زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، چەندین هاووڵاتیی لە حەلەب و تەلرەفعەت بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانەوە گیریان خواردووە و لە هەوڵدان رزگاریان بکەن.
مەزڵوم عەبدی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە لە تۆڕي ئێکس نوسیویەتی: هێزەکانمان لە چەند ئاراستەیەکەوە رووبەڕووی هێرشی توند بوونەتەوە و گروپەکانی سەر بە تورکیاش ئەو رێڕەوەیان بچڕاند، کە بۆ دەربازکردنی خەڵک کردبوومانەوە.
فەرماندەی هەسەدە دەشڵێت، “دوای تێکشکانی سوپای سوریا ئێمە دەستوەردانمان کرد بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لەنێوان سنوورەکانمان لە رۆژهەڵات، تەلرەفعەت و حەلەب، ئەمەش بۆ پاراستنی گەلەکەمان بوو لە کۆمەڵکوژی.”
مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کردووە، ئەو رێڕەوە مرۆییە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە داخراوە کە تورکیا پاڵپشتیان لێدەکات.
چەند رۆژێکە گروپە چەکدارەکانی سوریا کە پێکهاتوون لە تەحریری شام و چەند گروپێکی تر پێشڕەویەکی خێرایان کردووە بەرەو حەلەب و پارێزگاکەیان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەمەش دوای کشانەوەی سوپای سوریا لەو ناوچەیە بەبێ شەڕ.
چەند گەڕەکێکی کوردی لە حەلەب بوونیان هەیە وەک شێخ مەقسوود کە چەندین هاووڵاتیی کوردی تێدا دەژی. هاوکات هێرشی گروپە چەکدارەکان نزیک بوونەتەوە لە تەلرەفعەت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، “ئێمە لەگەڵ هەموو کارەکتەرەکانی سوریا لە پەیوەندیداین بۆ پاراستنی گەلەکەمان و رزگارکردنیان لە تەلرەفعەت و شەهباوە بەرەوە ناوچە سەلامەتەکانمان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.”