رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
حەماس سەری بۆ ئاگربەست دەخورێت
هەندێک سەرچاوەى فەلەستینى ئاماژەبەوەدەکەن، لەهەمووکات زیاتر حەماس حەزی بە ئاگربەستە و نەرمی نواندنە.ئەوەش لە هەڵوێستەکانیدا بەدى دەکرێت.
بەگوێرەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کۆبوونەوەیەکى نهێنیدا باس لەئاگربەستکراوە لەگەڵ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل لە غەزە، لە کاتێکدا یەکێک لە مەرجە پێشووەکانی کشانەوەى یەکسەریی بوو لە غەزە، بەڵام ئێستا گۆڕانکارییان لەو مەرجەدا کردووە و گوتویانە رازین بە کشانەوەى هێزە ئیسرائیلییەکان بەگوێرەى نەخشەیەکى پلان بۆداڕێژراو بەو مەرجەى دانیشتوانەکەى بگەڕێنەوە شوێنەى خۆیان.
سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، لە قاهیرەى پایتەختى میسر گەڕێکی تری گفتوگۆکانى نێوان “فەتح – حەماس” دەستیان پێکردوەتەوە و باسیان لە ئاگربەستێک کردووە هاوشێوەی ئاگربەستەکەى بەیروت بەسەرپەرشتى ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستە سەرکردەکانى هەردوولا لەگەڵ حەسەن رەشاد سەرۆکی دەزگاى هەواڵگریی میسر و بەرپرسانى دۆسیەى ئیسرائیل و فەلەستین کۆدەبنەوە بۆ ئەوەى گفتوگۆیەک لەبارەى ئاگربەستێکی هاوشێوەى ئەوەى حزبوڵاو ئیسرائیلەوە بکەن.
عەرەب
دووشەشى میلشیا ئیرانییەکان لەدەستی عێراقدا دەتۆپێت
سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق سەردانى سنورەکانى نێوان عێراق و سوریاى کرد،لەگەڵ گەورە بەرپرسانى سنوورەکە کۆبویەوە و ئەوانیش دڵنیایان کردەوە کە رێگە بەهیچ کەسێکى نایاسایی نادەن لەوێوە هاتووچۆبکەن بەتایبەتى ئەگەر چەکداربێت، رۆژنامەکە نوسیویەتى حکومەتەکەى سودانى لەوە تێگەشتووە دۆخەکە لەوەدانەماوە خۆیان لەبەرپرسیارێتى ئەو سنوورە بدزنەوە بەتایبەتى لەدواى گۆڕانکارییەکانى حەلەب و لێدان لە هێز و لایەنگرە ئێرانییەکان.
رۆژنامەکە نوسیویەتى ئەگەر ئیسرائیل لەوەڵامدانەوەى ئەو چەند موشەکەى هێزە عێراقییەکان دواکەوتبێت کە پێشتر کراوەتە سەر وڵاتەکەى، ئەوا لە ئەگەری بەردەوامی رۆشتنى هێزە چەکدار و میلشیا عێراقییەکان بۆ هاوکاریی ئەسەد و هاوپەیمانەکانى لەعێراقەوە، نەک هەر چاوپۆشی ناکات بەڵکو گورزی گەورەى ئاڕاستەدەکات.
سەباح
بۆیەکەمجار لە دهۆک خانەیەکى بێسەرپەرشتانى تایبەت بە کچان کرایەوە
شێرزاد بەرواری بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانى دهۆک بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاند، یەکەم خانەى بێسەرپەرشتانى تایبەت کچان لە پارێزگاکەیان کراوەتەوە، کە لە ماوەیەکى نزیکدا دەکرێتەوەو جێگەى 100 کەسى تێدا دەبێتەوە، رونیشیکردەوە خانەکە لە باڵەخانەیەکى چوارنهۆمی پێکهاتووە و هەموو پێداویستییەکانى نیشتەجێبوونى تێدایە و بڕی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری تێچووە.
راشیگەیاند خانەکە پێشوازیی لە هەموو ئەو کچانە دەکات کە بێسەرپەرشتن و دابەشیاندەکات بۆ سێ تەمەنى جیاواز، لە یەک رۆژییەوە تا پێنج ساڵان، لە شەش ساڵییەوە تا 12 ساڵی ولە 13 ساڵیشەوە تا 18 ساڵی.
رونیشیکردوە، هەموو پێداویستەیە سەردەمیەکانی تێدا کۆکراوەتەوەو سەرەڕاى شوێنەکانى حەوانەوە شوێنى یاریکردن و خواردن و چەندین پێداویستى تری تێدا کراوەتەوە.
