زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە هەشت مانگدا هەشت ملیار دۆلار بووە
ئەمساڵ هەناردەی نانەوتی ئێران بۆ عێراق گەیشتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 11 ملیار دۆلار کە ئاستی پێوانەییە.
عەبدولئەمیر رەبیهاوی، بەڕێوەبەری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی دەڵێت، هەناردەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 36% زیادی کردووە.
هەروەها هەناردەی مانگی رابردوو بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەوەش نیشاندەری بەهێزبوونی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق و زیادبوونی خواستە لەسەر کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق.
باختەر
“هۆرە” وەک دەنگێکی نیشتمانی تۆمار دەکرێت
شارەزای میراتی فەرهەنگی پارێزگای کرماشان پلانی تۆمارکردنی نەتەوەیی دەنگە کۆنەکانی “هۆرە”ی راگەیاند.
عەزیز مستەفایی ئاماژەی بەوەکرد، هۆرە تەمەن حەوت هەزار ساڵەوە 50 جۆری هەیە کە دەتوانرێت بەجیا تۆماربکرێن.
ئەم دەنگە لای هۆز و زاراوە جیاوازەکانی کرماشان وەک قەڵخانی و جاف و کەلهوڕ بەناوبانگە و لە ناوچەکانی وەک هەورامان، بە شێوازێکی هاوشێوەی سیاچەمانە دەبینرێت.
مستەفایی جەختی لەوە کردەوە کە هورە کە بەبێ مۆسیقا پێشکەش دەکرێت، تا ئێستاش لای نەوەی نوێ جێی بایەخە بەڵام پێشتر لە رێوڕەسمی ماتەمینیدا بەکاردەهێنرا و ئێستا کەمتر بووە.
دەشڵێت، هەوڵدان بۆ پاراستنی ئەو دەنگانە ئەرکێکی گرنگە کە لە کۆنترین بەرهەمە کلتوورییەکانی جیهانن.
ئەبرار
ئاماری ململانێکانی سەرشەقام لە زیادبووندایە
ئاماری پزیشکی دادوەریی ئێران دەریدەخات کە ساڵی رابردوو نزیکەی 900هەزار کەس بەهۆی ململانێی شەقامەوە رەوانەی ئەم دامەزراوەیە کراون.
لەو ژمارەیەش نزیکەی 300هەزار کەسیان ژن و 600هەزار کەسیان پیاو بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 323 هەزار کەس راوێژیان بە پزیشکی دادوەری کردووە.
پارێزگای تاران زۆرترین ململانێی تێدایە کە زیاتر لە 56 هەزار کەس بووە.
ئەم ئامارە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی 3%ـــی ململانێکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو.
شەڕی سەر شەقامەکان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە خۆپاراستن و رێبازی کلتووری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی هەیە.
ئاسیا
باج دەخرێتە سەر خانوە چۆڵەکان
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نیشتەجێبوون و گەشەپێدانی شار رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە 330 هەزار خانووی چۆڵ لە پارێزگاکانی ئێران دۆزراونەتەوە و بە رێکخراوی کاروباری باج ناسێندراون.
بەگوێرەی یاسای پاسەندکراو ئەو خانوانەی کە چۆڵن و لەلایەن خاوەنەکانیان بەکرێ نادرێن، دەبێ باج بدەن.
نەورۆزی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە پڕۆسەی ناسینەوەی خانووە چۆڵەکان بەردەوامە و زیاتر لە 14 هەزار خاوەن ماڵ زانیارییەکانیان لەم سیستەمەدا تۆمارکردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوه کرد که هەندێک کێشه له ناسینەوەی خانووی چۆڵدا به هۆی کێشە یاساییەکانەوه دروست دەبێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
فڕۆکەى بێفڕۆکەوان رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە پێشکەوتنى گروپە چەکدارەکانى سوریا
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتى روانگەى سوریی بۆمافەکانى مرۆڤ دەڵێت، ئەفسەرانى بیانیی راهێنانیان بە ئەندامانى بەرەی تەحریری شام کردووە لەسەر چۆنیەتى بەکارهێنانى فرۆکەى بێفرۆکەوان و درۆنی خۆکوژ. ئەو فرۆکانە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پێشڕەوییەکاندا، دەستگرتن بەسەر پێگەسەربازییە حکومییەکاندا لە حەڵەب و ئیدلیب.
