زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
وەزیری دەرەوەی ئێران: دیپلۆماسی بەبێ هێزی سەربازی ناکرێت
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە رۆژی هێزی دەریایی سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند، کە دیپلۆماسی بێ پشت بەستن بە هێزی سەربازی بێ دەسەڵاتە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگی دیپلۆماسی وەک چارەسەرێکی کەم تێچوون و کەم مەترسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، گوتی، پێکهاتەکانی دەسەڵات و هێزی سەربازی تەواوکەری دیپلۆماسیین، وە بە بێ ئەم دووانە گەیشتن بە ئامانجەکان ئەستەمە.
عێراقچی هەروەها دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بەرز نرخاند و رایگەیاند، کە لە رۆژانی لوتکەی هەڕەشەکان، ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆڵێکی سەرەکی لە بەرگریکردن لە وڵاتدا هەبووە و هەر پیلانگێڕییەکی پووچەڵ کردووەتەوە.
مەردوم سالاری
ستارلینک لەوە نزیکترە کە بیری لێدەکەینەوە
محەمەد موهاجری، چالاکی سیاسی و میدیایی دەڵێت، مانگی دەستکردی ستارلینک، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تەکنەلۆجیایە لە ئێرانەوە نزیکترە لەوەی کە بیری لێدەکرێتەوە.
ناوبراو گوتی، بەکارهێنانی ئامێرەکانی ستارلینک لە کۆمپلێکسەکانی نیشتەجێبوون لە تاران لە تێچووی ئێستای ئینتەرنێت و فلتەر شکێنەکان هەرزانتر دەبێت.
رەخنەی ئەوەشی گرت کە لەبری ئەوەی گرنگی بە بەهێزکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان بدرێت، وەزارەتی پەیوەندییەکان دەستیکردووە بە فلتەرکردنی ئینتەرنێت، ئەمەش بووەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن.
هەروەها گوتی، خێرایی پەرەسەندنی پەیوەندییە جیهانییەکان زۆر بەرزە و هاتنە ناوەوەی ئیلۆن ماسک بۆ ئەم بوارە شۆڕشێکی لە بواری تەکنەلۆجیادا دروستکردووە کە رکابەری لەگەڵیدا ئەستەمە و خەڵک روو لە ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد دەکات.
کار و کارگەر
ئۆتۆمبێلە یەک سەرنشینەکان سزا دەدرێن
موحسین هورموزی، جێگری گواستنەوە و هاتووچۆی شارەوانی تاران رایگەیاند، پلانی نوێی هاتوچۆ لە تاران جێبەجێ دەکرێت.
لەم پلانەدا یەک هێڵ لە رێگای خێرا تەرخان دەکرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە سەرنشینی زۆریان تێدایە و ئۆتۆمبێلی تاک سەرنشین بۆی نییە لەم هێڵەدا هاتوچۆ بکەن و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کەمکردنەوەی هاتوچۆ و زیادکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگرەکانە. پلانەکە بە مەبەستی باشترکردنی گواستنەوەی شارەکان و کەمکردنەوەی پیسبوون جێبەجێ دەکرێت.
ئەبراری ئیقتسادی
لە ئێران هۆشداریی لە قەیرانی سەرچاوە ئاوییەکان درا
ناوەندی سەرچاوەکانی ئاویی ئێران رایگەیاند، دوایین ئامارەکانی بەکارهێنانی ساڵانەی ئاوی خواردنەوه له ئێران دەریدەخات 80%ـی ئەو ئاوە له سەرچاوەکانی ژێرزەوی دابین دەکرێت.
هەروەها ناوەندەکە ئاماژە بەوە دەکات، یەدەگی ئاوی ئێران لە دۆخێکی نالەباردایە و بەنداوەکانی ئێران 58%یان بەتاڵن.
