زووم..
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) و وزەی خۆر بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی بەغداد دادەنرێت و پرۆژەکە بۆ ژمارەیەک قوتابخانە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فەلاح قەیسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رەسافە بە رۆژنامەی سەباحی گوت، لە قۆناغی یەکەمدا سیستمی سۆلار بۆ 300 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی پەروەردە لە بەری رەسافەی بەغداد یەک دادەنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەم قۆناغە سەرکەوتوو بوو، لە قۆناغی دووەمدا سیستمەکە بۆ قوتابخانەکانی دیکەش دادەنرێت، ئەو کۆمپانیایەش کە کارەکان دەکات ماوەی 25 ساڵ درێژە بە کارەکانی دەدات و سەرجەم ئەرکەکانی پڕۆژەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.
گوتیشی، دانانی سیستمی سۆلار لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی بانکی ناوەندیدایە و تیمە تەکنیکییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، ئامانجیش لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و نەهێشتنی ژاوەژاوی مۆلیدەکان و دابینکردنی کارەبای بەردەوامە بۆ قوتابخانەکان.