زووم…
مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، رەخنەی زۆری لە یاسای حیجاب هەیە و پێیوایە ئەو یاسایە زیانی زۆری بە کۆمەڵگەی ئێرانی گەیاندووە.
پزشکیان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، وەک سەرۆکی وڵات، کە بەرپرسە لە پەسەندکردنی یاسای حیجاب، رەخنە و سەرنجی زۆری لەسەر یاساکە هەیە.
دەشڵێت، نابێت دەسەڵاتداران شتانێک ئەنجام بدەن ببێتە هۆی توڕەکردن و بێزارکردنی خەڵک.
گوتەکانی مەسعود پزشکیان لە کاتێکدایە پەرلەمانی ئێران هەموواری نوێی یاسای حیجابی پەسەندکردووە و تیایدا سزای توندی دارایی بۆ ئەو ژنانە دیاریکردووە کە لە میدیا و شوێنە گشتییەکاندا پێشێلی یاسای پۆشینی حیجاب دەکەن.
ئێستا یاساکە پێویستی بە واژۆی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دیار نییە ئایا پزشکیان واژۆ لەسەر یاساکە دەکات یان رەتیدەکاتەوە.