شێروانە سێیەم بردنەوەى لەسەریەکى تۆمارکرد و برایەتیش لە پێشمەرگەى هەولێرى بردەوە.
لە هەفتەى پێنجەمى خولى نایابى تۆپى پێى کوردستان، یانەى سەیدسادق لە یاریگاى خۆیدا، میواندارى یانەى شێروانەى کرد.
شێروانەى میوان بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر یارییەکەى بردەوە و سێیەم بردنەوەى لەسەریەکى تۆمارکرد، هاوکات بە ١٣ خاڵ پێگەى خۆى لە پێشەنگى ریزبەندى خولەکەدا جێگیرکرد.
لە یارییەکى دیکەدا، کە لە پیرمام بەڕێوەچوو، هەردوو یانەى پێشمەرگەى هەولێر و برایەتى رووبەڕووى یەکبوونەوە و برایەتى میوان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەى بردەوە و پارێزگارى لە پلەى دوومى ریزبەندى کرد.
هاوکات یانەى هەولێر لە یاریگاى خۆیدا بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر بە یانەى زاخۆ دۆڕا، یارى نێوان هەردوو یانەى شەقڵاوە و دەربەندیخانیش بە یەکسانى و بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایى هات.