ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2022، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئەنجامى لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەى “دزینى” پارەکانى دەستەى باجى ئاشکراکرد.
سودانى کە بەشێوازێکى جیاواز لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا دەرکەوت، چەندین فەردە پارەى لەملاولاى خۆى دانابوو، ئاماژەى بەوەکرد، لە قۆناغی یەکەمدا لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە زیاتر لە 182 ملیار دینار بگەڕێننەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە زیاتر لە 182 ملیار دینار بگەڕێننەوە
سودانی ئاشکرایکرد، کۆی پارە خەرجکراوەکان کە بە دزى براوە، 3 ترلیۆن و 754 ملیار و 642 ملیۆن و 664 هەزار دینار بووە.
گوتیشى لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی، 114 چەک بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێک دینار بۆ تۆمەتبار “نور زهێر” خەرخکراوە، هەروەها 37 چەک بە بری 624 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای “بادیەلمەسار” خەرجکراوە.
سودانی ئاشکراشیکرد کە بە 66 چەک، بڕی 982 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای “حوتلئەحدەب” خەرجکراوە بۆ بەرێوەبەری جێبەجێکارى کۆمپانیاکە کە تۆمەتبارێکی هەڵهاتووە بە ناوی “عەبدولمەهدی تۆفیق”، خاوەنى کۆمپانیاکە تۆمەتبار “قاسم محەمەد”ە.
وێنەی تۆمەتبار “نور زهێر” لەناو زیندان
راشیگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە 45 چەک بە بڕی 607 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای “ریاح بەغداد” خەرجکراوە، کە خاوەنەکەی “حسێن کاوە”یە و دەستگیرکراوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا سودانی باسى لەوەکرد کە رێککەوتنێک لە نێوان دادگای کەرخ و یەکێک لە تۆمەتبارانى دۆسییەکە بە ناوى”نور زهێر” کراوە بۆئەوەى کۆی پارە دزراوەکە لە ماوەیەکی کاتیدا بگەرێنێتەوە، گوتیشى دادگا بە کەفالەت تۆمەتبار ئازاد دەکات تا لە ماوەی دوو هەفتە تەواوی پارەکە بگەرێنێتەوە.
15ی تشرینی یەکەمی رابردوو، وەزارەتی دارایی بە نوسراوێک داوای لە دەستەی نەزاهەی عێراقی کرد، کە لیکۆڵینەوە بکەن لە دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دینار کە لە هەژماری دەستەی باج لە بانکی رافیدەین ڕاکێشراوە.
بە گوێرەى نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی راکێشانی پارەکە بە چەند مانگێک بووە، لە 9ی ئەیلولى 2021 تا 11ی ئابی 2022ى خایاندووە، نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی ئاماژەى بەوەشکردبوو، ئەم چەکانە دراون بە پێنج کۆمپانیا.
بانکی رافیدەین کە لەم دۆسییەدا زۆر ناوى دەهێنرا، رایگەیاند ئەوان هیچ پەیوەندیەکیان بە بابەتی دزین و یاریکردن بە پارەی دەوڵەت نییە.
هیچ پەیوەندیەکمان بە بابەتی دزین و یاریکردن بە پارەی دەوڵەت نییە
رافیدەین گوتیشی، ئەوان بەشێوەی یاسایی چەکەکانیان خەرجکردووە و بابەتەکە پەیوەستە بە دەستەی باجەوە.
هەر ئەو کات محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە تیوتێکدا لەبارەی ئەم بابەتە گوتی “ئەم دۆسیەیە دەکەین بە پێشینەی کارەکانمان، رێگە نادەین پارەی عێراقییەکان بەهەدەر بدرێت، وەکو ئەوەی لە بانکی رافیدەین روویدا”
لنْ نتوانى أبدًا في اتخاذ إجراءات حقيقية لكبح جماح الفساد الذي استشرى بكلِّ وقاحة في مفاصل الدولة ومؤسساتها.
وضعنا هذا الملفَّ في أول أولويات برنامجنا، ولنْ نسمحَ بأن تُستباحَ أموال العراقيين، كما حصل مع أموال أمانات الهيئة العامة للضرائب في مصرف الرافدين.— محمد شياع السوداني (@mohamedshia) October 16, 2022
لە 24ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکران، زانیاری تەواو لە سەر کۆی تۆمەتباران راگەیەندرا.
بەگوێرەى بەڵگەنامەکان تۆمەتبارەکان بریتین لە حسێن کاوە عەبدولقادر عەبدولعەزیز برێفکانی، لەدایکبووی ساڵی 2001 و دانیشتووی هەولێر کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاى “ریاح بەغداد” بۆ بازرگانی گشتی سنوردار.
محەمەد فەلاح عەبدوڵا جەنابی، لەدایکبووی ساڵی 1991 دانیشتووی بەسرە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “قانت” بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی سنوردار.
عەبدولمەهدی تۆفیق مەهدی، ناونیشان و ساڵی لەدایکبوونی دیار نییە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەردوو کۆمپانیای “حوت ادحب” و “بادیە المساء” بۆ بازرگانی گشتی سنوردار.
نور زوهێر جاسم موزەفەر، لەدایکبووی ساڵی 1980 و دانیشتووی عەباسیەى سەربە نەجەف بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “موبدیعون” بۆ خزمەتگوزاری نەوتی سنوردار.
لە 3ی تشرینی دووەم، دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ رایگەیاند، لە دۆسیەی دزینی پارەی بارمتەی دەستەی باج دەستمان بەسەر 55 موڵک لە بەغداد گرتووە، دەستیشمان گرتووە بەسەر پشکە داراییەکانی تۆمەتباران و خێزان و کەسە نزیکەکانیان بە بڕی 167 ملیار دینار، لەگەڵ 108 ملیار دینار پارەی نەختینە.
راشیگەیاند، دەستمان بەسەر پشکی تۆمەتباراندا گرتووە لە یەکێک لە مۆڵە بازرگانییەکانی بەغداد، بە بڕی 100 ملیار دینار.
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ:
لە دۆسیەی دزینی پارەی بارمتەی دەستەی باج دەستمان گرتووە بەسەر پشکە داراییەکانی تۆمەتباران و خێزان و کەسە نزیکەکانیان بە بڕی 167 ملیار دینار، لەگەڵ 108 ملیار دینار پارەی نەختینە