16
زووم
ماجید خەلیل گوتارێکی لەبارەی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا وەک یەکێک لە باشترین سەد کتێبی جیهان نووسیوە و دەڵێت،
ریزبەندییەکەی دنیای ئێرە!
هەرچەند درەنگیشە، وەلێ ویژدان و وشە و وێنای خەیاڵی کوردێک لە ریزبەندی رۆمانە جیهانییەکاندا جێگەی دڵخۆشیمانە..
من دەزانم، گورزی گەمە سیاسییەکەش، گەلێجار گیراوەتە بەرپێی هەنگاوی هونەرمەند و ئەدیبانی کوردەوارییەوە، ئەگینا ئەبو، ئاسانتر و زووتر زەواری ئەدەبی کوردی بگیشتایەتە جێگەی خۆی.
بەدەر لە لۆژیکە سیاسییە باوەکەی دەرەوە، دنیای خۆشمان خەیلێ کۆڵەوارە، دنیایەک تاڕادەی تارنانی بەختیار عەلییەکان، عەشقی باوەش و ئامێزی گەرمی گەجەروگوجەرەکانی دنیای دەرەوەن!
هەندێک هونەری خۆگونجاندن و خۆڵکردنە چاوی بەرامبەر و سڕڕی ستایشکردن و مۆرەی ماستاوکردن، لە میتۆد و میکانیزمی مامە حەمەییدا، حەکایەتی مێشی مێژووی زۆڕێک لە کلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکانە..
یانی یادەوەریی پرس و پێناوێکی وا، وەختە بڵێم، سێبەرێکی چڕی چارەی دەسەڵاتە سیاسییەکان، کاربەدەست، وەزیر و گزیر و گەلێ لەو لەونانەی ساحێب سەرمایە و قودرەتی قادرەکانی قۆناغەکان بوون.
ئەسڵەن ئەزموونێک نابینین، خاڵی لە لەقاندنی کلک و گوێی گروپێکی دیاریکراو بێت.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ، لە جاڕی جڤات و جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی کوردیدا دەگوزەرێت، تەححا تامێکی سوێرە و سەربوردەی سەرلەبەری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی گرتووەتەوە.
هاکا لەژێرپێی ئەم کیشوەرەدا زەمزەمێک لە زمانی ماستاو تەقییەوە!ئەم بۆ ئەو، ئەویش بۆ ئەوەکەی تر
لە هەر کوچە و کۆڵانێ، لەهەر دامەزراوە و دەستەیێ، لەهەر کۆڕ و کۆنفڕانسێ، لەهەر زانکۆ و زەوارێکی مەعریفییەوە بیگرە تاوەکو شاگردی شێف و بەننایێ، تاوەکو کاشێر و کرێکار و خەڕات و دارتاش و پینەچی و جۆڵایێ، تێکڕا تینوێتیان، لنگەفڕکێی سارای ساوەیەکی بێئاوە! هاکا لەژێرپێی ئەم کیشوەرەدا زەمزەمێک لە زمانی ماستاو تەقییەوە!
ئەم بۆ ئەو، ئەویش بۆ ئەوەکەی تر، ئەوەکەی تریش بۆ سەرووی خۆی، رێک دەڵێی هەرەمی فیرعەونەکانە، لەوسەری لوتکەی هەرەمەکەشەوە، هەڵتروشکانی زەلامێکی زایفە، زمانلاڵ، زەبوون، زوڕناژەن لەبەردەم تڕکەنێکی بێگانەدا تڵیساوەتەوە..
ساڵی پار لەگەڵ چەند هاوڕێیەک، لەگەڵ (بەختیار عەلی)دا دەمان بەنێو دڕکوداڵی دەردێکی کۆمەڵایەتی کوشندەدا. دەرێک هەمووان نیشانەکانیمان ناسییەوە. ئەو دەیوت:”وەختی خۆی کەسەر و داخی زۆرم دەخوارد، لە بیستەکانی تەمەنماندا، تێر تەماشای دنیامان نەکرد بوو، پۆلێک پێشمەرگەی پەروەردە و زانست بووین، هەریەکەمان هێندەی کێوێک لەسەر دڵمان بوو، بەبێ هیچ هۆکارێک رکوکینە، رەخنەی رووخێنەر، مۆدێرنترین مۆڕەمان لەیەکتریی دەکرد، قەسدمان بوو قومبەلە لەبەرپێی یەکتریدا بنێینەوە، وەلێ کاتێ کوڕلەیەکی گوێسمراوی تاتۆڕەنگی تڕکەنی تورکمانستان و تەیمور و تامیلی رۆژهەڵاتی دوورمان دەدی یان کاتێ کچۆڵەیەکی رۆبۆتیی و بێڕۆحی چین و چیک و وڵاتانی دوور دەهاتە نێومانەوە، هەر کورد بوو وەکو پەشمەک پشتەملی شیدەبوویەوە، پان پانێ لە پێشیدا دەتوایەوە”.. ئەوەی سەرێ وتنی هەموومان بوو..
