زووم..
لە کۆریای باشوور دۆخی سیاسی تێکچووە و باری لەناکاو راگەیەندراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکى کۆریای باشور ویستى دەسەڵاتى عورفی بسەپێنێت، بەڵام پەرلەمانى ئەو وڵاتە پرسەکەیان خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەى دەنگ رەتیانکردەوە.
يون سوك يول، سەرۆککۆماری کۆریای باشوور، ویستى دەسەڵاتى عورفی بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێت و پاساوەکەشی ئەوە بوو وڵاتەکەى لە هەژموونى چەپخوازیی و رەوتە بەرهەڵستکارەکان دووربخاتەوە.
پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای بڕیارەکەى یول، دانیشتنى نائاسایی ئەنجامدا و بە دەنگی 190 پەرلەمانتار لەکۆی 300 ئەندام، بڕیارەکەیان هەڵوەشاندەوە.
پارت و گروپە سیاسییەکانى ئەو وڵاتە رەخنەى توندیان لە بڕیارەکە گرت و بە تێکچوونى سەقامگیرییان ناوبرد.
دەسەڵاتی عورفی وا باوە، کاتێک باری نائاسایی روو لە وڵاتێک دەکات، وەک هێرشێکی لەناکاوی دەرەکی یان کارەساتێکی کۆمەڵایەتی یان سروشتی یان هەر تێکچوونێکی شیرازەیی کۆمەڵ، ئەوا دەسەڵاتێکی تایبەتی رادەگەیەنرێت و حوکمی دەستوور هەڵدەپەسێردرێ و دەسەڵاتی عورفی دەسەپێت.