ئەم قەیرانە ئاوییه بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە لەکاتێکدایه کە ئەمساڵ بارانبارین لە زۆر ناوچە لە خوار رێژەی ئاساییەوە بووە، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەبووە و لەلایەکی دیکەشەوە زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئەو سەرچاوانە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاوەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
%66.3ـى خەڵکی تورکیا لەگەڵ هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان نین
بەگوێرەى راپرسییەکی ناوەندی مێترۆپۆل لە سێ کەس دوانیان لەگەڵ هەموارکرنەوەى دەستوور بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان نین.
لە راپرسییەکەدا ئاشکرا بووە، %66.3ـى خەڵکی تورکیا لەگەڵ هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان نین. بە گوێرەی هەمان راپرسی دەنگەکانى جەهەپە یەکەم بووە.
لە راپرسییەکەدا جەهەپە %30.3 ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و ئاک پارتیش سەدا 30ـی دەنگەکانى بەدەستهێناوە.
بەگوێرەى راپرسییەکە مەهەپە سەدا 7.6 و دەم پارتیش سەدا 9.8 ـی دەنگەکانى بەدەستهێناوە و بووەتە سێیەم پارتی سیاسیی لە رووى زۆرینەى دەنگەوە.
یەنی شەفەق
فیدان: رێگریی لە تیرۆر دەکەین
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، دەربارەى رووداوەکانى سوریا و بۆ رێگریی کردن لە تیرۆر لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەى ئێران لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە.
فیدان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەسەر رەوشەکە کردووە.
فیدان رایگەیاند، وڵاتەکەى هەرگیز رێگە نادات هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا بکرێنە قوربانی دەستی تیرۆر.
دەشڵێت، ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکەن رێگریی لە هێرشە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە بکەن.
یەنیچاخ
لە ساڵی نوێدا مووچەى خانەنشینان زیاد ناکرێت
ملیۆنان خانەنشین لە ساڵی نوێدا مووچەکەیان بۆ زیادناکرێت، پێشتر ساڵانە حکومەت موچەی خانەنشینی زیاد دەکرد.
مووچەی خانەنیشن بە بری 12هەزار و 500 لیرەى تورکی ماوەتەوە. لە هەندێ پارێزگاکاندا خۆپیشاندانی خانەنیشنان بۆ زیادکردنى مووچەکانیان بەردەواممە، بەڵام تائێستا حکومەت هیچ وەڵامێکی داخوازییەکانى خانەنشینانی نەداوەتەوە.
یەنی بیرلیک
راوێژکاری سەرۆککۆمار: ئەردۆغان خولێکی دیکە خۆی کاندیددەکاتەوە
محەمەد ئوچوم راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆمار بەنیازە خولێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی هەڵبژێرێتەوە کە بڕیارە لە 2028ـی هەڵبژارن بەڕێوەبچێت.
ئوچوم راشیگەیاندووە، ئەو رەخنانەى ئاڕاستەى سەرۆککۆمار دەکرێ دروست نین، گۆڕینی دەستوور و دەرفەت دانەوە بە ئەردۆغان بۆ چوارەمجار خۆ کاندیدکردنەوەى بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە ئەجێندای ئاک پارتیدایە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئەسەد هەڕەشە دەکات راپەڕینی هەڵگەڕاوەکانی حەڵەب تێکبشکێنێت
بەشار ئەلئەسەدی سەرۆک کۆماری سوریا هەڕەشە دەکات راپەڕینی هەڵگەڕاوەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی تێکبشکێنێت. پاش ئەوەی کە توانییان دەست بەسەر دووەم شاردا بگرن.
لەپاش چەند ساڵ لە ئارامبوونەوەی ململانەکانی ناو سوریا جارێکی دیکە هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەر دەسەڵاتەکەی ئەسەد دروست بووەتەوە. ئەسەد لە گوتارەکەیدا گروپە هەڵگەڕاوەکانی بە تیرۆریست ناوبرد و گوتی ئەوانە تەنها لە زمانی زەبروزەنگ و بەکارهێنانی هێز تێدەگەن. بۆیە بڕیاریدا ئەو فڕۆکە جەنگییانە رەوانەی ناوچەی شەڕەکان بکات، کە لەلایەن رووسیاوە بۆی دابینکراون.
تایمز
ژنانی تەمەن 50 ساڵ لەو کچانە زیاتر وەرزش دەکەن، کە لە نیوەی تەمەنی ئەواندان
ئەو ژنانەی تەمەنیان گەیشتووە بە 50 ساڵ لە کچەکانی خۆیان زیاتر مەشقە وەرزشییەکان ئەنجامدەدەن. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەم بارەیەوە ئەنجامدراوە و ئەنجامەکانیشی بڵاوکراونەتەوە.
ئەم لێکۆڵینەوە شەش هەزار ژنی بە نمونەی کارلەسەرکردن وەرگرتووە و چاودێریی کردوون. دوای وردبوونەوە و بەدواداچوون بۆ توێژەرەکان دەرکەوتووە، کە ئەو ژنانە کە تەمەنیان لە 40 ساڵ و 50 ساڵیدایە لە ئەنجامدانی چالاکی و کاری رۆژانەی ژیانی خۆیاندا چالاکترن، چونکە کاتێک ژنان دەگەن بە تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە ئیتر بیر لەوە دەکەنەوە کار لەسەر باش راگرتنی تەندروستیی خۆیان بکەن، بەڵام ئەو کچ و ژنانەی کە لە ساڵانی بیستەکانی تەمەندان کەمتر دەیانەوێت وەرزش بکەن، لەبەرئەوەی گومان و ترسی ئەوەیان هەیە پاش لەبەرکردنی جلی وەرزشی حوکمی ناڕەوا لەبارەی شێوەی لەشیانەوە بدرێت. دواجار ئەم توێژینەوەیە دەڵێت لە بەریتانیا و لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا ژنان کەمتر لە پیاوان چالاکن.
فاینەنشیەڵ تایمز
پارێزەرەکانی ناو کەرتی حکومەت بەرەو کۆمپانیاکان هەڵدێن
ژمارەیەکی زۆر لەو پارێزەرانەی لەناو کەرتی حکومیی ئەمریکادا کاردەکەن داوا لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی پارێزەرایەتی و مافپەروەری دەکەن کاریان بدەنێ، لەبەرئەوەی گومانیان هەیە کە ترەمپ چووە سەر دەسەڵات سەدان پارێزەر لە کارەکانی خۆیان لە وەزارەتی داد و کۆمیتەکانی دراوە داراییەکان و بۆرسەکان و لیژنە بازرگانییەکان دەربکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار راستیی ئەم هەواڵەی بۆ فاینەنشیەڵ تایمز دووپات کردووەتەوە، گوتویەتی ئەو پارێزەرانە بە شێوەیەکی گشتی روویان لە کەرتی تایبەت کردووە، لەناو کۆمپانیاکانی سەر بە کەرتی تایبەتدا بە دوای کاردا دەگەڕێن.
گاردیەن
تۆمەتەکانی گرەیگ واڵاس بۆ ژنانی سەر بە چینی ناوەند خەڵکی تووڕە کردووە
گرەیگ واڵاس یەکێکە لە دێرینترین و ناسراوترن بێژەرەکانی کەناڵی بی بی سیی بەریتانی و ساڵانێکە لەوێ وەک کەسایەتییەکی ناسراو کاردەکات. بەهۆی هەندێک پلاری بریندارکەری واڵاسەوە تووڕەییەکی زۆر لەلای ژنان و بە تایبەتییش ژنانی سەر بە چینی ناوەندی بەریتانیا دروست بووە.
لێدوانەکانی واڵاس لەسەر ژنان وایکردووە، کە هێندە شکات و دەربڕینی ناڕەزایی بۆ کەناڵی بی بی سی بچێت، کە لە ماوەی 12 ساڵی رابوردوودا ئەو کەناڵە شتی وای نەبینیوە. ئەو کەسانەی ناڕەزایی دەردەبڕن دەڵێن چۆن ئەو کەناڵە رێگە دەدات واڵاس وەک کارمەندی ئەوێ بمێنێتەوە و لەسەر شاشەش دەربکەوێت.
دەیم ڤێڕا بێرد کەیسی، راسپێڕدراو بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنانی سەر بەو چینە لە ناوچەی ئینگلتەرە و وێڵز باسی کەناڵی بی بی سیی کرد و گوتی ئێستا سەردەمێکی تاریکە لە تەمەنی ئەو کەناڵە کە لێدوانی لەوشێوەیە لە کەناڵی ئەوانەوە لە رووی ژنان دراوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
وەزیری رۆشنبیریی لوبنان: ئیسرائیل بە ئەنقەست شوێنەوارەکانى کردوەتە ئامانج
محەمەد مورتەزا وەزیری رۆشنبیریی لوبنان رایگەیاند، هەر لەسەرەتاى جەنگەکەوە ئیسرائیل شوێنەوار و شوێنە رۆشنبیرییەکانى وڵاتەکەمانى کردووەتە ئامانج.
هێرشیانکردە سەر بەعلەبەکى مێژوویی و قەڵاکەى، قەڵاى مێژوویی مەنشیەیان وێرانکرد، شورا لە مێژیینەکەیان تێکدا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانییەکان، گوتیشى ئیسرائیل هێرشى کردووەتە سەر ئەو شوێنانەى کە لە یونسکۆدا وەک شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراون.
راشیگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل لەو هێرشانە ئەوەبووە شوناسى مێژوویی و رۆشنبیریی وڵاتەکەمان بسڕێتەوە و لە لایەکی تریشەوە هێرشى کردووەتە سەر باخە زەیتون و ترێ و شوێنە گەشتیارییەکان، بە بێ ئەوەى سەربازێکیان تێدا بێت.
عەرەب
لە گۆڕانکارییەکانى سوریادا کوردەکان چاوەڕێی خراپتردەکەن
رۆژنامەى عەرەب بە مانشێتى گەورە نوسیویەتى، کوردەکان ترسی کوشتار و کارەساتێکی گەورەیان هەیە لەسایەى ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە سوریادا هاتووەتە پێشەوە.
لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، ترسی ئەوەیان هەیە زیانى سیاسی و سەربازیی کوشندەیان بەربکەوێت، ئەوەى ترسەکەى زیاتر کردووە نەمانى چەتری پارێزگاریی ئەمریکیەکانە لە رۆژاڤا لە رووى سەربازیی و سیاسییەوە.
لە کاتێکدا تورکیا بەردەوام لەزاری سەرۆکی وڵاتەکەیان و وەزیری دەرەوە داوا لە ئەمریکا دەکەن دەست لە پشتیوانى هێزە کوردییەکان هەلبگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاکان فیدان نەیشاریوەتەوە هەرچەندە هەوڵەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە چڕتر کردوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا نەچووەتە ژێرباری بەڵێنێکى لەوشێوەیە.
شرۆڤەکاران بۆچونیان وایە ترسی کورد لە رۆژاڤا لە هاتنەوە سەرکاری دۆناڵد ترەمپە کە لە مامەڵەیەکدا لەگەڵ تورکیا رێکبەکەوێت و بە یەکجاریی پشتیان تێبکات.
سەباح
بێکاریی خەونە خۆشەکەى ئاهەنگی دەرچووانى زانکۆ تێکدەدات
بەگوێرەى ئامارێکى دەزگاى ناوەندیی ئامار لە وەزارەتى پلاندانانى عێراق، رێژەى بێکاریی لە عێراق 16.5% ـە.
ئەو رێژەیەش لەنێوان رەگەزەکاندا جیاوازیی هەیە، بەگوێرەى ئامارەکە لەو ریژەیە 28% یان لە رەگەزی مێینەن، بەگوێرەى ئامارەکە لە عێراقدا ساڵانە نزیکەى 250 هەزار کەس خوێندنى زانکۆ حکومییەکان تەواودەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی بەردەوام بەرزبوونەوەى رێژەى بێکاریی.
راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو دەرچووانە یان کاریان دەستناکەوێت یان کارێک دەکەن لەگەڵ بڕوانامە و ئاستى چاوەڕوانییەکان و بڕوانامەکانى ئەواندا نییە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە دەرچووانى زانکۆ لە وڵاتانى تازەپێگەشتوودا رۆڵێکى لەبەرچاویان هەیە بۆ گەشەپێدان بەڵام لە عێراق بەوشێوەیە نییە و بێکارییەکى زۆر لەناویاندا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش کێشەى دارایی و کۆمەڵایەتى زۆری لێکەوتووەتەوە، لە دواکەوتنى پرۆسەى هاوسەگیریی، بەرزبوونەوەى رێژەى هەژاریی و کۆچکردن بۆدەرەوەى وڵات، یان پەنابردنیان بۆ کاری نەشیاو و نایاسایی لە نموونەى ئەنجامدانى تاوان و چوونە نێو گروپە توندڕەوەکان تا لەو رێگایانەوە بژێوى رۆژانەیان دابینبکەن، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، بەشێکى زۆری دەرچووانى زانکۆ کاتێک ئەو دۆخە دەبینن بەشداریی ئاهەنگەکانى دەرچوونیان ناکەن و بەخۆشییەوە لەو قۆناغەى ژیانیان ناڕوانن.
دەستور
فەرمانبەرێکى بانکی ناوەندیى لەپشت سزاکانی ئەمریکایە بۆ بانکە عێراقیەکان
لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق رایانگەیاند، فەرمانبەرێکى بانکی ناوەندیى عێراق لەپشت سزادانى ئەو بانکە عێراقییانەوە بووە کە لە لایەن ئەمریکاوە سزا دراون و ژماریان 32 بانکە.
ڤیان دەخیل ئەندامی لیژنەى دەستپاکی رایگەیاند، فەرمانبەرێکى بانکی ناوەندیی هەندێک ئیمێلى -بانکى فیدراڵی و جی بی مۆرگان و سیتى بانک- ی شاردەوەتەوە کە بۆیان هاتووە و داواى رونکردنەوەیان لەو بانکانە کردووە سەبارەت بە هەندێک بابەتى ناڕوون و گومان لێکراو.
راشیگەیاندووە، وەڵام نەدانەوەیان بووەتە هۆی بەشێک لەسزاکانی سەر ئەو بانکانە، جەختیشى کردوەتەوە لە دواى بەداواداچوونەکانیان بۆیاندەکەوتووە بەشێک لە بانکەکان نازانن هۆکاری سزادانەکەیان چییە.
مستەفا ئەکرەم حەنتوش پسپۆڕی ئابوری و شارەزای بوارى بانکیش رایگەیاندووە، سزادانى 32 بانکی عێراقى لە ماوەى ساڵ و نیوێکدا لە سەرانسەرى دونیادا وێنەى نەبووە، ئەو پسپۆڕە مەترسی گەورەتری ئاشکرا کردووە و گوتوویەتى، بە سزادانى ئەو بانکانە 100 هەزار کەس بێکاردەبن، ئاواش بڕوات ئاڵوگۆڕی دۆلار لە زیانى بانکی ناوەندی عێراق و بەرژەوەندی بانکەکانى ئوردن و کەنداو دەشکێتەوە، هەربۆیە دەبێت عێراق بەخێرایی کار بۆ نەهێشتنى گەندەڵی بکات و چارەسەرى کێشەى ئەو بانکانە بکات.