەوەن هاڵڤی بڕیارە قورسەکە بدات، هەلومەرجی سەر سنورەکان قورسن و دەبێت ئەم مەسەلەیە هەرچی زووترە کۆتایی پێبێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
راپۆراتێکى هەواڵگریی هۆشداریی داوە بە عێراق نەکەوێتە داوەکەوە
یەکەمجارە عێراق بەئاشکرا پشتیوانى لە بەشار ئەسەد بکات و لە هەمان کاتیشدا رێگریی لە هاوکاریی سەربازیی و دەستێوەردانى سەربازیی بکات.
بەگوێرەى سەرچاوەکان راپۆرتێکى هەواڵگریی تایبەت دراوە بە بەغداد کە تێوەگلان لەو جەنگەى ئێستا لە سوریا سەریهەڵداوە، واتا بەخێرایی کەوتنە نێو ئەو داوەى کە لە ناوچەکەدا نراوەتەوە.
لەنێوان سیاسیەکانى عێراق و سەرکردەى میلشیاکاندا هێشتا مشتومڕ بەردەوامە لە ناردنى ئەو چەکدارانەى کە سەربە ئێرانن، لە راپۆرتەکەدا هاتووە وێڕاى بەهەند وەرگرتنى ئەو هەڵوێستەى ئێستاى عێراق بەڵام دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و چاودێریی گۆڕانکارییەکانى رۆژانە بکرێت، رۆژنامەکە نووسیویەتى تاکە شتێک کە لەم قۆناغەدا حکومەت بیکات ئەوەیە لە هەوڵەکانى بەردەوام بێت، سەرەڕای ئەو هەڵوێستە فەرمییانەش بەرپرسێکى باڵای سوریا بە رۆژنامەکەى گوتووە کاروانێکى ئۆتۆمبێلى سەربازیی دیوە کە بە ئاڵای عێراقەوە لە ئەلبوکەمال سوڕاونەتەوە لەگەڵ بوونى چەند گروپێکى چەکداریی عێراقى کە لەسەر سنوورەکە بوون.
سەباح
شەقامەکانى بەغداد بوون بە گۆڕەپانى جەنگ
عەبدولزوهرە هنداوى ، گوتەبیژى وەزارەتى پلاندان رایگەیاند، تەنها لە 2023 دا 3000 کەس بە روداوەکانى هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
تادێت شەقامەکانى بەغدادى پایتەخت قەرەباڵغتر دەبن و بە دوکەڵ و زۆری ژمارەى ئۆتۆمبێلەکان دەخنکێن و ژمارەى رووداوەکانیش روویان لە بەرزبوونەوەیە.
حەیدەر محمەد وائیلى بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان و راگەیاندنى هاتوچۆی بەغداد رایگەیاند، لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا تەنها لە بەغداد دوو ملیۆن سەرپێچى هاتوچۆ تۆمارکراون، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە هۆکارەکانى دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى هوشیارى شۆفێرەکان و خراپی رێگەوبان و خێرایی لێخوڕینە کە رۆژنامەکە ناوى ناوە “شێتانە لێخوڕین” .
بە گووتەی وەزارەتى پلاندانان لە ساڵی رابردوودا جگە لە هەرێمى کوردستان کەمتر لە 12 هەزار رووداوى هاتوچۆ تۆمارکراوە و تیایدا دوو هەزار و 472 کەس لە رەگەزی نێر و 547 کەسیان لە رەگەزی مێ گیانیان لەدەستداوە.
عەرەب
بەقاچاغبردنى سوتەمەنى عێراق سودێکی گەورەى بە ئێران و بریکارەکانى بەخشیوە
ئێران تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی ئاڵۆز لە عێراقدا بەڕێوەدەبات، کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە لەو رێگەیەوە ئێران و بریکارەکانى ساڵانە یەک ملیار دۆلاریان دەستدەکەوێت.
رۆژنامەکە نوسیویەتى لەسەردەمى دەسەڵاتى سودانیدا ئەو تۆڕانە زیادیانکردووە، بەگوێرەى راپۆرتەکە زۆرینەى نەوتى رەش و ئەو بابەتانەى لەبوارى قیردا بەکاردەهێنرێت بە قاچاخ دەبرێتە ئێران و ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 750 هەزار تەن نەفتا دەبرێتە ئێران کە بەرامبەرە بە نزیکەى پێنج ملیۆن بەرمیلە نەوتى مانگانە.
ئاماژەى بەوەشکردوو راپۆرتە هەواڵگرییەکانى رۆژئاوا باس لەوە دەکەن ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى وەهمی لە عێراقدا هەن کە هەندێکیان تەنها ناویان هەیە و کاریان هەناردە کردنى نەفتا و رۆنى رەشە بۆ ئێران و کۆمپانیا حکومیەکانیش لە لایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە بەڕێوەدەبرێن، راپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژەى بەوەشکردووە نەوتى ئێران دێتە عێراق و تێکەڵ دەکرێت و دەبرێتە بازاڕەکانى جیهان و دواتر داهاتەکەى دەدرێتەوە بە ئێران.
دەستور
سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشداریی کردنەوەى کڵێساى نۆتەردام دەکات
بڕیارە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان رۆژى حەوتى ئەم مانگە بچێتە فەرەنسا و بەشداریی بکات لە کردنەوەى کڵێساى نۆتەردام دا.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە سەرۆکی هەرێمى کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسان و سەرۆکی وڵاتاندا بەشداریی ئەو مەراسیمە بکات، بەگوێرەى سەرچاوەکان کڵێساکە لە سەدەى چوارەمى زاینیدا بونیاد نراوە و چەندین هونەرى بیناسازیی تێدا ئەنجام دراوە و چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە بریارە لە رۆژى حەوتى ئەم مانگەش بە فەرمی بکرێتەوە.