زووم..
نیوەى پارێزگای حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سوریا، لەلایەن چەکدارانى دەستەى تەحریر شام و گروپ و میلیشیا هاوپەیمانەکانییەوە دەستى بەسەرداگیرا.
ئاژانسی فرانس لە زاری بەرێوەبەری روانگەى سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو گروپە چەکدارانە بە ئاسانی دەستیان بەسەر نیوەى پارێزگاکەدا گرتووە و گەیشتوونەتە قەڵای حەلەب لە نزیک ناوەندی پارێزگاکە.
رامى عەبدولڕەحمان بە ئاژانسەکەى گوتووە، دوێنێ هەینى ئەو گروپانە پێشڕەویان بۆ دەست بەسەرداگرتنى پارێزگاکە کردووە، دوای ئەوە لە سێ رۆژی رابردوودا جەنگێکی سەختیان لەگەڵ سوپای رژێمەکەى بەشار ئەسەد ئەنجامدا و نزیکەى 277 کەسیان لە یەکدی کوشت.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، سوپای حکومەتی سوریا بێ هیچ بەرگرییەک پارێزگاکەیان جێهێشتووە، ئەوەش وایکردووە نزیکەى ١٥ هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارەبن.