زووم..
دادگای لێکۆڵینەوەی بەغداد زانیاری نوێ لەبارەی ئەو کارگەیە ئاشکرا دەکات، لە سنووری گەرمیان مادەی هۆشبەری بەرهەم دەهێنا.
وەلید ئیبراهیم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەغداد بە ماڵپەڕی دادگاکەی گوتووە 100 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لەو کارگەیەی دامێنی دەریاچەی دەربەندیخانەوە رەوانەی وڵاتانی کەنداو کراوە، کە مانگی پێنجی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.
ئەم لە کاتێکدا پێشتر و لە رۆژی دەستبەسەرداگرتنی ئەم کارگەیە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، کارگەکە لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە و نەگەیشتووە ئاستی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە، دادوەرەکە دەڵێت، بە تۆمەتی گواستنەوەی 30 کیلۆگرام کریستاڵ لە سلێمانییەوە بۆ بەسرە، سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش کەسدا سەپێنراوە.
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمساڵدا سزای لەسێدارەدان بۆ 75 کەسی تێوەگلاو لە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرکراوە کە شەشیان کەسانی بیانین، هەروەها سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ 20 کەسی دیکە دەرکراوە.