زووم
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
نرخی خۆراک لە مانگێکدا بە تێکڕا 11% بەرزبووەتەوە
ناوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتێکدا تێکڕای بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکانی لە مانگی رابردوودا راگەیاند.
بەرزبوونەوەی بەشێک لە خۆراکە گرنگەکان بەم شێوەیە:
برنج کە خۆراکی سەرەکییە 7% لەم مانگەدا گران بووە و هەروەها گۆشت و مریشک نزیکەی 5% ، بەڵام میوە و سەوزەوات زۆرتریین بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە و تەماتە لەم مانگەدا لانیکەم 80% گران بووە.
شەپۆلی نوێی گرانی ژیانی خەڵکی سەخت کردووە و سفرەی ماڵەکان بەردەوام بچووکتر دەبێت.
روزگار
قالیباف: بە دڵنیاییەوە ئێران بۆ جاری سێیەم هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە ئامادەبوونی 245 پەیامنێر لە 100 میدیای ناوخۆیی و بیانی، بەشداری کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی کرد بەبۆنەی رۆژی پەرلەمانەوە.
قالیباف پێشوازی لە ئاگربەست لە لوبنان کرد و بە نیشانەی دەسەڵاتی جیهانی ئیسلامی زانی.
ناوبراو ئاماژەی بە تواناکانی بەرەی مقاومەت کرد و جەختی لەوە کردەوە، بۆ جاری سێهەم هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و بڕیاریان داوە لە کاتی خۆیدا ئەو کارە جێبەجێ بکەن.
ئەبرار
ئێران پێویستی بە 100 هەزار دەروونناس و راوێژکار هەیە
سەرۆکی رێکخراوی دەروونناسی ئێران رایگەیاند: بەگوێرەی ئاماری ژمارەی دانیشتووان، ئێران پێویستی بە 100 هەزار دەروونناس و راوێژکار هەیە.
عەلی فەتحی دەڵێت کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بنەڕەتییەکان لە بواری تەندروستیی دەروونی، پێویستە توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی بکرێت.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە دەبێت گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونی و رۆحی هاوشێوەی تەندروستیی جەستەیی سەرنجی بخرێتەسەر.
گوتیشی ئەنجومەنی دەروونناسی پێشتر 57 هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لە ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو ئەندامانەی کە مۆڵەتی چالاکی و بڕوانامەی پیشەیییان هەیە گەیشتووەتە 65 هەزار.
نەقشی ئیقتساد
رێژەی 57%ـی ئاو بۆ چاندنی بەرهەمی ئاوکێشەکان دەچێت
موحسین موسەوی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی خاک و ئاو لە ئێران گوتی: سەرچاوەئاوییەکان بە هۆی کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادەڕۆیی لە راکێشانی ئاو لە بیرە بێ مۆڵەتەکان، تووشی ئاستەنگیی جیددی بوونەتەوە.
دەشڵێت لەم دۆخەدا 57٪ـی بەکارهێنانی ئاو تەنها بۆ چاندنی سێ بەرهەمی ئاوکێش تەرخان کراوە کە بریتین لە شووتی و وێنجە و چەوەندەر.
ئەم بەرهەمانە فشاری زیاتر دەخەنە سەر سەرچاوە ئاوییەکان و بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژینگە دادەنرێن.
هەروەها توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، پێویستە شێوازی چاندن لە ناوچە جۆراوجۆرەکان بگۆڕدرێت و ئەو بەرهەمانە بچێندرێت کەمتر ئاویان پێویستە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دواى بڕیارى دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ و گالانت فەرەنسا دەبێتە چەتری پاراستنیان
دواى هەفتەیەک لە بڕیارى دەستگیکردنى بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوزیران و یواف گالانت وەزیری بەرگریی لەسەرکار لادراوى ئیسرائیل لە لایەن دادگاى لاهاى، بەهۆی ئەو تاوانانەى لە فەڵەسیتن و لوبنان ئەنجامیان داوە، وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا جەخت لە پابەندیی وڵاتەکەى دەکاتەوە لە پاراستنى یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و تیایدا ئاماژە بە بڕیارەکانى دادگاى لاهاى دەکات، لە هەمانکاتدا لە بەیاننامەکەدا هاتووە پارێزبەندیی سەرۆک و بەرپرسەباڵاکانى جیهانیش یەکێکن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەو پارێزبەندییە نەتانیاهۆ و وەزیرەکانى ئیسرائیلیش دەگرێتەوە و پێویستە هەر وڵاتێک دەیەوێت بڕیارەکەى دادگاى لاهاى جێبەجێ بکات ئەو بڕیارەشى لەبەرچاودابێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەگوێرەى ئەوەى هەردوو وڵاتى فەرەنسا و ئیسرائیل دیموکراتین و پابەندن بە جێبەجێکردنى یاساکانەوە و رێز لە بڕیارە پیشەییەکانى دادگاکان دەگرن، فەرەنسا بڕیاریداوە بەردەوامی بدات بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەى و دامەزراوەکانى دیکەى ئیسرائیل.
سەباح
سیستمى سۆلار بۆ دابینکردنى کارەباى قوتابخانەکانى بەغداد چووە بوارى جێبەجێکرنەوە
فەلاح قەیسی بەڕێوەبەرى گشتیی پەرورەردەى رەسافە لە بەغداد رایگەیاند بۆ دابینکردنى کارەباى دۆستى ژینگە 300 قوتابخانە و خوێندنگەیان خستووەتە نێو بەرنامەى دابینکردنى کارەباى هەمیشەیی لەڕێگەى وزەى خۆرەوە، ئەوەش لەمیانەى ئەو قەرزەدا کە چینیەکان دەیدەن بەعێراق بۆ بەرەوپێشەوەبردنى پرۆسەى پەرورەردە، راشیگەیاندووە ئەو 300 قوتابخانەیە قۆناغى یەکەمەو و قۆناغەکانى دیکەش دواتر دەستپێدەکرێت و شوێن و سەربانى قوتابخانەکان بۆ ئەو مەبەستە دیاریدەکەن.
ئامانج لەم پرۆژەیە کەمکردنەوەى پیسکردنى ژینگە و نەهێشتنى ژاوەژاوى مۆلیدە و دابینکردنى کارەباى بەردەوامە بۆ قوتابخانەکان، گوتیشى ئەو کۆمپانیایانەى ئەم کارە ئەنجامدەدەن بۆ ماوەى 25 ساڵ درێژە بەکارەکانیان دەدەن و سەرجەم پێدوایستییەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ.
دەستوور
هێڵی شەمەندەفەر لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی درا
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیاى بی تی پی ئیتاڵی واژۆکردووە بە مەبەستى رێنمایی و کارکردن لە بەشى یەکەمی پرۆژەى هێڵی شەمەندەفەرى رێگەى گەشەپێدان.
بەگوێرەى بەیاننامەکەى وەزارەتى گواستنەوە ئەو کۆمپانیایە کارى لایەنەکانى هونەریی، ئابوریی، دیزاین و ئامادەکاریی دەکات لەگەڵ ئەوەشدا پەرە بەو رێگە ئاسنیانەى تریش دەدات کە لە عێراقدا لەکاردان، بەگوێرەى بەیاننامەکەى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بەشى یەکەمى پرۆژەى هێڵی شەمەندەفەر کە لە بەندەرى فاوەوە دەستپێدەکات لە ساڵى داهاتوودا تەواودەبێت.
مەدا
بۆیەکەمجار فەرەنسا داعشەکان دادگایی دەکات
نووسینگەى داواکاری گشتیی فەرەنسا بۆ لەناوبردنى تیرۆر – PNAT- بڵاویکردوەوە دادبینییان لە سکاڵایەکدا کردووە، لە دژى سێ هاووڵاتیی فەرەنسی تۆمارکراوە کە لەریزەکانى داعشدا بوون و تاوانى جەنگیان دژى ئێزدییەکان ئەنجامداوە، لە بڵاوکراوەکەى داواکاری گشتىی پاریسدا هاتووە ئەو کارانەى ئەو سێ کەسە ئەنجامیانداوە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتین، دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژن و منداڵان، بەشێک لە ژنەکانیان وەک کۆیلە مامەڵە سێکسی و کڕین و فرۆشیان پێوەکردوون.
پارێزەری تۆمەتبارەکان بەشێک لە تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە راستە بەشێک بوون لەو تاوانانە، بەڵام سکاڵاکاران لەنێو 12 بۆ 13 کەسی فەرەنسیدا بوون و تەنها یەکێکیان دەستگیرکراوە و ناکرێت هەموو تاوانەکە لەسەر ئەودا ساغبکرێتەوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتى فەرەنسا و سوید و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و هۆڵەندا لەو وڵاتانەن کە دۆسیەی لەمجۆرەیان کردووەتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
گەنجانی تەمەن 18 بۆ24 ساڵ رۆژانە شەش کاتژمێر لەسەر ئینتەرنێتن
بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەردوو ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک و سناپچاتەوە لەناو خەڵکدا، گەنجانی ناسراو بە نەوەی زی رۆژانە شەش کاتژمێر لەسەر ئینتەرنێتن و ئۆنلاینن.
مەبەست لە نەوەی زی ئەو چینەی گەنجانە کە تەمەنیان لە نێوانی ١٨ بۆ ٢٤ ساڵدایە.
بەگوێرەی ئەو روپێویەی کە لە لایەن ئاژانسی ئۆفکۆمەوە ئەنجامدراوە و ماوەی یەک ساڵ چاودێریی ژمارەیەکی دیاریکراو گەنجی کردووە، دەرکەوتووە، ئەو توێژە بە تێکڕا لە رۆژێکدا ماوەی شەش کاتژمێر و یەک خولەک بە ئۆنلاین لەسەر یەکێک لەو بەرنامانەن.
گەڵف نیوز
لە پاش لوبنان بایدن کار لەسەر ئاگربەستی غەزە دەکات
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کەوتووەتە ئامادەکاری بۆ خستنەگەڕی هەوڵێکی نوێ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە .
ئەم هەوڵەی بایدن لەپاش ئەوە دێت، توانیی ئاگربەستێکی شەست رۆژە لە نێوان حزبوڵا و سوپای ئیسرائیلدا بچەسپێنێت و بە کاریگەریی ئەو ئاگربەستەش دەیان هەزار خەڵکی ئاوارەبوونی زاحیەی باشوری بەیرووت توانییان بگەڕێنەوە ناو ماڵ و شوێنی نیستەجێبوونی خۆیان.
عەرەب نیوز
سەرکردەیەکی میانمار بە کۆمەڵکوژیی خەڵکی رۆهینگا تاوانبارکرا
ئەو سەرکردەیەی میانمار ناوی جونتایە، سەرکردەی سەربازیی ئەو سوپایەی میانمارە، کە تاوانبارن بەوەی کۆمەڵکوژیی کەمینەی موسڵمانەکانی رۆهینگایان ئەنجامداوە. دوێنێ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە فەرمانی تاوانبارکردنی بۆ دەرچوو، وەک تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەری کۆکوژی ناوی هێنرا.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێت جونتا سەرکردەی دەستەیەکی سەربازی بووە بە ناوی (مین ئونگ هلاین) لە مانگی ئابی ساڵی 2017 چەندین تاوانی جەنگی لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە. لە سەدان گوندی ناوچەی راخینا لەرێگەی بەکارهێنانی سەرباز و پۆلیس و سەدان کەسی بڕواداری ئاینی بووداییەوە، کەوتووەتە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکێکی بڕواداری موسوڵمان و لەسەر جیاوازیی ئاینی کوشتوونی.
ئۆرشەلیم پۆست
حەماس ئامادەی ئاگربەستە بەڵام مەرجی کشانەوەی سوپای هەیە
تورکیاش ئامادەیی خۆیی دەربڕیوە نێوەندگیری بکات و هەوڵ بدات پارێزگاری لە ئاگربەستی نێوان ئەو دوولایەنە بکات، ئەگەر هاتەئاراوە.
لەپاش کۆتایهێنان بە شەڕێکی یەک ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، ئێستا سەرنجەکان گەڕاونەتەوە سەر کەرتی غەزە، بەڵام هیچ ئومێدێک نییە بەزوویی دەنگی تەقە بوەستێت.
پاش راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان، ئێستا دەگوترێت چاوی لەسەر ئەوەیە، کار بۆ ئارامکردنەوەی شەڕەکەی کەرتی غەزەش بکات، بۆیە داوا لە هەردوولا کراوە رەوشەکە لەپێشچاو بگرن. بەڵام هیچ نیازێک لەلای ئیسرائیلەوە بەدیناکرێت، کە ئومێدی نەرمی نواندنی تێدابێت، حەماسیش مەرجی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلی هەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
نهێنییەکانی پرۆسەی چارەسەری ئاشکرا دەبن
ئەوەی چەند رۆژێکە لە نێو رۆژنامەنووساندا مقۆمقۆی لەسەرە پرسی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەرییە، لەئێستادا ئەوەی بەرگوێی رۆژنامەنوسان دەکەوێت و بریتییە لە خواستی هەموو لایەنەکانە.
دەبێت هەموو شتێک بە نووسراو بێت، پێکهاتەیەکەی فیدڕاڵی دروست بێت، پەرلەمانی ناوخۆیی هەبێت، لەسەدا 30ـی بودجەیان پێبدرێت، دەبێت زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمی بێت، ئەمە تەنیا لە نێوخۆدا نا، بەڵکو لە تورکیاش بەهەمان شێوەبێت، سەربازیی ئارەزوومەندانە بێت، پەکەکە بە تەواوی چەک فڕێبدات، هیچ کێشەیەکی یاساییان بۆ دروست نەکرێت، بڕیارەکان بە هاوبەشی رابگەیەندرێن، موخاتیبی گشتیش راستەوخۆ ئۆجەلان بێت.
تورکیا
شارەوانییەکی جەهەپە داوای گۆڕستانێک دەکات لە یەکێک لە قەرزارەکانی
دەزانین جەهەپە لە رابردوودا مزگەوتی دەفرۆشت و بەو شێوەیە چووە نێو مێژوەوە، بەڵام ئێستا لە شارەوانی ئەیوب سوڵتان سەر بە جەهەپە، لەبەرامبەر چوار ملیۆن لیرە کە خاوەنکارێک بەناوی یڵماز کورت قەرزارە، داوای لێکراوە گۆڕستانێکی مێژووی بداتە شارەوانی.
یەنیشەفەق
ئەگەر هەیە ئیسرائیل لە کاتی ئاگربەستیشدا لە هێرش بەردەوام بێت
ئاگربەستی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە لوبنان واژۆ کرا، 60 رۆژ دەخایەنێت، ئیسرائیل بەشێوەیەکی پلەبەندی لوبنان چۆڵ دەکات، بەڵام ئەگەر هەیە سەرەڕای رێککەوتنەکە، لەو ماوەی دوو مانگەدا ئیسرائیل لەرێگەی بۆردومانی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە ناوبەناو لوبنان بکاتە ئامانج.