ئای چەندە چڕنوکی خەیاڵمان دەگیراندە تاڵعی کوردبوون، وەختێ کوڕە کوردێکی لوتبەرزی پێش کیژەبێگەرد و بەفراوییەکانی ئێرەمان دەدی، چلۆن لەپێش پیرەژنێکی کووڕ و کوڵکن و سەگڕەنگی سیبریادا بووەتە فڕوجێکی فەلەج و فێی لێهاتووە..
قەسدیەتی قاقای هەموو دنیا قەرزکات و لەپێشیدا لێیبدات، تا ئاوڕێکی لێبداتەوە.. وەلێ وێری وتنێکی جوانی لەمەڕ مرۆڤبوونی خاتونێکی ئێرەدا نەبوو.. هەروەکچۆن کیژەکانی ئێرەش بەهەمان شێوەی کوڕلەکانی ئێرە!
ئەوەتا ئێستاش، لە حەرەمی حزبەکانەوە بیگرە تا سادەترین فەرمانبەری ئەم هەرێمە، لەنێوخۆماندا لۆژیکی وەفا و ویژدان، پێزانین و پەسنی جوانی جێگەی نابێتەوە.
نەخێر. تەنها تەماشای رابردووی ئەوانە بکەن، کە ئێستاکە سەففی سێڵفیگران لەپێشیاندا راوەستاون، بزانن کێن؟
تەنها پڕۆفایل و پۆستی مرۆڤە مەزنەکانی ئەم وڵاتە بکەن، بزانن گەلەرییەکەیان گەواهی وێنە رەنگاوڕەنگەکانی کێ دەدەن؟
ئەوجا دەزانن مەزنایەتی و ماستاو چ قایەقێکی نێو دەریای دیاردە قێزەونەکەن، ئەوجا دەزانن چ کون و کەلەبەرێک کەوتووەتە نێو نەریتەکەوە.
تەنها تەماشای ریزی یەکەمی کۆڕ و کۆنفڕانسەکان بکەن؟
ئێمە نا، ئەسڵەن توێژەرانی بواری کۆمەڵ و کەلتوور و سایکۆلۆیای تاک و کۆمەڵ، ئێوە وەرن لەم چالێنجەدا چارەیەکی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییەکە بکەن.
بابەتەکە زۆر ئاسانە، دیراسە و داتای مەیدانی و فیدباکی فۆڕم و هونەری هێرمۆنۆتیکی ناوێ
ئاسانترین توێژینەوەی تەرقییە و نازناوی مەعریفە.. وەرن، نمونەی چەند پانێڵ و کۆنگرە و کۆنفڕانسێ کۆکەنەوە، ئەوانەی لەپێش کورسی دانیشتنەکانیان نوسراوە (تایبەت)، تۆسەیری ئەم ئەتەکێت و ئەسرارەی ئەکادیمیا! تاقیکردنەوەیەکی گەلێ ئاسانە، تەنها بزانن کێن؟
مەبەستم ریزی هەوەڵی نێو هۆڵەکانە.. لەمسەر بۆ ئەوسەر، تەنها سەیری سیڤی و بیبلۆگرافیایان بکەن، هەر هێندە و زیاتر نا….
یاردەیەک دەستی دەهێنێ بەسەر بیرکردنەوەی بەشێکی گرنگ لە لۆژیکی کۆمەڵگەی کوردیدا.
دیاردەیەکی قێزەون، قۆناغەکەی قاژ کردووە، قاژێکی سوور سوور بەشەرتی چەقۆیەکی تیژ تیژ.
ئەوەتا کۆی کلتوورەکە ئەڵێی لەپشتی دەبڵێکی دووتەنییەوەیە، ئەوەتا بەتاک شەرواڵێکەوە، شەرتێک بەنوکی کاردی کەلتورەوە، تک تک خوێنی لێدەتکێ..
ئەوەتا ئەوەی دەستی قەڵەم دەگرێ، ئەوەی زاتی زوان لەدەمیدایە، ئەوەی ئەتوانێ ئەشهەدو بکێشێ بەڕووی بەدفەڕترین مەجلیسی مێژوو و وتاری ڕۆژگاردا، خەریکە و هاواردەکات..
ئەمڕۆ، ئیتر کار لەکار ترازاوە، جاران بە جۆرێک لە وردەکاری و وانەی ئەزموونییەوە، ئنجا دەتوانرا، ئەوەی لەناخ و قوڵایی بیری نەریتەکەدایە، هەڵبگۆزرێتە سەرێ. وەلێ ئێستا، سایکۆلۆجیست و سڕڕی میهنەی میتۆدە کۆمەڵناسییەکە ئەرزشی نەماوە، چون چڕوچاوی دیاردەکە هێندە زەقە، زەلام خۆی پێناگیرێ..