زووم، ئاژانسەکان:
یەکێتیی تۆپی پێی ئێران، توڕەیی خۆی نیشاندا بەرامبەر سڕینەوەی ناوی خوا لەسەر ئاڵای وڵاتەکەیان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکاوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەردوو وڵات لە کۆتا گەڕی قۆناغی یەکەمی مۆندیالدا روبەڕوی یەکدی دەبنەوە.
ئێران و ئەمریکا سبەی سێشەممە لە یارییەکدا (کە زیاتر تامی سیاسەت دەدات) بەرامبەر یەکدی دەوەستنەوە، کێبڕکێی توند دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال. ئێران تەنها یەکسانبوونێکی بەسە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، لەکاتێکدا ئەمریکا تەنها بە بردنەوە دەتوانێت بلیتی قۆناغی داهاتوو ببڕێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، دەڵێت، “لە رەفتارێکی ناپیشەییدا، یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا لە ئینستاگرامی خۆیەوە ئاڵای ئێرانی داناوە، بەڵام ئەو سیمبولەی سڕیوەتەوە کە ئاماژەیە بۆ ناوی خوا (الله)”.
تویتەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا، کە سیمبولی سەر ئاڵاکەی ئێرانی سڕیوەتەوە
بەگوێرەی هەواڵێکی ئیرنا، یەکێتیی تۆپی پێی ئێران نامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ فیفا ناردووە و داوایکردووە بەهۆی ئەو رەفتارە ناپیشەییەوە هۆشداریی توند بدرێتە یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا.
ئاڵای ئێران لە سێ هێڵی پان (سەوز، سپی و سوور) پێکدێت، سیمبولێک لەناوەڕاستیاندایە، کە بە شێوەیەکی هونەریی ناوی خوا نیشاندەدات، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا لە هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر و ئینستاگرام و لە کاتی بڵاوکردنەوەی ریزبەندیی گروپەکەدا، ئەو سیمبولەی لەسەر ئاڵای ئێران سڕیوەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ناوی خوا.
بەرپرسێکی میدیایی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا، رایگەیاند، تەنها بۆ ماوەیەکی کورت و وەکو پشتگیرییەک بۆ ژنانی ئێران “سیمبولەکەی نێو ئاڵای ئەمریکایان سڕیوەتەوە”.
گوتەبێژی یەکێتییەکەش بە رۆژنامەنووسانی گوت، لابردنی سیمبولەکە کاتی بووە و دواتر ئاڵا فەرمییەکەیان داناوەتەوە، بەڵام هەرگیز ئامادەنین دەستهەڵبگرن لە پشتیوانیکردنی ژنانی ئێران.
هاوکات ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم، لە تویتێکدا، رایگەیاندووە هەڵبژاردەی ئەمریکا میساقی فیفای پێشێلکردووە، باشترین سزاش بۆ ئەو جۆرە کارانە راگرتنی هەڵبژاردەکەیە بۆ 10 یاری “پێویستە ئەمریکا لە مۆندیال دووربخرێتەوە”.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1980ەوە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان پچڕاندووە، پاش بە بارمتەگرتنی دەیان ئەمریکی لەنێو بینای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران.
ئەمە جاری دووەمە ئێران و ئەمریکا لە مۆندیالدا روبەڕوی یەکدی دەبنەوە، ساڵی 1998 بەهەمانشێوە لە قۆناغی گروپەکاندا بەرامبەر یەکدی وەستانەوە.