زوومى رۆژنامە تورکییەکان
یەنیچاخ: دۆلاری ساختە بازاڕی ئیستەنبوڵی شێواندووە
بەهۆی زۆربونی دۆلاری ساختەوە لە بازاڕەکاندا ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بانقەکاندا وەستاوە، پارەی کاغەزی سەد دۆلاری و 50 دۆلاری بەجۆرێک ساختە کراوە لە ئامێری ئاشکراکردنی دۆلاریشدا دۆلارە ساختەکە دەخوێنرێتەوە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ فەرمانی بەدواداچوونی یاسایی بۆ زۆربوونی دۆلاری ساختە لە ئیستەنبوڵ دەرکردووە. بەگوێرەی دەنگۆکان یەک ملیار دۆلاری ساختە خراوەتە بازاڕەوە.
بانقەکان بۆ ماوەیەکی کاتی مامەڵەی دۆلار و ئاڵوگۆڕیان راگرتووە.
یەنی ئاسیا: بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سنووردار دەکرێت
دامەزراوەی پەیوەندی و تەکنەلۆجیی تورکیا بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خێزان و کۆمەڵایەتی گەیشتوونەتە پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەوەی بەکارهێنانی تەلەفۆنی زیرەک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە خوار تەمەنی 13 ساڵانەوە قەدەغە بکەن.
قەرار: سەرلەنوێ رەفا ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ دەم پارتی
فاتیح ئەربەکان سەرۆکی گشتیی پارتی رەفا رایگەیاند، دیدارەکانیان لەگەڵ دەم پارتی بەردەوامە و لە سێ داواکاریی دەم پارتی ئامادەن ریککەوتن لەسەر دووانیان بکەن.
ئەربەکان راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکاندا دەم پارتی داوای فیدڕاڵییەت یان هەرێمێکی سەربەخۆییان نەکردووە. بەڵکۆ داوای خوێندن بە زمانی دایک و بەهێزکردنی دەسەڵاتی شارەوانییەکان و ناساندنی مافی کورد لە دەستوور وەک هاوڵاتییەکی خاوەن مافی یەکسان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کردووە.
ئەربەکان گوتوویەتی پارتەکەیان هیچ نیگەرانییەکی لەسەر خوێندن بە زمانی دایک و بەهێزکردنی دەسەڵاتی شارەوانییەکان نییە.
ئایدنڵک: تورکیا لە دژی قەوارەی کوردی لە سوریا دەوەستێتەوە
پێشتر ئەردۆغان دەیگوت لەگەڵ دروستکردنی قەوارەیەکی کورد لە سووریا نین و بە تیرۆریستانی ناودەبرد، محەمەد ئوچوم راوێژکاری ئەردۆغان رایگەیاندووە دروستکردنی هەرێمێک بۆ کورد لە سوریا پڕۆژەیەکی ئەمریکاییە.
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان گوتویەتی دەوڵەتی تورکیا شوێنی میللەتی کوردە.
زوومى رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: ئێران دەڵێت ئەگەر فشار بکەن چەکی ئەتۆم دروست دەکەم
ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر فشارەکانی ئەمڕیکا و وڵاتانی رۆژئاوای لەسەر توندتر بکرێتەوە، ئەوا دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، دەڵێت، ئەگەر ئەو فشارانەی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر ئیران دروستی دەکەن بەردەوام بێت و دووبارە سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، ئێران ناچارە لەناوخۆدا گفتوگۆ دەربارەی دروستکردن و خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆم بکات.
ئەو لێدوانانەی عەباس عیراقچی، هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە جنێڤی پایتەختی سویسرا.
عەرەبی جەدید: ئەمریکا رێککەوتنی غەزەی وەک ئەوەی لوبنان دەوێت
هێزەکانی ئیسرائیل لە بۆردومان و کۆمەڵکوژیی و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی لە باکوور و ناوەڕاستی کەرتی غەزە بەردەوامە و هێزێکی چڕوپڕ و چەندین تانک و زرێپۆشی نوێی هێناوەتە باشووری کەرتەکە.
جموجۆڵێکی دیپلۆماتیش ئەنجامدەدرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید زانیاریی لەبەردەستە، هەوڵە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان بەرەو ئەو ئاڕاستەیەن هاوشێوەی ئاگربەستەکەی لوبنان بۆ غەزە بێننە ئاراوە.
عەرەب: تورکیا بە هەڵایسانی شەڕ وەڵامی خەمساردییەکانی ئەسەد دەداتەوە
کەتیبە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دەیان گوند و شارۆچکەی دەوروبەری حەلەب کۆنتڕۆڵ دەکەن.
ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا، هەڵکشانێکی گرژیی گەورە و لەناکاوی گروپە سەربازییەکانی سەر بە تورکیا، دژ بە هێزەکانی سوریای بەخۆوە بینی، لە هەنگاوێکدا کە چاودێرانی سیاسی پەیوەستیان کردووە بەو خەمساردییەی بەشار ئەسەد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا – سوریا نواندوویەتی.
