رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
جەنگە لەناکاوەکەى حەلەب کەوتنى موسڵ دێنێـتەوە یاد
پەلامارە لەناکاوەکەى شارى حەلەبى سوریا تارمایی هێرشە لەناکاوەکەى موسڵ وەبیردێنێتەوە، کە دەساڵ پێش ئێستا داعش لەناکاوێکدا پەلاماریدا و بەجارێک خستیە ژێردەسەڵاتى خۆیەوە.
هەرچەندە لە ماوەى چەند رۆژێکى هەفتەى پێشوودا گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و ئەوانەى سەر بەتورکیان پەلاماری چەند گەڕەک وناوچەیەکیان دابوو لە خۆرئاواى شارەکە.
بەڵام هاوشێوەى موسڵ حەلەب دووەم گەورە شارى سوریایە و حکومەت بەرگرییەکى ئەوتۆی پێنەکرا، شەڕو پێکدادانی گرووپە چەکدارەکانی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ سوپای سوریا لە نێو شاری حەلەب بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی 64 گوند و شارۆچکە و کوژارانی لانیکەم 277 کەس کە 176یان لە گرووپە چەکدارەکان و 93 کوژراو لە سوپای سوریا بوون ، ئەوەش جەنگەکەى خوێناویتر کردووە کەوەک رۆژنامەکە نوسیویەتى لە ماوەى چەند ساڵی رابوردودا جەنگی لەوشێوەیە روینەداوە.
قودسى عەرەبی
48 دادوەرى میسر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت
عەدنان فنجەرى وەزیری دادى میسر، بڕیارێکى دەرکردووە سەبارەت بە هەواڵەکردنى 48 دادوەری وڵاتەکەى بۆ بەردەم لێکۆڵێنەوە سەبارەت بە جیاوازیی مووچە و شایستە داراییەکانیان و هەندێک بڕیاری کارگێڕیی، بەگوێرەى دامەزراوەى – پشتیوانى دادپەروەریی- کە سەر بە ناوەندى عەرەبی سەربەخۆیی داد و پارێزەرییە لە میسر.
ئەم بڕیارەى وەزیر پێشێلکارییەکى حاشا هەڵنەگری یاسا و پارێزبەندى ئەو دادوەرانەیە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان دانى پێداناوە و لەساڵی 1985ـىەوە بڕیاری سەربەخۆیی دادگاو دادوەرەکانى پەسەند کردووە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەگوێرەى مادەى هەشتى ئەو یاسایە و جاڕنامەى گەردوونى مافەکانى مرۆڤ دادوەرەکانیش وەک هەر هاووڵاتییەکى تر مافى ئازادی و بەرگریی لەخۆکردنیان هەیە و دەبێت مومارەسەى مافەکانى خۆیان بکەن.
ئەو دامەزراوەیە بڵاویکردوەتەوە رەوانەکردنى 48 دادوەر بۆ بەردەم لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە کە لەلایەن هەندێک دادوەری دیکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە هۆکارەکەى ئەوەیە پێشتر داوایانکردووە مووچە و شایستە داراییەکانیان یەکبخرێت و وەک یەکیان لێبکرێت، دامەزراوەکە گوتوشیەتى کەس نەیگوتووە دادپەروەریی نەیەتەدى، بەڵام پێش لەو قۆناغە دەبوو گوێیان بۆ بگیرێت و چارەسەرێکى دیکەى بۆ بدۆزنەوە .
عەرەبی جەدید
بەرزبوونەوەى ژمارەى دانیشتوانى عێراق کورسییەکانى پەرلەمان زیاتردەکات
محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دابەشکردنى ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان لەسەر بنەماى ژمارەى دانیشتوانەکەى دیاریکراوە، بەرزبوونەوەى ژمارەى دانیشتوانیش دەبێتە هۆی زیادبوونى کورسییەکانى پەرلەمان.
دەبێت لە ئێستاوە کاری بۆبکرێت و بەگوێرەى ژمارەى دانیشتوان لەم سەرژمێرییەدا رێکبخرێتەوە، رونیشیکردوەتەوە کێشە و ململانێ سیاسییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بڕیارەکان هەیە و ئەو بابەتەش پێویستى بەڕێککەوتن هەیە.
فازڵ غەڕاوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژیی مافەکانى مرۆڤ لە عێراق ئاماژەى بەوەکردووە، بەگوێرەى مادەى 45 لە دەستوری هەمیشەیی عێراق بۆ هەر 100 هەزار دەنگ کورسییەک دیاریکراوە، بەهۆی نەبوونى ئامار و سەرژمێرییەکى وردەوە ژمارەی دانیشتوانى عێراق بە 32 ملیۆن و 900هەزار کەس خەمڵێنرابوو، بەڵام لەم سەرژمێرییەدا بۆیە 329 کورسی پەرلەمان دیاریکرابوو، بەڵام سەرژمێرییەکانى 2024 باس لەوە دەکەن ژمارەی دانیشتوانى عێراق ژمارەیان لە 45 ملیۆن و 300 هەزار کەس تێپەڕیووە بۆیە دەبێت ژمارەى کورسییەکانیش بکرێنە 423 کورسی.
جەریدە
هەرکەسێک سەرکێشى بکات ئۆتۆمبێلەکەى پاندەکرێتەوە
بەگوێرەى فەرمانێکى ئەنجومەنى وەزیرانى کوەیت، کە ئاڕاستەى هەریەک لە وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگریی کراوە دەسەڵاتى تەواو دراوە بە کەرتى هاتوچۆ رێککاری توند لەبەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە بە ئۆتۆمبێلەکانیان سەرکێشى دەکەن و ڤیدۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە، لەبەر ئەوەى مەترسی لەسەر خۆیان و هاووڵاتییان دروستدەکەن، بەگوێرەى بەیاننامەیەکى وەزارەتى ناوخۆى کوەیت لیژنەکانیان هەستاون بە گەڕان و پشکنینى ورد بۆ ئەو کەسانە و بەگوێرەى یاساش هەرکەسێک ئەو کارانەبکات وێڕای زیندانیکردنیان ئۆتۆمبێلەکانیان پاندەکرێنەوە، لەبەر ئەوەى مەترسی لەسەرژیانى هاووڵاتیان دادەنێن و کەرەستەو شتومەکی حکومەت و گشتیش زیان پێدەگەیەنن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
زێلینسکی: لەپێناوی ئاشتیدا دەست لە پارچەیەکی خاکی وڵاتەکەی هەڵدەگرێت
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، ئامادەیە بۆ ئاشتی و بۆئەوەی وڵاتەکەی بچێتە ژێر چەتری ناتۆوە دەست لە هەندێک لە خاکی وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
ناوبراو بۆ یەکەمجار ددانی بەوەدانا، کە بۆئەوەی بتوانن بگەن بە ئاشتییەک و کۆتایی بەشەڕی سەر وڵاتەکەی بێت ئامادەیە دەست لە خاکێکی وڵاتەکەی هەڵبگرێت و بیدات بە رووسیا. مەرجی ئەو دەست لێهەڵگرتنانە ئەوەیە کاتی بێت.
دەیەوێت بەم کارەی ئاسانکاری بۆئەوە بکات کە وڵاتەکەی بچێتە ژێر چەتری رێکخراوی ناتۆوە. ئەم هەنگاوە وەک کارێکی هەنووکەیی بخرێتە بواری جێبەجێکردن و دوای ئەوە دانوستاندنی وەرگرتنەوەی خاکەکان بکرێت.
تایمز
ئەندام پەرلەمانەکان پشتگیریی مەرگی خۆویستانە دەکەن، ستامەریش دەنگی پێدەدات
جیاواز لە ستامەر، وەزیرەکان پێیانگوتراوە بۆ دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان چاوەڕوان بکەن تا ئەوکاتەی وردەکارییەکەی دەبینن.
سەرەکوەزیرانی بەریتانیا گۆڕانکارییەکی لە پرۆژەیاسای مەرگی ئاسانکراودا کرد، بەمەش هەنگاوێک نزیکتر کەوتەوە لەوەی تێبپەڕێندرێت.
لەناو ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانیشدا بە پاڵپشتیی 330 دەنگ و لەدژبوونی 275 دەنگ تێپەڕێندرا. بەمەش ئەوکەسانەی کە نەخۆشیی نائومێد و درێژخایەنیان هەیە، خۆیان دەتوانن داوای یارمەتی لە پزیشکەکان بکەن بۆئەوەی کۆتایی بە ژیانیان بهێندرێت.
لەپاش بڕیارلێدانەکەوە، گفتوگۆکەی ناو پەرلەمان ماوەی پێنج کاتژمێری تری پڕ لە هەست و جۆش و خرۆش بەردەوام بوو، دوای گفتوگۆکە زۆرکەس هەڵوێستیان یەکلایی بووەوە.
ستامەر بڕیاریدا لەگەڵ تێپەڕاندنی یاساکەدا بێت، بەڵام وەزیرەکان داوای کاتی زیاتریان کرد بۆئەوەی چەند مانگێک گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، ئەوکات بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە بڵێن.
ئێف تی ویکئەند
دوای پێنج ساڵ کڵێسای نۆتردام جارێکی دیکە دەرگاکانی بۆ سەردانکاران دەکرێنەوە
پێنج ساڵ بەسەر سوتانەکەی کڵێسای نۆتردامدا تێپەڕدەبێت، تائێستاش وەستا و کرێکار هەر کاری تێدادەکەن.
بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ کردنەوەی لەبەردەم گەشتیاراندا، دوێنێ ئیمانوێڵ ماکرۆن لەوێ گوتارێکی هەبوو، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، کە لە هەفتەی ئایندەوە دەرگاکانی بۆ خەڵک دەکرێنەوە سەردانی بکەن. پێنج ساڵ پێش ئێستا ئەم کڵێسا ناودار و مێژووییەی ناو شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئاگری گرت و زیانی زۆری بەرکەوت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
زانایەکی بەساڵاچوو شەڕی کات دەکات
دکتۆر ئێدوارد سکۆڵنیک پزیشکێکە تەمەنی 84 ساڵە، ماوەی 22 ساڵە کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گرفتێکی تەندروستی دەکات، کە تووشی مێشکی مرۆڤ دەبێت.
دەڵێت پێیوایە ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵی تریشی پێویستە بۆئەوەی بتوانێت بگات بە دۆزینەوەی چارەسەرەکە.
ئەگەر بیدۆزێتەوە، ئەوا کوڕەکەی خۆی و ملیۆنان مرۆڤی تری نەخۆش سوود لە چارەسەرەکەی وەردەگرن.ئەم پزیشکە بەو تەمەنە زۆرەوە بیست و دوو ساڵی رابوردووی تەمەنی خۆیی لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکدا بەسەربردووە، کە بتوانێت نەخۆشیی شیزۆفیرینیا و چەند گرفتێکی تری عەقڵیی وەک بایپۆلەر بنەبڕبکات، کە ملیۆنان مرۆڤ بەدەستیانەوە دەناڵێنن. پزیشکە بەتەمەنەکە ئومێدی ئەوەی هەیە بگات بە چارەسەرەکە و دەڵێت، دەزانم دەتوانم پێیبگەم.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
بانگەوازەکان بۆ ئۆجالان لەپای هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغانە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، ئامانج لە بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بۆ درێژکردنەوەى خولێکی دیکەى هەڵبژاردنەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغانە وەک سەرۆککۆماری تورکیا.
ئاک پارتی و مەهەپە لەو رێگەیەوە دەیانەوێت بە پشتیوانی دەم پارتی رێگرییەکانى بەردەم خۆ کاندیدکردنەوەى ئەردۆغان لاببەن.
ئۆزال راشیگەیاند، باخچەلی پێیوانەبێت میللەت ئاگاداری ئامانجەکانی پشت بانگەوازەکانی باخچەلی بۆ ئۆجالان نییە کە ئەویش هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغانە بۆ خولی ئایندە.
یەنی مێساج
بەهۆی گرانی نرخەکەی هاووڵاتیانی تورکیا دەستبەرداری کلتووری قاوە خواردنەوە دەبن
بەڕازیل خاوەنی گەورترین بەرهەمهێنانی قاوەیە کە بۆ وڵاتانی جیهان هەناردەی دەکات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانى قاوە هەبووە و بەمەش نرخی قاوە بەرزبووەتەوە.
لە ئەمریکا نرخی کیلۆیەک قاوە 7.2 دۆلاری ئەمریکییە. بەڵام لە تورکیا نرخی قاوە بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە گەیشتوەتە هەزار لیرەی تورکی، کە دەکاتە زیاتر لە 30 دۆلاری ئەمریکی.
بەهۆی گرانی قاوەوە خەریکە هاوڵاتیانی تورکیا دەستبەرداری کلتووری قاوە خواردنەوە دەبن.
ئەکشام
لە ئەدەنە باندێک بە دۆلاری ساختەوە گیران
چەند رۆژێکە بەهۆی زۆربوونی دۆلاری ساختەوە لە شارەکانی تورکیا مامەڵە بە دۆلار راگیراوە و دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش داخراون.
لە شاری ئەدەنەی تورکیا دوو کەس بە تۆمەتی ساغ کردنەوەى 45 هەزار و 800 دۆلاری ئەمریکی دەستگیرکران.
ئەو دوو کەسە ویستویانە دۆلاری ساختە لە ئامێری بانکیدا لەسەر حسابەکانیان دابنێن. هاوکات لە شاری هەتای و مێرسین هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 79 هەزار و 256 دۆلاری ساختەدا گرتووە و 15کەس بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختەوە دەستگیرکراون.
یەنیچاخ
لە کۆشکی کۆماریی سامانی وڵات بەهەدەر دەدرێت
لەکاتێکدا قەیرانی ئابووری و خراپی بژێوی ژیانی خەڵک لەئارادایە، کۆشکی کۆماری بەردەوامە لە بەهەدەر دانی سامانی وڵات.
گوڵزار بیچەر پەڕلەمانتاری جەهەپە دەڵێت، کۆشکی کۆماری لە ساڵى 2023 دا بری 45.5 ملیۆن لیرەی تەنها بۆ جلوبەرگ خەرج کردووە. هاوکات هەر لە هەمانساڵدا بڕی 15.6 ملیۆن لیرە بۆ خواردن و خواردنەوە خرج کراوە. بری 14.3 ملیۆن لیرەش بۆ پێداویستی پاکەرەوە خەرجکراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
دیپلۆماسی بۆ راکێشانی گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەستی پێکرد
رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار دەستپێکردنی دیپلۆماسی چالاکی بۆ راکێشانی گەشتیارانی بیانی راگەیاند.
گوتیشی، ئامانجی یەکەم وڵاتانی ناوچەی نەورۆز دەبن و لەوانەش ئازەربایجان و ئۆزبەکستان.
ناوبراو ئامانجی دووهەمی به پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زانی و ئاماژەی بەوەشدا که هیندستان، چین و تورکیا له پلانەکانی داهاتوودان.
وەزیری گەشتوگوزار جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ژێرخانی گونجاو دروست بکرێت وەک گواستنەوە و هۆتێل، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دروست میوانداری لە گەشتیاران بکرێت.
هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزیرە جیاوازەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەشتیاری راگەیاند.
ئارمانی ئیمروز
میوزیکی رەسەنی ئێران لە مەترسی لەناو چووندایە
جەوادزادە، ئەندامی زانستی لێکۆڵینەوەی فەرهەنگ و هونەری موسیقای ئێران دەڵێت، مۆسیقای ئێرانی تووشی کێشەی هونەری و ناوەڕۆک بووەتەوە.
دەشڵێت، لە ئێستادا مۆسیقای ئێرانی دابەش بووە بەسەر دوو شێوازی رەسەن و بازرگانیدا.
مۆسیقای رەسەن بەهۆی چەندین کێشە و ئاستەنگ لەلایەن حکومەتەوە بەرەو قەدەغەبوون رۆیشتووە و بەرهەمەکان زیاتر بە شێوازی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێن.
لەلایەکی دیکەوە مۆسیقای بازرگانی کە زۆربەی پێوەرە مۆسیقیەکانی تێدا نییە و لەگەڵ فەرهەنگی ئێراندا ناگونجێت، رووبەڕووی پشتیوانیی بەربڵاوی حکوومەت بووەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، کە گوێگرانی مۆسیقا لە ئێستادا زیاتر مەیلیان بۆ بەرهەمە پۆپییە ئاست نزمەکانە تاکوو مۆسیقای رەسەن، ئەمەش مۆسیقای هونەری لاواز کردووە و بەرهەمە ناستانداردەکان بەردەوام لە زیادبووندان.
ئەبرار
خەڵکی پارێزگاکان پێشوازیان لە سەرۆککۆماری ئێران نەکرد
جێگری سەرۆککۆمار بۆ جێبەجێکردنی کاروباری حکومەت رایگەیاند، کە لە سەفەرەکانی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزشکیان بۆ پارێزگاکانی وڵات پێشوازیی گشتی لەلایەن خەڵکەوە وەک رابردوو نەبووە و زۆر کەمی کردووە.
محەمەد قائیمپەنا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نائۆمێدی خەڵک لە چاکسازیی، ئەو پێشوازییانە کەم بوونەتەوە. دەشڵێت، حکومەتی پزشکیان بەردەوام هەوڵی چاکسازیی و رەزامەندیی خەڵک دەدات.
دووریی دەسەڵاتداران لە خەڵک و نەبوونی پێوەندی، کاریگەریی خراپی لەسەر متمانەی خەڵک بۆ بەرپرسان هەبووە.
ئاگاهـــ
گرانبوونی مریشک بووەتە هەڕەشە لەسەر سفرەی خەڵک
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، گۆشتی مریشک بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوورەوە ببووە، جێگرەوەی سەرەکی لە خۆراکی ماڵاندا.
بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بۆ 12% مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە تەنانەت مریشکیش لە خۆراکی خەڵکدا نەمێنێت.
راپرسییەکان دەریدەخەن فرۆشیاران لە زۆربەی ناوچەکان پابەند نین بە نرخی پەسەندکراوی مریشک و بە بیانووی وەک پاکەتکردن و پارچەکردنی مریشک نرخەکان ئەوەندەی دیکە بەرز دەکەنەوە.
لە راپۆرتەکاندا دەردەکەوێت که بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک بەراورد به ساڵی رابردوو زیادی کردووه ، بەڵام هەڵاوسانی کەرتی بەرهەمهێنانیش بەردەوامه.