زووم..
گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا، کە چەند رۆژێکە هێرشیان سەر هەردوو پارێزگاى حەلەب و ئیدلب لەباکوورى رۆژئاواى سوریا دەسپێکردووە، فڕۆکەخانەیەکیان کۆنتڕۆڵکرد، کە بە فڕۆکەخانەیەکى “گرنگ و ستراتیژى” ناودەبرێت.
گروپە چەکدارییەکان، کە نزیکەى بیست گروپى چەکدارین بە سەرۆکایەتى جەبهەى تەحریر و شام (بەرەى نووسرەى پێشوو) ئەمڕۆ شەممە لە ئیدلب گەیشتنە فڕۆکەخانەى ئەبو زهور لە رۆژهەڵاتى پارێزگاکە و بە تەواوى کۆنتڕۆڵیان کرد.
کەناڵى سکاى نیوز ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، ئەو گروپە چەکدارییانە شارۆچکەی مەسارانیان لە رۆژهەڵاتی ئیدلب کۆنتڕۆڵ کردووەو چوونەتە ناو بنکەیەکى سەربازى روسیا، کە هێزەکانی ئەو وڵاتە رۆژی هەینی لێی کشابوونەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هێرشى ئەو گروپانە بۆ سەر پارێزگاى حەلەبیش بەردەوامە و توانیویانە 75%ـی گەڕەکەکانی حەلەب کۆنتڕۆڵ بکەن و قەدەغەی هاتووچۆی ئێوارانیان لەناو گەڕەکەکاندا سەپاندووە.
ئەو گروپانە لە رێگەى میدیاکانیانەوە رایانگەیاندووە، حەلەب لە رووی کارگێڕییەوە پابەندى بڕیارەکانى ئەوانە و سەر بە حکومەتى رزگارى نیشتمانییە، کە ئەوبو محەمەد جۆلانى سەرۆکایەتى دەکات و بارەگاى سەرەکى لە ئیدلبە.
لەلایەکى ترەوە کەناڵى سکاى نیوز لە راپۆرتێک ئاشکرایکردووە، کە پێشڕەوى گروپە چەکدارییەکان لەسەر زەوى لە حەلەب بەردەوامى هەیە.
لە کۆتایی ساڵی 2016 هێزەکانی سوپای سوریا بە پاڵپشتی روسیا و ئێران و کوتلە چەکدارەکانی ناوچەکە، تەواوی شاری حەلەبیان کۆنترۆڵکردەوە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دوای چەند مانگێک لە بۆردومان و گەمارۆدان رێککەوتن لەسەر کشانەوە.