زووم..
بۆ جاری دووەم هێزەکانى ئاسایشی سلێمانى دەیەوێت ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگوازێتەوە بۆ سورداش.
زوومى سلێمانى زانیویەتى، هێزەکانى ئاسایشی پارێزگای سلێمانى، بەنیازە ئەندام و لایەنگرانى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵەوە بگوازێتەوە بۆ ناوچەی سورداشی سەر بە قەزای دوکان.
ژمارەیەک لەو ئەندام و لایەنگرانە، پاش داواکاریی یەکەمى ئاسایشی سلێمانى، چوونەتە کەمپە نوێیەکە، بەڵام هەندێکی دیکەیان تا ئێستا نەچوونەتە کەمپەکە و هەر لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە ماونەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، بەشێک لەو ئەندام و لایەنگرانەی لە کەمپە نوێیەکەى سورداش جێگیربوون، گلەیی و گازاندەى ئەوەیان هەیە، کەمپەکە خزمەتگوزاریی پێویستى وەک ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکەى تێدانییە.
رۆژی ١٩ـی ئابی ئەمساڵ، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەندی دەربڕێت بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی ئەندامان و لایەنگرانى حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە هەمان رۆژدا وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەند بووە بە داواکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.