ئیش و کارەکانی یاریگای نێودەوڵەتی یانەی نەورۆز هەنگاو بەرەو کۆتایی دەنێت و زوومیش زانیاریی نوێ بڵاودەکاتەوە.
دوایی تەواوبوونی لە سەدا هەشتای کارەکانی یاریگاکە لە ئێستادا دەستکراوەتەوە بە تەواوکردنی لە سەدا بیستەکەی دیکەی یاریگاکە.
باهیر محەممەد ئەندازیاری دروستکردنی یاریگاکە بە زوومی گوت “لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکەین بە دانانی رووناککەرەوەی یاریگاکە لەسەر شێوازی ستانداردی جیهانی، بۆیە کاتمان پێویستە تا ئیش و کارەکان وەک دروستکردنی یاریگا بە شیوەیەکی جوان پێشکەشی هاندەرانی بکەین”.
لەسەر داوای یەکێتی تۆپی پێی عێراق گۆڕانکاری لە شوێنی ڤاری یاریگاکە کراوە، هەروەها شوێنی خۆگۆڕینی یاریزانان و راڕەوی هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو یاریگا بە مادەی ئیپۆکسی رووپۆشکراوە بۆ ئەوەی یاریزانان تووشی پێکان نەبن.
بڕیارە شەمەی داهاتوو لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی دەیەمی خولەکەدا یانەی نەورۆز لە یاریگای خۆی میوانداری حدود بکات.