دەستور
200 پلەى خوێندنى ماستەر لە بوارى گەشتوگوزاردا بۆ عێراق دابیندەکرێت
بولولیکشفیلى ئەمینداری گشتى رێکخراوى گەشتوگوزاری جیهان رایگەیاند، 200 پلەى خوێندنى ماستەریان بۆ عێراق دابینکردووە کە لە رێگەى ئۆنلاینەوە بخوێنن، بەمەبەستى پەرەپێدانى کەرتى گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە.
بەگوێرەى بەیاننامەیەکى نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بە مەبەستى پەرەپێدانى ئەو کەرتە لە عێراق داوایانکردووە لە سەرۆکی رێکخراوی گەشتوگوزارى جیهان کە ئەو ژمارە پلەیە دابین بکەن بۆ خوازیارانى ئەو بوارە و ئەویش بەڵێنى پێداون لە بەشێک لە زانکۆکانى جیهاندا قوتابیانى ماستەر وەربگیرێن.
نوسینگەى سودانى راشیگەیاند، عێراق خاوەنى چەندین شوێنەوارى گەشتیاریی، ئایینى و سروشتییەو پێویستى بەوەیە ئەو کەرتە ببوژێنێتەوە بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە عێراق ببێتە وڵاتێکى گەشتیاریی و ئابورییەکەشى ببوژێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزیییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
دەوڵەمەندەکان حەزیان لە کۆکردنەوەی ئێسکی داینەسۆرەکانە و هیچیان بۆ توێژینەوەی زاناکان نەهێشتوەتەوە
لە هۆڵێکی بنمیج بەرزی لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری نیویۆرکدا، نزیکی سەد کەسێک کۆبوبوونەوە، جاڕدەری مەزادخانەکەی “سۆزبای” کە دەستیکرد بە قسەکردن، راستەوخۆ گوتی دەتواین سەرەتای راگەیاندنی مەزادەکەمان بە سێ ملیۆن دۆلار دەست پێبکەین.
ئەمە سەرەتای راگەیاندنی مەزادێک بوو بۆ فرۆشتنی ئێسکە پەیکەری داینەسۆرێک کە هەشت مەتر و نیو بەرزبوو. دانرا بۆ فرۆشتن بە نرخێک کە ئیتر زانایان ناتوانن بیری لێبکەنەوە بۆ توێژینەوەکانیان بەکاریان بهێنن.
ئەو کەسانەی کە لە هۆڵەکەدا دانیشتبوون و دەشزانرێت هەریەکەیان هەندێک شتی لەوبابەتانەیان کڕیوە، بریتی بوون لە ناودارەکانی وەک نیکۆڵاس کەیج، رەسڵ کرۆ، لیۆناردۆ دی کاپریۆ.
دەیلی تەلەگراف
هۆشداری بە بەریتانیا دراوە، کە روسیا دەیەوێت کێشەی دوورگەکانی چاگۆسی بوروژێنێتەوە
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی دەڵێت، کە روسیا دنەی ماوریشیۆس دەدات، داوای دورگەکانی چاگۆس لە بەریتانیا بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم رۆژنامەیەی گوتووە، پوتینی سەرۆکی رووسیا چەند بەرپرسێکی حکومەتەکەی خۆیی ناردووە بۆلای حکومەتی ماوریشیۆس هانیان بدات داوای وەرگرتنەوەی دورگەکەی خۆیان لە بەریتانیا بکەنەوە.
بەرپرسێکی بەریتانییش دەڵێت، رووسیا بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی ماوریشیۆسی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو مەبەستیان لەوەیە ئاژاوە بۆ بەریتانیا دروست بکەن، چونکە دەیانەوێت بەریتانیا لە هەڵوێستێکی لاوازدا ببینن.
گەڵف نیوز
کۆچبەرێک بەرگەی هەواڵی مردنی دایکی نەگرت و خۆشی گیانی سپارد
محەمەد ئیرشاد کیراڵی کۆچبەرێکی هیندی بوو، تەمەنی 36 ساڵ بوو، دوو منداڵیشی هەبوو، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئیمارات دەژیا، کە هەواڵی مردنی دایکیی بیست لە هیندستان کۆچی دووایی کردوە، خۆی نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ پرسەکەی، بۆیە رەوشی دەروونیی زۆر تێکچوو، تەندروستیی شێووا و بە 20 رۆژ لە پاش دایکی، خۆیشی گیانی لەدەست دا.