میدیاى فەرمی سوریا جەختى کردوەتەوە، لەسەر بەکارهێنانى فرۆکەى بێفڕۆکەوان و خۆکوژیی پێشکەوتوو ئەوەش بەڵگەى پشتیوانیکردنى ئەمریکا و زایۆنی و رۆژئاوایە بۆ ئەو گروپانە وەک سەرچاوە سوریەکان ئاماژەیان پێداوە بۆ گروپە چەکدارەکان.
رۆژنامەکە نوسیویەتى، گروپەکانی عیقاب و شاهین، کەبەم دوایانە دەرکەوتوون، لەبواى بەکارهێنانى فرۆکەى بێفرۆکەوان و درۆنی خۆکوژدا پسپۆڕن و ئەوەش بوەتە هۆی پێشڕەوییە خێراکانى گروپی تەحریری شام.
سەباح
ئاوى ژێرزەوى عێراق پڕە؛ لەسەر زەویش 30 بەنداو دروستدەکرێن
مەیسەم عەلى خزەیر، بەڕێوەبەرى دەستەى گشتى ئاوى ژێرزەوی لە وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند، گەنجینەى ئاوی ژێر زەوی عێراق پڕە و لە ئەگەرى کەمبوونەوەى ئاوى سەرزەوییدا دەتوانین قەرەبووى بکەینەوە.
راشیگەیاند، فەرمانگەکەیان پلانێکى درێژخایەنى هەیە کە بتوانێت بەشێوەیەکى زانستییانە بەکاری بهێنێت بەتایبەتى لەناوچە دەشتایی و بیابانییەکان.
گوتیشى لەنێو پلانەکەدا دروستکردنى بەنداوى تێدایە و لە ئێستادا سەرقاڵی توێژینەوەین بۆ دیاریکردنى شوێن و دیزاین و بڕی تێچوونەکەى، بۆئەوەى لەوەرزی باران و لافاو و زریانەکاندا ئاوگلبدەینەوە لەبەر ئەوەى کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئاوى ژێرزەوی و بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا پرۆژەى 30 بەنداوى گەورەو بچووک ئامادەى جێبەجێکردنن لە نێو بیابانەکانى رۆژهەڵات و رۆژئاواى عێراق بەتایبەتى لە بیابانەکانى سەماوە، نەجەف، رومادی و حۆران و بەگوێرەى ئەو پلانە 300 ملیۆن مەتر ئاو گلدەدرێتەوە.
دەستور
60 رێکخراوى ناوخۆیی داواى هەموارکردنەوەى یاساى بەدەستهێنانى زانیاریی دەکەن
رێکخراوى بورج بابل بۆ پەرەپێدانى میدیا لە عێراق ئاشکرایکرد شەست رێکخراوى ناوخۆیی واژۆیان کۆکردوەتەوە بۆ هەموارکردنەوەى یاسای بەدەستهێنانى زانیاریی و بۆ ئەو مەبەستە سێ جار لەگەڵ لیژنەکانى رۆشنبیر و راگەیاندن، یاسایی و مافەکانى مرۆڤی پەرلەمان کۆبوونەتەوە، هەموارى یاساکەشیان داوەتە سەرۆکی لیژنەکان. فاروق حەنا سەرۆکی لیژنەى رۆشنبیری و میدیا لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند سەرجەم تێبینییەکانیان خوێندوەتەوە و ئەرشەد ساڵحیش سەرۆکی لیژنەى مافى مرۆڤیش رایگەیاند پێشوازیی لە فشارى رێکخراوە مەدەنییەکان دەکەن، سەباح شەلال سەرۆکی دامەزراوەى – جنات العطاء- رایگەیاند یەکخستنى هەوڵى رێکخراوەکان بۆ هەموارکردنەوەى یاساکە هاوشانە لەگەڵ پێوەرەکانى مافى مرۆڤ و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە بەردەوامیی هەیە لەبەر ئەوەى هاووڵاتى مافى خۆیەتى دەستى بگاتە زانیارییەکان.
عەرەب
بەوردى کار لەسەر کۆچپێکردنى کوردەکانى حەلەب دەکرێت
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە، لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەى حەڵەبی باکوردا زیاتر لە 150 هەزار کورد نیشتەجێن، رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەرى روانگەى سورییش دەڵێت، بەسەرپەرشتى و رێنمایی تورکیا و هەندێک لایەنی تر پیلانێک لە ئارادایە بۆ کۆچپێکردنیان بە تایبەتى دواى ئەوەى هێزە چەکدارەکان سێ کەسیان لە کوردەکان لە تەل رەفعەت سەربڕیی.
