زووم..
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند بڕیاریان داوە لە کاتی خۆی بۆ جاری سێیەم هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل.
قالیباف بە ئامادەبوونی 245 پەیامنێر لە 100 میدیای ناوخۆیی و بیانی، بەشداری کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی کرد بەبۆنەی رۆژی پەرلەمانەوە و باسی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد و گوتی: نیشانەی دەسەڵاتی جیهانی ئیسلامییە.
لەبارەی دووبارە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، “بڕیارمانداوە لەکاتی خۆیدا ئەو کارە بکەین و بەدڵنیاییەوە بۆ جاری سێیەم هێرشدەکەینە سەر ئیسرائیل.”
لەدوای دەستپێکی جەنگی غەزە ئێران دوو جار هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل. هێرشی یەکەم لە 14-04-2024 بوو کە تاران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بووە بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشقی سوریا لە سەرەتایی هەمان مانگ.
هێرشی دووەمی ئێران لە 01-10-2024 ئەنجامدرا کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: لە تۆڵەی کوشتنی حەسەن نەسروڵا و ئیسماعیل هەنیە بووە.
لەدوای ئەم دوو هێرشە ئیسرائیل لە 28-10-2024 هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر دامەزراوە وزەییەکانی ئێران و رایگەیاند، ئێران بیر لە هێرشی دیکە بکاتەوە بەتووندتر وەڵامی دەدەنەوە.