زووم…
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەنتەری کوڕی دەرکرد کە بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە بە دۆسیەکانی ساختەکاری باج و کڕینی چەک بە شێوەی نایاسایی دادگایی بکرێت.
سەرۆکە دیموکراتەکەی ئەمریکا دەڵێت، هەر کەسێکی عاقڵ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هەنتەر بکات دەگاتە هەمان بڕیار، هەنتەر کرایەئامانج تەنها لەبەرئەوەی کوڕی منە، ئەمەش هەڵەیە و خراپ بەکارهێنانی دادپەروەرییە.
بایدن لە راگەیەندراوێکدا گوتی، پێشتر گوتم دەستوەرنادەمە بڕیارەکانی وەزارەتی داد و پابەند بووم بە بەڵێنی خۆمەوە، تەنانەت کاتێک دەمبینی کوڕەکەم بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
پێشتر هەنتەر دانی بە هەر نۆ تاوانەکەیدا نا لە دۆسیەکانی ساختەکاری باج و کڕینی چەک بەشێوەی نایاسایی، دادوەر رۆژی 16ـی ئەم مانگەی بۆ دانا بەمەبەستی دادگاییکردنی، بەڵام ئەمڕۆ بایدن بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد.
ئەگەر دادگاییکردنی هەنتەر بەڕێوەبچووبا ئەوا ئەگەری هەبوو بەگوێرەی تۆمەتەکان 17 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت.
بڕیارەکەی بایدن دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێناوە و کۆمارییەکانی تووڕە کردووە، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە رایگەیاند، ئەمە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە.
هاوکات چەند سیناتۆرێکی کۆمارییەکان لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێن، ئەمە کارێکی خزمزمێنەیە.