زووم..
بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە 200 هەزار کەس لە شەهبا و تەل رەفعەت ئاوارەبوون
زوومی رۆژاڤا دەڵێت، دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی ئاوارەکانی شەهبا و عەفرین بۆ ناوچەی تەبقە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووەم کاروانی ئاوارەکان گەیشتوونەتە رەقە و لە یاریگای شارەوانیی شارەکە پێشوازییان لێکراوە.
دەشڵێت، ئیدارەی خۆسەر بۆ پێشوازیکردن و دابینکردنی پێداویستیی ئاوارەکان لیژنەی پێکهێناوە تاوەکو کارئاسانی بۆ گەیشتن و نیشتەجێکردنیان بکرێت و تیمی تەندروستیش پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی تەندروستیی ئاوارەکان و چارەسەرکردنیان، هاوکات داواش لە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کراوە هاوکاری و پێداویستی بگەیەنرێتە ئاوارەکان.
زوومی رۆژاڤا دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار کەس لە ئاوارەکانی عەفرین، کە لە كامپ و ناوچەی شەهبا نیشتەجێ کرابوون، لە دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەناچاری ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی رۆژاڤا بوونەتەوە.
دوای هێرشەکانی ساڵی 2018ـی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆسەر ناوچەکانی عەفرین، زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتیی عەفرین ناچار بوون ماڵوحاڵیان جێبهێڵن و بەرەو ناوچەکانی شەهبا و تەل رەفعەت ئاوارە ببن، بەشێکیشیان بەرەو شاری حەلەب رۆیشتن.