تورکیا کە باس لە حەڵەب دەکات بە ویلایەتى 82 ـى خۆی ناوى دێنێت ئەوەش بۆ ئەوەیە بڵێت حەڵەب بەشێکە لە وڵاتى تورکیا. راشیگەیاند، پرۆسەى – بەرەبەیانى ئازادی- هێزەکانى تورکیا بە مەبەستى کۆچپێکردنى کوردەکان دەستیان پێکردووە.
رۆژنامەکە نوسیویەتى سوپاى نیشتمانى سوریا کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت لە رۆژى یەکشەممەوە لەگەڵ بەرەی تەحریر و هەندێک لایەنى دیکەدا دەستیانگرتووە بەسەر حەلەب دا و ئامانجیان ئەوەیە کوردەکان لەو ناوچەیە دووربخەنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ترەمپ هەڕەشەی ئازادکردنی هەموو ئاژاوە گێڕەکان دەکات
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت سوود لەو لێبوردنە ببینێت، کە بایدن بۆ کوڕەکەی خۆیی دەرکردووە و لەدەستی یاسا رزگاریکردووە. بۆئەوەی ئەویش بە بڕیارێکی لێخۆشبوون هەموو ئەو کەسە زیندانیکراوانە ئازادبکات، کەلەسەر پەلاماردانی کۆشکی کاپیتاڵ دەستگیرکراون.
هەنتەر بایدن کوڕی جۆ بایدن دەبوو لەم مانگەدا دووجار بچێتە بەردەمی دادوەرانی دادگا بۆ لێپرسینەوە لەبارەی هەندێک کەیسەوە، کە ئەنجامەکەی ئەوەبوو زیندانی دەکرا، بەڵام باوکی دەستەڵاتەکانی خۆیی بەکارهێنا، لە هەنگاوێکی هاوشێووەی هەنگاوەکەی ترەمپدا گوتی، ئەو کەیسانەی دادگا هەموویان بەرهەمی ململانەی سیاسیین، بۆیە لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد.
دەیلی تەلەگراف
ستامەر: ناچمە پاڵ ترەمپ بۆ دژایەتییکردنی ئەوروپا
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا بە هاوپەیمان ناودەبات و بە ئۆکراینیش دەڵێت، پێویستە ئامادەکاری بۆ چوونەناو پرۆسەی ئاشتی بکەن.
سێر کەیە ستامەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆشدارییەکی داوە بە دۆناڵد ترەمپ و پێیگوتووە بەریتانیا ناچێتە پاڵی ترەمپ بۆ دژایەتیکردنی یەکێتیی ئەوروپا.
ئەگەرچی ترەمپ داوای لە بەریتانیا کردووە، کە لە نێوانی برۆکسل و واشنتن دا یەکیان هەڵبژێرێت. شەوی رابردوو ستامەر لەبارەی سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیەوە گوتارێکی هەبوو، گوتی ئەو پێشنیارە هەڵەیەکی کوشندەبوو، کە بانگەوازی کرد بۆئەوەی دەبێت دۆناڵد ترەمپ بگەرێتەوە بۆ ناو کۆشکی سپی. چونکە ئێستا بەریتانیا کەوتۆتە هەڵوێستێکەوە، کە دەیەوێت لە یەکێتیی ئەوروپا نزیک ببێتەوە زیاتر لەوەی بەلای واشنتندا بچێت.
عەرەب نیوز
دوو ملیار دۆلار بودجە بۆ راگرتنی گرفتی وشکەساڵیی خەرج دەکرێت
وڵاتی سعودیە خۆی دەستپێشخەریی کردووە ونەرمیی نواندووە بۆئەوەی پرۆژەی بودجەکە سەربگرێت. ئەمە دەستپێشخەرییەکی بەرچاوە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانی وشکەساڵییەی یەخەی بە جیهان گرتووە.
