34
زووم..
لە پەراوێزی قڕاندنی یارۆن فریدماندا!
یارۆن فریدمان، لەبارەی ئیتن و ئاینییەکانی شام، شرۆڤەکارێکی شوومە..
هەر بەڕاست، هەر هاوپیشەکانی لە زانکۆی حەیفا وای پێدەڵێن.
چونکە چەندە توێژەرێکی تاقانەی ئەو ئەزموونە ئیتنی و ئاینییەی ناوچەکەیە، هێندەش چەشنی (قاژەسیاوە)یەک دەقڕێنێ بە گوێی گێتیدا..
دەگێڕنەوە چەند رۆژێک پێش حەملەکەی حەماس، لە هۆڵی کۆلێژدا، وەختێ سیمینارێکی تایبەت بە عەلەوییەکانی دەوتەوە، لە ناخڵافێکدا خێسەیەکی کرد و خەیاڵ بەرەو دەرەوەی دەلاقەی هۆڵەکە هۆشی چنی بوو، چەند چکۆڵەیەکی چوختیش گویان:”
مامۆستا بەسەر ئەم هەمووە کیژەی ناو هۆڵەکەدا، هەمیشە هۆشت وا بەلای ئەوانەی ئەودیو پەنجەرەکەوە”.
فریدمان پاش قەیرێک، قڕاندییەوە و گوتی:
باوەڕکەن وا هەستم کرد، چەند چەتەیەکی سەرومل داپۆشراو، دەستیان داوەتە دەستڕێژی گوللە و قاڕەکەری قاعەکەیان چنییەوە”.
قوتابییەکان قاقای پێکەنین گرتنی و گویان:”
بۆ خاتری خوا، بەسەر بێستانێ گوڵ و گوڵزاردا، بەنێو ئاپۆرای ئەو جەوان و جاهێڵانەی دەرێدا، بیرت بۆ کوێ چووە..
دەڵێن:” پاش دوو رۆژ، ئەوە قەوما کە قەوما”.
ئیتر کاتێ دەهاتە هۆڵەکەوە، هەموو پەنجەرەکانیان دادەخست، نەکا گۆڤەندێ تر بنێتەوە..
خۆشبەختانە دوا گوتاریم لە جەزیرەدا خوێندەوە، خراپ خوڵقی تەلئەبیبی کردووە، بە گوێرەی گریمانەکانی ئەو بێت، پێچەوانەی پێشبینییە عەرەبییەکان، دۆخەکە لە قازانجی ئۆرشەلیمدا نییە.
بەهەرحاڵ، ئێستا ئاگرەکە رژاوە و پێی پادار و بێپێی تێدایە..
ئەوەتا تۆپەکەش هەم لە ساحەی سیاسەتی کەسدا نییە، هەمیش تۆپەکە خەریکە لە گەمەچییەکانی خۆی هەڵدەدات!
هەڵە نەبم، یارا ئەسەد، گوتویەتی:
“گەلانی تر هەڵە بوون، هەیان بوو گڕیان لە خۆ وەردەدا، ویستیان سەرۆکەکەیان لە کورسی بهێننە خوارێ، وەلێ وانابێ، ئەوەتا ئێمەی سووری، گڕمان بە خۆمانەوە نا، تا خوا، سەرۆکمان سەلامەت بکات”.
تۆبڵێی ئەم جارەیان بتوانن دیژەکانی دەسەڵات و ملی بەشار بەرەو شلی ببەن؟
وەک دەڵێن:”
لە بەهاری عەرەبیدا، گەلانی سوریا، بە پێچەوانەوە برغووەکەی بەشاریان بادەدا، لەبری شلکردنەوەی دیژەکانی دەسەڵات، تومەز توندیان کردبوویەوە.
بەڵێ ئەم کەڵەبابە ناوەختەی سەر سەنێری سووریا، هیچکاتێ لەکاتی خۆیدا خەوی نەزڕاندووین، کێشەکە ئەوەیە ئایا ئەسڵەن ئەتوانێ بخوێنێ؟
یارون فریدمان توێژەری ئیسرائیلی، زۆر بە وردی وێنای رەوشی سوریای کێشاوە..
لە راستیدا ئێستا سوریا بەسەر (3) ناوچەی دەسەڵاتی دەسکەلای هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دابەش بووە:
-بەشی باکوری رۆژهەڵات:
ئیدارەیەکی خۆسەری کوردییە و لەژێر چاودێری و چەپۆکی ئەمەریکادایە.
-بەشی باکوری خۆرئاواش:
خەریکە نزیک لە حەلەب و حەما و ئیدلەبەوە ئەمانەی ئێستا بەناوی هەیئەی تەحریری شام، شوڵیان لێهەڵکێشاوە، کە بەجارێک بەرکەوتەی بەرەی نەسرەو ئەحرار و ئەنساری دین و لیوای حەق و حەرەکەی نورەدین و چەندین وردە گروپی دیکەی سیاسین، کە ساڵانێکە تەماو تەکبیری تورکیا تاویان دەداتە ناوخۆی سوریاوە.
-بەشە باشووری و نێوەندییەکەش
لە ئەستۆی ئەسەددایە، کە زێدەتر دیمەشق و لازقییە و حمسی حەرەمسەرای حزبوڵڵا و ئەسەد و بنکە سەربازییەکەی ترتوس و لازقییەی روسیای لێیە و ئێرانیش با بووەستێ.. بۆی بکرێ مزگەوتی ئومەوی دیمەشق دەهاڕێ، وەکچۆن هاڕیویەتی..
هەریەک لەم بەشانە، بەجۆرێک شادەمارێکی ئابووری و ئەجێندایەکی سەربازیی لەپشتەوەیە.. جارێ دابەشبوونی بیرە نەوتەکان هێند دادپەروەرانەیە، رێک دەڵێی بەگوێری بەشی بەرەو گروپەکان زاونەتە ناو بیرەکانەوە..
ئەوەی رەوشەکەی لەم رۆژانەدا رووخاند بەمل یەکتردا، هەڵمەتی ئۆپۆزسیۆنی پەڕگیریی تەرحریری شام بوو، سەرپاکیان نوێنەرایەتی نەزمی سوونە و سەلەفیەت دەکەن، ئەوان چەند ڕۆژێکە دەستیان لەبینی حەلەبدایەو هاکا هەڵیان کوتایە سەر حەمماش.
بەم هۆکارانە هێزیان کراوە بەبەردا:
1-حزبوڵا سەرقاڵی ئیسرائیلەو لەبەرەی جەنگی سوریادا کشاوەتەوە، پێشتر پشتیوانییەکی پتەوی ئەسەدیان لە ئەستۆدا بوو.
2-روسیاش گرفتاری گەمەی ئۆکرانیایەو ئەو ئورزەیەی جارانی نەماوە، تەنانەت بنکە سەربازیەکەی تەڕتوسو لازقییە نەلێویان جوڵا شتێ بڵێن، نە هاتنە دەست.
3-هەوادارە سوننیەکانی نزیک حزبوڵا حەلکراون و پشتیان کردووەتە کابرای ئەسەد.
4-ئەسەد وەک ئەوەی باڵی غەزەبی لێ روابێت، بەجارێ سەراپای سوپاکەی ناردەوە ماڵ، ئەوانەی بەتۆپزی هێنابوونیە بەرەی جەنگ، وای دەزانی ئیتر تەواو گەمەکەی بردووەتەوە.
5-بێ لەوەش هێندە دۆخی سوپای ئەسەد هەژیوە، سواڵ و زەکاتیان پێدەشێ، بەجۆرێک بوونەتە مەسخەرەی میدیا، ئەوەتا ئیدیۆمێک باوە، بەکەسێکی سیس و ملباریک دەوترێت، ئەرێ لەکەیەوە چویتە ریزەکانی سوپای سوریاوە وەها نان نییە بیخۆیت.
