زووم…
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی دەکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە زوومی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە محەمەد شیاع سودانی کردووە لە کۆبوونەوەکدا باس لە چارەسەرکردنى ئەو کورتهێنانە بکات بۆ مووچەى هەرێمی کوردستان دروست بووە، ئەویش بە گواستنەوەى پارە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆسەر خەرجیى مووچە، بەڵام هێشتا سودانی بەڵێنی نەداوە باسی ئەو گواستنەوەیە بکات.
وەزارەتى دارایی عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر بڕى 761 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگی 10 ناردووە، بەڵام حکومەتى هەرێمی کوردستان ئامادە نییە دابەشى بکات و دەڵێت، ئەوان 996 ملیار دیناریان پێویستە و ئەگەر وابێت بۆ هەر مانگێک 235 ملیار دینار کورتهێنانیان دەبێت.
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاند، رۆژى چوارشەممە ئەنجومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە و بڕیاردەدات، یان مووچە دابەش بکات و ئەو کورتهێنانەى دروستبووە لە داهاتى ناوخۆ پڕبکاتەوە، یاخود زیاتر دابەشکردنى مووچە دوابخرێ.
بەگوتەى بەرپرسانى هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەمڕۆ سودانى باسی ئەو گواستنەوەیە بکات و بیکات بە بڕیار، کێشەى مووچەى هەر سێ مانگەکە چارەسەردەبێت، چونکە هەرێمى کوردستان نزیکەى چوار ترلیۆن دینارى لە بودجەى وەبەرهێنان ماوە.
حکومەتى هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتى ناوخۆ، داهاتى فرۆشتنى نەوتى تانکەر هەیە، کە بەگوێرەى بەدواداچوونە میدیاییەکان مانگانە نزیکەى 300 ملیار دینارە، بەڵام داهاتەکە بۆ خەزێنەى حکومەت ناگەڕێتەوە و بۆ مووچە خەرج ناکرێت.