زووم..
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یڤیت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبوویەوە و باسیان لە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە یڤیت کووپەر کردووە و لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە چەند بابەتێک کردووە، یەکێک لەوانە رووبەرووبونەوەی کۆچی نایاسایی بووە.
لە راگەیاندراوەکە هاتووە، “هاوڕابووین لەسەر گرنگی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.”
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵدایە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات و پرۆگرامێکی داناوە بۆ کەمکردنەوەی کۆچی ناسایی.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی تایمزی بەریتانیا بڵاویکردەوە، یڤیت کوپەر بودجەیەکی ملیۆن یۆرۆیی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی وەک هەماهەنگی و پاراستنی ئاسایش بەسەر حکومەتی هەرێم، تورکیا و ڤێتنام دابەشی بکات تا لای خۆیانەوە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکەن.
ئامانجی پرۆژەکەی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە هەلی کار بۆ گەنجان لە وڵاتی خۆیان برەخسێندرێت لەڕێی دامەزراندانی چەندین پڕۆژەی جیاواز بۆ ئەوەی بیر لە رۆشتن بۆ بەریتانیا نەکەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تایمز، حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت چەند رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەو رێککەوتنانە بکات کە ئیتاڵیا لەگەڵ لیبیا و تونس کردوویەتی و زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردووە، پلانەکەشی سەرکەوتوو بووە و رێژەی کۆچی نایاسایی کەمکردووەتەوە.