6-تورکیا ساڵانێکە هاتووەتەوە گوژم و گەرەکییەتی گوبکاتە گوزەرەکەوە، بەتایبەت کە ئەسەدەکە ئامادە نەبوو کێکی کەڵەگاییەکەی سوریا، لەگەڵ ئەردۆگاندا بەش بکات.
ئیشی ئیسرائیل لەم نێوەندەدا..
راستە ئیسرائیل بە رووکەش بەرژەوەندی لەم رەوشەدا هەیە، وەلێ لەبەر ئەم هۆکارانە رەنگە هێند خۆشحاڵ نەبێت، چونکە:
1- حسابی ئەوەی کردووە سبەی لەسنورەکانی رۆژئاوای سوریاوە، لەجیاتی ئەسەد، کە پەنجا ساڵە، سیمێکی سنوورەکەی جۆلانی نەپچڕاندووە، هێزێکی فاڵگرەوەی فەندەمێنتاڵی سەلەفی جیهادی جێگەی دەگرێتەوە و دەبێتە دراوسێی کە ویژدانەن چیخێکیان بەین نییە..
2-بە هەموو پێوەرێ ئەسەد ئەهوەنترین هێزە بۆ ئیسرائیل، ئەوەتا لە شەڕی غەزەدا غیرەتی هیچی نەبوو، وەلێ ئەم موعارەزانە لەکاتێکدا خۆیان لە بنکەکانی ئەنکەرەدا بەشۆرتەوە تەدریبیان پێدەکرا، پەیتا پەیتا دروشمی دیواودیوکردنی ئیسرائیلیان دەوتەوە.
3-ئیسرائیل راستە روخساری ئێرانی لێ دوور دەکەوێتەوە، وەلێ لوتی دەتەقێ بەلوتی ئەحمەد شەرعەوە، خوا دەزانێ بێ لە عبوە و ئینتیحار، ئیمانی بە هیچی تر نییە. ئەسڵەن ئەم تەحریری شامە شکڵ و لۆگۆکەیان قوبەکەی قودسی پێوەیە. جاری جەماعەتێکیان جێکردووەتەوە بەناوی حەرەکەی نورەدین زەنگی، خۆی بە شوێنگرەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەزانێ و دژی کوردیشە!
٤-روون نییە گەمەکە خودی ئیسرائیل ئیزنی داوە یان نا، وەلێ بەگشت پێوەرێ، پەڵپ و بەهانەیەکی بەجێ نابێت بۆ ئیسرائیل.
ئەدی کورد؟
دیوێکی دڕدۆنگ و دیوێکی دڵخۆشکەر هەیە..
دڵە دڕدۆنگەکە دەڵێت:
کورد ئێستا وادیارە هاوسۆزی ئەمریکان، کەچی تورکیا توڕەیە و دڵکرمێیە و دانیان پێدانانێت. کێشەکە هاوکێشەی هێزی نێوان ئەمەریکاو تورکیایە.. هەڵبەتە عەقڵ نایبڕێ ناتۆ بە تیرۆریستت بزانێ و ئەمەریکاش ئەملاو ئەولات ماچ کات! ڕێکوپێک ڕیقنەکە لەم کڵاوڕۆژنەوەی تورکیاوە تکاوەتە تاڵعی کوردەوە..
وەلێ وێرێکی دڵخۆشکەریش لە گۆڕێدایە، چون بە پێشچاوی دنیاوە، هەرچی ڕێکخراوی مەدەنی و پلاتفۆرمی پێکەوەژیان و هاواری هیومانگەرایی هەیە هەستاوەتە سەرپێ، بەجارێ خەمی دروز، عەلەوی، ئیسماعیلی و شیعە و ئەو هەموو تێڕاحانەی تائیفەکان تکایان گوێی گێتییان کەڕتر کردووە، سابەشکو لەبەر کەشیش و کەڵیابەیەکی دروزییش بێ، بیسملایەک بکرێت و ئاوێک بکرێت بە ئاگرەکەدا.. چونکم چوزانم، عەقڵ نایبڕێ لەوەی کە کورد بەدەستی هێناوە، زیاتر بەدەست بێت..