هەر لە یەکەم رۆژی دیداری کۆپ 16ـــدا، کە لە ریاز بەڕێوەدەچێت بڕیاردرا دوو ملیار دۆلار بودجە بۆ قەیرانی وشکەساڵی تەرخان بکرێت. نوێنەری سعودیە هەر لە یەکەم دانیشتنەکانی سەرەتای دیدارەکەوە ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ تەرخانکردنی ئەو بودجەیە دەربڕی. سەدوپەنجا ملیۆن دۆلاری وەک دەستپێشخەریی وڵاتەکەی خستە ئەو پرۆژەیەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ناتەنیاهۆ پلان داڕێژەری تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی حزبوڵا بوو
هێڵە گشتییەکانی پلانی تەقاندنەوەی ئامێری پەیوەندییەکان هەر لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دانرابوو، دەشگوترێت کارەکە دەستپێشخەریی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران بووە.
بۆئەوەی رێگە بۆ سوپای ئیسرائیل خۆش بکرێت بتوانێت بە ئاسانی بەسەر ئەم گروپە توندڕەوەی لوبناندا سەربکەوێت. ئەو هەنگاوە وایکرد هەلومەرجێکی گونجاوتر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی زوو دروست ببێت.
بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دروستدەبێت، کە ئایا جگە لەو هەنگاوەی تەقاندنەوەی ئامێرەکان ئیسرائیل دەیتوانی چیی تر بکات و نەیکردووە؟ چونکە زانیارییەکی وا هەیە دەڵێت دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی سیناریۆی سەختتر و قورستری لەبەردەستدابووە ئەنجامی بدات، بەڵام دەزگاکە پلانی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندییەکانی هەڵبژاردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
چارەسەری دۆخی سووریا ئیدارەی کاتییە
سەرچاوەکانی نزیک لە رژێمی ئەسەدەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەعسیەکان پەتی ئەسەدیان پچڕاندووەو هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە دەڵێت، ئەگەر حکومەتی بنکەفراوان پێکنەیەت وڵاتەکە دابەش دەبێت.
پارێزگای ستراتیژی حەلەب کەوت 60% ـی حەما کەوتۆتە دەست ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەسەد یەکەم جارە دوای 13 ساڵ تەنها ماوەتەوە، رژێمی بەعسیش کادرە سەرەکیەکانی دیمەشقیان چۆڵ کردووەو ئومێدیان بە بەشار نەماوە، هەرچی سوپا، سیاسیی و بیرۆکراسیەکانیشە دەکوڵێت لەناوخۆداو ئێستا باس باسی ئەوەیە ئەسەد بکەنە قوربانی و حکوومەتێکی کاتیی پێکبهێنن.
یەنیشەفەق
بەرپرسی هێرشەکەی 2011ــی چوکورجا لە تەلرەفعەت کوژرا
دەزگای هەواڵگری میللی تورکیا ناسراو بە “میت” بەرپرسێکی پارتێکی کرێکارانیان لە تەلرەفعەت لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی خاڵ-ەوە کوشتووە کە لە لیستی سووری داواکراوەکانی تورکیادابوو.
بەرپرس بووە لە کوشتنی 24 سەربازی تورکیا لە چوکورجا لە 2011، بەناوی یاشئر چەکیک. هاوکات سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە پلاندارێژەری ئەو هێرشەی 2011 هەمان کەس بووە، ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە رۆژانی رابردوو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن گەیشتنە تەلرەفعەت.
میللیەت
ئاسایشی نیشتیمانی کۆدەبێتەوەو کاری یەکەمی باس کردنە لە یەکریزی خاکی سووریا
بڕیارە ئەمڕۆ لە ئەنقەرە، بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا کۆبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکە پرسی سەرکەوتنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ئیدلیب و حەلەب باس بکرێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە باس کردنە لەهەوڵەکانی رێگری کردن لە پارچەبوونی سووریا تاوەکو بەیەکپارچەیی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا هەوڵەکانی پەکەکە بۆ سود وەرگرتن لەو دۆخەی لە سوریا هاتۆتە ئاراوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
یەنی ئاکیت
رێگرییەکانی بەردەم 127 هەزار خوێندکاری خاوەنپێداویستی تایبەت لابران
وەزارەتی خێزان و خزمەتی کۆمەڵایەتی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، لەچوارچێوەی پرۆژەی پەروەردەیی گوێزەرەوە ئەو 127هەزار و 741خوێندکارە کەمئەندامەی لە 2023ەوە رێگری خوێندنیان بۆ دروست بوو، بە خوێندن ئاشنا کرانەوە.
لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا ساڵی رابردوو 2.4ملیار لیرە بەکارهاتووە بۆ پرۆژەی خوێندنی گوێزەرەوە تاوەکو خوێندن بە هەموو ئەو خوێندکارانە بە یەکسانی بگات.