زووم..
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یاسای باڵاپۆشی دوای پێداچوونەوەی زۆر لەلایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزەرانی واژۆ کراوە و ئەو ژنانە بێبەش دەکات لە مافە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیڕەویی لە باڵاپۆشیی ناکەن، هەروەها سزای مادیش دەدرێن.
محەمەد باقر قالیباف بۆ رۆژنامەی ئارمانی ئیمروز، باسی لەوە کردوە، لە مادەی 50ـی ئەم یاسایەدا چەندین سزا دانراوە بۆ ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکاندا حیجاب ناکەن و سزاکە لە 70 دۆلارەوە دەستپێدەکات و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا تا دوو هەزار دۆلار زیاد دەکرێت.
سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت، لە یاساکەدا هاتووه، سەرپێچیکاران مافی رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵاتیان لێ زەوت دەکرێت، تەنانەت پاسپۆرتیان بۆ دەرناکرێت و هەروەها مۆڵەت و ژمارە و گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلشیان بۆ ئەنجام نادرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردوە، یاسای باڵاپۆشی دوای 13 رۆژی دیکە بە شێوەی فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.