محەمەد لەگەڵ باوکیدا لە یەکێک لە فرۆشگاکانی شاری ئەبوزەبیدا کاری دەکرد، ژنی هێناوە و دوو منداڵیشی هەیە، بەرگەی بیستنی هەواڵی مردنی دایکیی نەگرت ، خزمەکانی دەڵێن تائێستا خۆشیان ناتوانن بڕوا بەوە بکەن، کە محەمەد چۆن وا زوو بە گەنجی سەرینایەوە، چونکە هیچ نەخۆشییەکیشی نەبووە.
ئۆرشەلیم پۆست
بارمتەیەکی ئیسرائیلی هاواردەکات فریامان بکەون ترس و دابڕان دەمانکوژێت
ئیدان ئەلێکساندەر بە بارمتەگیراوێکی ئەمریکی و ئیسرائیلییە، لەلای حەماس، بزوتنەوەی حەماس دوێنێ ڤیدیۆیەکی ئەم بارمتەیەی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا دەڵێت، بەزوویی فریامان بکەون، کات لە بەرژەوەندیی ئێمە ناسووڕێت.
باڵی سەربازیی عیزەدین قەسام لەسەر ئەپڵیکەیشنی تەلەگرامی خۆی ئەم پەیامە ڤیدیۆییەی ئیدانی بڵاوکردۆتەوە.
ئیدان کە زمانی قسەکردنەکەی تێکەڵەیەکە لە عیبری و ئینگلیزی، سەرەتا خۆی دەناسێنێت و دەڵێت 420 رۆژ بەسەر دیلبوونەکەیدا تێپەڕبووە، وەرگێڕانی عەرەبی بۆ قسەکردنەکەشی دانراوە، داوادەکات فریایان بکەون و دەربازین بکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
بازرگانی بە جگەرەى ئەلکترۆنی سزای یاسایی لەسەرە
پەرلەمانی تورکیا کار لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەکات بۆ قەدەغەکردنى بازرگانی جگەرەی ئەلکترۆنی، بەگوێرەى یاساکە هەر کەسێک بازرگانی بە جگەرەی ئەلکترۆنییەوە بکات بۆ ماوەى شەش ساڵ زیندانی دەکرێت، هەر شوێن و دوکانێکیش جگەرەی ئەلکترۆنی بە خوار تەمەنی 18 ساڵەوە بفرۆشێت شوێنەکەى بە یەکجاری دادەخرێت.
قەرار
جەهەپە بەیاننامەیەکی پێنج خاڵی لەدژى قەیوم راگەیاند
ئۆزگور ئۆوال سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانى جەهەپە وەک کاردانەوەیەک لە دانانی قەیوم لەسەرشارەوانییەکانیان بەیاننامەیەکی پێنج خاڵییان لەدژى قەیوم راگەیاند.
یەکەم: قەیوم هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی ئیرادەى دەنگدەر و کودەتایەکە بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
دووەم: پێویستە کۆتایی بەو رێکارە نایاساییە بهێنرێت کە دژ بە ئەحمەد ئۆزاری سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیوڕت گیراوەتەبەر و دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
سێیەم: دەسەڵات دەیەوێت دایانگاکانی شارەوانییەکانمان دابخان بەمەش زەرەرمەندی یەکەم ژن و مناڵ دەبێت.
چوارەم: بەجێهێشتنى قەرزەکانی پێشووتر بەسەر شارەوانییەکانمان هەوڵێکە بۆ ئەوەى رێگری بکرێت شارەوانییەکانمان خزمەت بە خەڵک نەکات.
پێنجەم: شارەوانییەکانی جەهەپە هاوکاری خەڵکانی کەمدەرامەت دەکات و لەدژى هەموو رێگریی و فشارەکاندا بەردەوام دەبێت لە خزمەت کردن.
یەنی بیرلیک
هاکان فیدان: تورکیا لە ناوەڕاستی جەنگێکی گەورەدایە
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، ناوچەکانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگێکی گەورەدایە و ئەگەر هەیە وێرانکاری زیاتری بەدوادابێت.
فیدان راشیگەیاند، تورکیا لە ناوەڕستی جەنگێکی گەورەی ناوچەکەدا هەیە و ئەگەر شەڕی چەکی ئەتۆمیش هەیە، مەترسی ئەوەش هەیە جەنگەکە تورکیا بگرێتەوە.
