زووم..
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پابەندن بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی بینیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
پیتەر ستانۆ بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوتووە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوی رێز لە سەربەخۆیی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەگرن و پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی.
دەشڵێت، دادگاکە دامەزراوەیەکی گرنگی سەربەخۆیە و رۆڵی خۆی دەگێڕێت لە لە بڕیاردان لەسەر مەترسیدارترین تاوانەکان.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوەشکردەوە، سەرجەم ئەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێککەوتنی رۆما کردووە رێز لە سەربەخۆیی دادگاکە دەگرن و پابەندن بە دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و یواڤ گالانتی وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل.
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ و گالانت دەرکرد، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژ بە فەڵەستینییەکان.