زووم..
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەدان چەکداری گروپە چەکدارەکانی عێراق سنوریان بەرەو سوریا بەزاندووە بۆ شەڕکردن دژی گروپە چەکدارەکانی سوریا، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.
رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقییەوە رایگەیاند، نزیکەی 300 چەکدار، کە زۆرینەیان لە گروپی چەکداری بەدر و نوجەبای عێراقین، رۆشتوونەتە سوریا.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای سوپای سوریا ئەوەی بە رۆیتەرز گوتووە، چەکدارەکان بە گروپی بچوک بچوک سنووریان بەرەو سوریا بەزاندووە بۆ ئەوەی بەرچاو نەبن و بۆردومانی ئاسمانی نەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، هیچ چەکدارێکی گروپەکانی ژێر دەستی ئەوان نەچوونەتە سوریا. وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش پێشتر رایگەیاند، هیچ جموجوڵێک لەسەر سنوری سوریا نەبووە.
سوپای سوریا کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە و گروپە چەکدارەکانی سوریا، کە سوپای نیشتمانی سوریا (ئۆپۆزسیۆن) سەرپەرشتیان دەکات و تورکیا پاڵپشتیانە، توانیویانە پێشڕەویەکی گەورە لە حەلەب بکەن و دەست بەسەر پارێزگاکەدا بگرن.