بە گوتەی فیدان، تورکیا هەوڵەکانی خۆی بۆ سەقامگیریی و ئاشتی ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
میللییەت
ئەردۆغان: دەیانەوێـت تورکیا تێکبدەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە بەجۆرێکە، دەیانەوێت پریشکی ئاگرەکە بەر تورکیا بکەوێت و وڵاتەکەمان تێکبدەن.
ئەردۆغان دەشڵێت، دەیانەوێت، تورکیاش لەو جەنگە تێوەبگلێنن، بەڵام چیتر تورکیا وڵاتێکی پێگە لاواز و ناهاوسەنگ و بێ سەقامیگیر نییە.
راشیگەیاند، هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ لەناوبردنی تیرۆر و سەرچاوەکانی پاڵپشتی تیرۆر.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئێمروز
ئەو ژنانەی باڵاپۆشی ناکەن بە 70 دۆلار بۆ دوو هەزار دۆلار سزا دەدرێن
محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یاسای باڵاپۆشی دوای پێداچوونەوەی زۆر لە لایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزەرانی واژۆ کرا.
لە مادەی 50ـی ئەم یاسایەدا چەندین سزا بۆ ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکاندا سەرپۆش ناکەن، پێشبینی کراوە.
سزاکان لە 70 دۆلارەوە دەست پێدەکات و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا تا دوو هەزار دۆلار زیاد دەکرێت.
بەگوێرەی ئەم یاسایه دامودەزگاکانی وەک وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەرده پابەندن به جێبەجێکردنی ئەم یاسایه.
یاسای ئاماژەپێکراو لە 13 رۆژی دیکەوە بەشێوەی فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.
ئەبرار
پلەی زانکۆکانی ئێران لە ریزبەندی زانستی جیهانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوون
یوسف حوجەت، بەرپرسی زانکۆی تاران، رایگەیاند، پلەی زانکۆکانی ئێران لە ریزبەندی زانستی جیهانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و هۆکارەکەشی کێشەکانی ئابووری و پشتگوێ خستنی زانستە لەلایەن حکومەتەوە.
گوتیشی، بودجەی زانکۆکان بەراورد بە بودجەی ناوەندەکانی دیکەی زۆر کەمە و دۆخی ئابووری ئێران وایکردووە زانکۆکان نەتوانن تەنانەت کەرەستەی تاقیگەیی گونجاو بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان بکڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی زانکۆکان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ خەرجی رۆژانەی وەک خواردن و نوستنگەکان خەرج دەکرێت.
تەجارەت
وەرینی خاک لە ئێران چوار هێندەی تێکڕای جیهانە
غوڵامڕەزا نوری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژی جیهانی خاکدا بە دروشمی “چاودێری و بەڕێوەبردنی خاک” رایگەیاند، کە وەرینی خاک لە ئێران چوار هێندەی تێکڕای جیهانییە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی سزاکان لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا، گوتی، ماددەی 50ـی دەستوور تایبەتە بە پاراستنی ژینگە و خاک و چالاکییەکانی دژی ژینگە و خاک قەدەغەیە بەڵام بەداخەوە یاساکان جێبەجێ ناکرێن.
گوتیشی، یاسای پاراستنی خاک پەسەند کراوە و ئامانجی پاراستنی خاک بە کشتوکاڵی زانستی و پەرەپێدانی دارستانەکانە بۆ راگرتنی پەرەسەندنی بیابانەکان.
جەوان
بۆ هەر 13 منداڵێکی نەخۆش تەنها یەک پەرستار هەیە
سیاسەتی زیادکردنی دانیشتوانی ئێران پێویستی بە کارمەندانی پزیشکی و پەرستاری زیاتر کردووە، بەڵام کەمیی هێزی مرۆیی لە نەخۆشخانەکاندا بە روونی هەستی پێدەکرێت.
لە نەخۆشخانەیەکدا، سێ پەرستار بەرپرسیارن لە چاودێریکردنی 38 نەخۆش؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر پەرستارێک دەبێت ئاگاداری 13 نەخۆش بێت، لەکاتێکدا ستانداردی جیهانی پەرستارێک بۆ دوو منداڵە.
پەرستاران گلەیی لە فشاری کارکردن و کەمیی هێزی مرۆیی دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، قەیرانی دارایی و مووچە وایکردووە فشاری زۆریان لەسەر بێت و پێویستیان بە چاکسازی هەیە لە سیستەمی چاودێریی تەندروستیدا.