زووم..
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت، حکومەتى عێراق لە بڕیارى بڕینى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ غەزە پاشگەزبووەتەوە، هۆکارەکەشى ناڕەزایەتیی جەماوەر بووە.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوویدا بڕیاریدا 1%ـى مووچە ببڕێت و بینێرێت بۆ خەڵکى غەزە و لوبنان.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق لەدوا کۆبوونەوەیدا بڕیارەکەی هەموارکردوەتەوەتەوە و ماوەی شەش مانگی داناوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بەشێوەی خۆبەخشی، بەڵام بەگوتەی ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق، ئەگەر حکومەت لەسەدا یەکی مووچەکەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ هاوکاری غەزە و لوبنان ببڕێت، ئەوا ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 800 ملیار دینار، کە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەکات، ئەوەش بڕە پارەیەکی زۆرە.
هاوکات دادوەر رەحیم عەگێلی سەرۆکی پێشوتری دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بڕینی یەک دیناری مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نیە بەبیانوی بەخشین، بەڵکو ئەوە زیاتر موزایەدەیە لەسەر حسابی فەرمانبەران و خانەنشنینان بڕیارەکەش پێشێلکردنی یاسا و دەستوورە و دەرگا بۆ زیادەڕۆیی و پێشێلکاریی دیکە دەکاتەوە.