زووم..
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی جەنگی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە رایگەیاند، دەیانەوێت لەرێگەی ئەو جەنگەوە تورکیا تێوەبگلێنن و تێکی بدەن.
ئەردۆغان دەڵێت، “ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە بەجۆرێکە، دەیانەوێت پریشکی ئاگرەکە بەر تورکیا بکەوێت و وڵاتەکەمان تێکبدەن، بەڵام چیتر تورکیا وڵاتێکی پێگە لاواز و ناهاوسەنگ و بێ سەقامیگیر نییە.”
لە چەند رۆژی رابردوودا جەنگی ناوخۆیی سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و گروپە چەکدارییەکانی سوریا، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هێرشێکی فراوانیان کردووەتەسەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریایە و توانیویانە دەست بەسەر شاری حەلەبدا بگرن.
هێرشی گروپە چەکدارییەکانی سوریا دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان دێت کە ماوەی زیاتر لە سێ مانگ ئیسرائیل بە چڕی پێگەی گروپەکەی لە باشور و ناوەڕاستی لوبنان بۆردومان کرد، بەهۆیەوە سەدەها کەس کوژران و هەزارەها خەڵکی دیکەش ئاوارەبوون.
هەر لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی ئەمدواییەی سوریا و وڵاتانی دیکە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: تورکیا لە ناوەڕاستی لە جەنگێکی گەورەدایە و ئەگەر هەیە وێرانکاری زیاتری بەدوادابێت، ئەگەری شەڕی چەکی ئەتۆمیش هەیە، مەترسی ئەوەش هەیە جەنگەکە تورکیا بگرێتەوە.