زووم..
جارێکی دیکە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بایکۆتی فەرمانبەران بەهۆی دواکەوتنی مووچە دەستیپێکردەوە.
زوومی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، زانیارییان هەیە، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانگەکان و نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان دەستپێکردووە.
هاووڵاتیان بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانیان یان چارەسەر سەردانی فەرمانگە و ناوەندە تەندورستییەکانیان کردووە، بەڵام بەهۆی داخرانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بەشێک لە هاووڵاتیان لەبەردەم فەرمانگە و ناوەندە تەندروستییەکان قسەیان بۆ زووم کردووە و دەڵێن، ئەو دۆخەی هەیە بێباکی بەرپرسانی حکومەتە، فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش مافی خۆیانە داوای مووچە بکەن، ناکرێت فەرمانبەران دەوام بکەن و مووچەیان پێنەدرێت.
دەستپێکردنەوەی بایکۆتی فەرمانبەران لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە بەغداد بڕی ٧٦١ ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم دەڵێت ئەو پارەیە بەشی تەواوی مووچەی فەرمانبەران ناکات و کورتهێنانی هەیە، بۆیە ئامادەنین وەریبگرن.