لە ماوەی 24 کاتژمێردا، کەتیبە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، توانیان دەیان گوند و شارۆچکە و گوندەوارەکانی رۆژئاوای پارێزگای حەلەب کۆنترۆڵ بکەن، ئێستاش چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی پارێزگاکەوە دوورن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرشەکە پلان بۆ داڕێژراوە و ئامانجی ناردنی پەیامێکە بۆ دیمەشق، بەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و لە رووی سەربازییەوە لەسەر زەمینی واقع ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ئەو ئاساییکردنەوەیە هەنگاوی سیاسیی بۆ نەنرێت.
قودسی عەرەبی: سودانی حەوت یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئیسپانیا واژۆکرد
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوزیرانی عێراق، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە سەردانی ئیسپانیای کرد، لەگەڵ پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوزیرانی ئەو وڵاتە، حەوت یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوکاتە لەگەڵ ئەو گرژیی و ئاڵنگارییانەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە، سەردانەکەش چوارچێوە گشتییەکەی بریتیبوو لە هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات.
ئۆفیسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، حەوت یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، یاداشتەکانیش پەیوەستن بە بواری بازرگانی و سەربازی و ئەمنی و بواری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەوە.
زوومى رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن: پڕۆژە یاسای مردنی دڵخوازانە لە پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی لەسەر دەدرێت
کیم لێدبێتەر پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەریتانیا داوای لە هاوکارەکانی کرد پشتگیری لە پڕۆژە یاسای مردنی دڵخوازانە بکەن.
ناوبراو ئەم پڕۆژە یاسایەی بە دەرفەتێکی مێژوویی زانی بۆ بەهێزکردنی مافی هەڵبژاردن بۆ ئەو نەخۆشانەی ئازاریان زۆرە.
پڕۆژە یاساکە، کە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر دەدرێت، مشتومڕى دروست کردووە و رەنگە ئەمڕۆ بە تەواوى یەکلابکرێتەوە.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەو نەخۆشانەی کە کەمتر لە شەش مانگیان ماوە بۆ ژیان و لەلایەن دوو پزیشکەوە پەسەندکراون، دەتوانن مردن هەڵبژێرن.
ئیریش نیوز: کێڵگەیەکی ماریجوانای چینییەکان لە ئیرلەندا دۆزرایەوە
باندێکی رێکخراو لە باشووری چین کۆنتڕۆڵی یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی ماریجوانایان کردووە، کە لە ئیرلەندای باکوور دۆزرایەوە.
کێڵگەکە کە دەکەوێتە سەر موڵکی جووتیارێکی ناسراو، کە لە ماوەی یەک ساڵ لە کارکردنیدا بە بەهای نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلار گیای ماریجوانای بەرهەم هێناوە.
ئەو جوتیارە ناسراوە تەمەنی ٥٦ ساڵە و باوکی شەش منداڵە، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بە هۆى ئەوەی رێگەیداوە کۆگا گەورەکەی لەلایەن باندەکەوە بەکاربهێنرێت.
ئیریش نیوز بڵاویکردووەتەوە، کە ئەم باندە، لە پارێزگای فوجیانی چینەوە سەرچاوەیان گرتووە و پۆلیسی ئێرلەندای باکوور لە ساڵانی رابردوودا ٢٠٠ کەسی پەیوەست بەو باندانە دەستگیرکردووە.
عەرەب نیوز: لە شەڕە نوێیەکەدا لەباکووری سوریا ٢٠٠ کەس کوژراون
عەرەب نیوز بڵاویکردەوە، ە لە شەڕە نوێیەکەدا لەباکووری سوریا ٢٠٠ کەس کوژراون و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانیش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر حەڵەب .
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، کە چەکدارانی تەحریر ئەلشام رۆژی پێنچەشەممە پێشرەوییان کردووە بەەرەو حەڵەب و رێگەی نێودەوڵەتی ئێم ٥ یان کۆنترۆڵ کردووە کە دەکەوێتە نێوان دیمەشق و حەڵەب.
هێزەکانی روسیاو و سوپای سوریا کەوتوونەتە خۆیان لەرێگەی ئاسمانییەوە، کە هێرشبەرەکان پاشەکشە پێ بکەن و روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت بەهۆی بۆردومانەکانیشەوە ١٩ مەدەنی کوژراون لە نزیک حەڵەب.
هەرجی سوپای سوریاشە ئاماژە بەوە دەکات، زیانی زۆریان بە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن گەیاندووە کە ئەوان بە تیرۆریست ناویان دەهێنن.
یۆرک شایر پۆست: چیتر هۆتێل بە کۆچبەران نادرێت
یۆرک شایر پۆست بڵاویکردەوە، چیتر هۆتێل لە شاری رۆزەرهام بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران بەکارناهێنرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئاژاوەیەکی بەرفراوان هات لە دوای هێرشێکی پەناخوازان، کە بەهۆى هێرشەکەوە هۆتێلی مۆزەرز هۆلیدای زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە، کە پەناخوازان ناگەڕێنرێنەوە بۆ هۆتێلەکە.
داتا نوێیەکان دەریدەخەن هاتنی کۆچبەران لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی ٧٢٣ هەزار کەس.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی پەناخوازان لە هۆتێلەکانەوە بۆ شوێنی دیکە، هێشتا کاتێکی ورد دیاری نەکراوە بۆ ئەم بەرنامەیە، بەڵام فشارێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە هەیە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە.