زووم..
پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای “مردنی یارمەتیدەر”ـی تێپەڕاند کە تێیدا ئەو کەسانەی هیوای ژیانیان نەماوە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن داوای ئەوە بکەن کۆتایی بە ژیانیان بهێنرێت.
دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە تاووتوێکردنی پرۆژەیاساکە لەنێو پەرلەمانتارانی بەریتانیا، پرۆژەیاساکە بەدەنگی 330 پەرلەمانتار تێپەڕێندرا، لەکاتێکدا 275 پەرلەمانتار دەنگی نەخێریان بە پرۆژەیاسەکەدا.
لەدوای ئەم قۆناغە، پرۆژەیاساکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا دەخرێتە بەردەم لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بکات و دواتریش دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی لۆردەکان لە پەرلەمانی بەریتانیا کە ئاستی باڵایە لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات و ببێتە یاسا.
پرۆژەیاساکە چەند مەرجێکی تێدایە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت، گرنگترینیان ئەوەیە کەسی نەخۆش بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی تەنها شەش مانگی مابێت لە ژیاندا و هیوای ژیانی نەمابێت، دواتر کەسی نەخۆشی سەروو 18 ساڵ داواکاری پێشکەش دەکات و دوو پزیشکی پسپۆر دوای لێکۆڵینەوە بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدەن.
لە پاش ئەمە دادوەرێکی دادگای باڵای بەریتانیا دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە و پزیشکێک لەرێی پێدانی دەرمانی تایبەتەوە دەتوانێت کۆتایی بە ژیانی نەخۆشەکە بهێنێت.
ئەم یاسایە لە بەریتانیا مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری خەڵک دژین بەهۆی ئەوەی دەڵێن، رەنگە نەخۆش فشاری لێبکرێت تا داواکاری پێشکەش بکات بۆ کۆتایهێنان بە ژیانی.
ئەگەر پرۆژەیاساکە تێپەڕێنرێت ساڵی داهاتوو لە وڵاتی ئینگلتەرا و وێڵز دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پرۆژەیاسایە لە چەندین وڵاتی دیکەش بەشێوازی جۆراوجۆر و رێکاری تایبەت کاری پێدەکرێت، لەوانە: سویسرا، ئیسپانیا، نەمسا، نیوزیلەندا، هۆڵەندا، کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە.